پەرەگراف- سوركێو محەمەد
سەرۆكی پێشووی لیستی خزمەت لە پشكی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە نامەیەكدا كە بۆ بەرپرسانی كۆمەڵی ناردووە وردەكاریی چۆنیەتی لەكارلادانی بەپاساوی دەوامنەكردن ڕووندەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەكات دەستی بەرپرسانی ئەو حزبەی لە پشت بووەو دەڵێت، لەسەر پێشنیاری كۆمەڵ ڕازیبووە لە دوو مانگدا دوو هەفتە دەوام بكات.
فەیسەڵ ئیبراهیم ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشكی كۆمەڵ كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی خزمەت(كۆمەڵو یەكگرتوو) بوو، 7-11-2017 بەهۆی (دەوامنەكردن بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت) لە كارەكەی لادرا، بەرلە دوورخستنەوەشی وازهێنانی لە كۆمەڵ ڕاگەیاندو وەك سەربەخۆ خۆی ناساند.
لە نامەكەیدا بۆ بەرپرسانی كۆمەڵ كە دەقەكەی دەست پەرەگراف كەوتووەو ڕێكەوتی 4-12-2017ی لەسەرە، فەیسەڵ ئیبراهیم باسلەوەدەكات لەماوەی یەك ساڵدا تەنها لە دوو كۆبوونەوەدا بەشداریی نەكردووە لەكاتێكدا ئەندام هەبووە لەو ساڵەدا لەهیچ كۆبوونەوەیەكدا بەشدار نەبووە، دەشڵێت، بەرپرسانی كۆمەڵ داوایان لە گۆڕانو یەكێتی كردووە دەنگ بە دورخستنەوەی بدەن لە ئەنجومەن، دەپرسێت"باشە لەكوێی شەرع جێی دەبێتەوە تەكلیف لە یەكێتیو گۆڕان بكەیت دژی ئەندامێكی خۆت."
فەیسەڵ ئیبراهیم سەرباری باسكردن لە مێژووی كاركردنی لە ناو حزبە ئیسلامییەكانو بەرپرسیارێتییەكانی لەناو كۆمەڵ، ئەوەشدەخاتەڕوو، لەناو كۆمەڵدا نهێنیی نەپارێزراوەو ڕاوبۆچوونێكی ئەو دەربارەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەكرەوە كە بەنهێنی بە بەرپرسانی كۆمەڵی وتووە، گەیەندراوەتەوە بەرپرسانی گۆڕان.
بۆ وەرگرتنی ڕای كۆمەڵ دەربارەی نامەكەی فەیسەڵ ئیبراهیم، پەرەگراف دوێنێ پەیوەندیكرد بە ڕێبوار حەمەد وتەبێژی فەرمی ئەو حزبە هەرچەندە وتی سبەینێ پەیوەندیم پێوەبكەنەوە، بەڵام ئەمڕۆ وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە، هەروەها محەمەد حەكیم كارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ، وەڵامی پەیوەندیی پەرەگرافی نەدایەوە، هاوكات فەیسەڵ ئیبراهیم ئامادەنەبوو لێدوان دەربارەی نامەكەی بدات.
دەقی نامەكەی فەیسەڵ ئیبراهیم
بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربارەی لەكارلادانی فەیسەڵ ئیبراهیم