پەرەگراف
پەرلەمانی كوردستان چەند ڕاسپاردەیەك لەسەر دۆخی عەفرین دەردەكاتو بەهۆی ئەوەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەت نەبوو لەسەر دۆخی عەفرینو تەنها بڕگەیەكی دانیشتنەكەی بۆتەرخانكرا، فراكسیۆنی گۆڕان بایكۆتیان كرد.
دانیشتنەكە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی خەڵكی عەفرینو دەقیقەیەك وەستان بە بێدەنگی بۆ قوربانیانی عەفرین دەستیپێكرد، لە كاتی خستنەڕووی بەرنامەی كاردا، پێشنیاز كرا خاڵی پێنجەم كە تایبەتبوو بەخوێندنەوەی پەیامی فراكسیۆنەكان سەبارەت بە بارودۆخی عەفرین، بكرێتە خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار، پێشنیازەكەش بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا.
هەر لە دانیشتنەكەدا سەرۆكایەتی پەرلەمان داواكاریی چەند پەرلەمانتارێكی ڕەتكردەوە كە دانیشتنێكی تایبەتو نائاسایی لەسەر دۆخی عەفرین ئەنجامبدرێت، بەوهۆیەشەوە فراكسیۆنی گۆڕان كۆبوونەوەكەیان بەجێهێشتو بایكۆتیان كرد.
جەعفەر ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی دۆخی عەفرینەوە ڕایگەیاند"پەیامی گەلی كوردستانو پەرلەمانی كوردستان، پەیامی ئاشتیخوازانەیە، سەرباری زوڵم و زۆردارییەكان، هەمیشە گەلی كورد دەسپێشخەربووە بۆ ئاشتەوایی" ئێمینكی وتیشی"عەفرین پەناگەی لێقەوماوانو ئاوارە غەیرە كوردەكان بووەو سیمبولی خۆڕاگری و ئاشتەواییەو لانكەی پێكەوە ژیانە."
جێگری سەرۆكی پەرلەمان باسیلەوەشكرد هەرێمی كوردستان بەردەوام پەیوەندیی باشی هەبووە لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان، هەرلە چوارچێوەی گفتوگۆكردنی دۆخی عەفرین، بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان ئەوەی خستەڕوو، سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەبێ جیاوازی یاداشتیان لەبارەی دۆخی عەفرین ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە.
"پێویستە سەرجەم لایەنە كوردییەكان بەیەك دەنگی و یەكهەڵوێستییەوە رووبەڕووی تەحدییەكان ببینەوەو رەچاوی بارودۆخی هەنووكەی هەرێمیش بكەینو هەر شتێكیش بووبێت لەسۆنگەی پەرۆشییەوەیە نەك پەراوێزخستن، بۆیە دەبێت دۆخی عەفرین زیاتر یەكمان بخات و دوورمان بخاتەوە لەهەر پەرچە كردارێكی نێگەتیڤییانەو هەرێمو پەرلەمانی كوردستانیش سەرجەم پەیوەندی و كەناڵەكانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ پشتیوانیكردنی عەفرینو ڕێگەگرتن لەو زوڵمەی كە لە گەلەكەی دەكرێت" بێگەرد تاڵەبانی وای وت.
دواتر سەرۆكی سەرجەم فراكسیۆنو كوتلەكانی ناو پەرلەمان، پەیامی خۆیان لەسەر دۆخی عەفرین خستەڕوو، كە سەرجەمیان ئیدانەی لەشكركێشیو هێرشەكانیان بۆ سەر خەڵكی عەفرین كرد و داوای ڕێگەچارەی ئاشتییانەو بەهاناوەچوونی لێقەوماوانو پاراستنی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردییان كرد.
دوای تەواوبوونی پەیامی سەرجەم فراكسیۆنو كوتلەكان، سەرۆكایەتیی پەرلەمان لیژنەیەكی لە نوێنەرایەتیی فراكسیۆنەكان ڕاسپارد بۆ جێكردنەوەو پوختكردنەوەی پێشنیازو هەڵوێستەكان لەچوارچێوەی ڕاسپاردەیەكدا.
دواتر ڕەشنووسی ڕاسپاردەكان خوێندرایەوە كە چەند خاڵێك لەخۆ دەگرێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند"دوای ئەوەی ڕاسپاردەكان ڕێكارە پێویستییەكانی تەواو دەكرێن بەفەڕمی بڵاودەكرێنەوە."
هەرلەو چوارچێوەیەدا پێشنیازی ئەوەكرا كە 111 نەمامی زەیتون وەك پشتگیرییەك لە خەڵكی عەفرینو ڕێزگرتن لە قوربانیانیو نیشاندانی ڕۆحی ئاشتییانەی كورد، لەباخچەی پەرلەمان بچێندرێن.
كۆبوونەوەكەی پەرلەمان لەسەر دۆخی عەفرین دوای ئەوەدێت هێرشی سەرئەو ناوچەیە 10 ڕۆژی تێپەڕاند، هەرچەندە سوپای توركیاو هێزە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە لە ئاسمانو زەوییەوە بە چەكی پێشكەوتوو بەردەوامن لە بۆردومانو هێرشكردنو ژمارەیەكی زۆر خەڵكی مەدەنی كوژراونو برینداربوونو زیانی مادییان پێگەیشتووە، بەڵام شەڕڤانان تەئكید دەكەنەوە كە ڕێگەیان نەداوە توركیا پێشڕەویی بكات.
د.عەبدولكەریم عومەر، وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف شەڕی عەفرینی بە شەڕی بەهاو بوونی كورد لە چوارپارچەی كوردستان لە قەڵەمداو ڕەخنەی لە حكومەتو پەرلەمانو هێزە كوردستانییەكان گرت كە هەڵوێستی جدییان نییە دژی توركیا.
گرنگییو پێگەی عەفرین
عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.
عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەكییان لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.
بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومسو حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێن بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.
بەگوێرەی یاساكانی پاراستنو ڕێككەوتنەكان دەربارەی دۆخی سوریا، ڕۆژهەڵاتی ئاوی فورات ناوچەی ئەمەریكایەو ڕۆژئاواش هی ڕوسیایەو كانتۆنی عەفرین دەكەوێتە ڕۆژئاواو دەبوو ڕوسیا بیپارێزێت لە هەر هێرشێكی ئاسمانیی، بەڵام ئەوەی نەكردو ڕێگەیدا توركیا بۆردومانی چڕی بكات.
عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاوییو گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتونو میوەو سەوزەو گەنمە، لە 360 گوند پێكدێتو لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێتو پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.
باكوری عەفرین توركیایە، شاری حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.
ئێستا تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردنو ئاستەنگی دروست نەكردن، ڕێگای مەنبەج-حەلەبو حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.
هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی ئەردۆغان نایەتەدی بۆ یەكخستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیادانو ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.