یەكێتی ڕۆژی كۆنگرەی بۆ دیاریی دەكرێت؟

14-02-2018 08:19
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ كەسانی یەكەمی دوو باڵە سەرەكییەكەی یەكێتی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرپرسانی یەكێتی تائێستا سەركەوتوو نەبوون لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، بەڵام هەوڵی چڕیان خستووەتەگەڕ بۆ دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگرەی حزبەكەیان كە بە ڕۆژی گۆڕانكاریی‌و نوێ بوونەوەی دادەنێن، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجامبدەن.

 

گرژیی‌و ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێك تووند بوونەتەوە مانەوەی ئەو حزبەی بە یەكپارچەیی خستوەتەبەردەم هەڕەشە، بەرپرسانی یەكێتی بە هەستیارییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ كۆبوونەوەكانی حزبەكەیان دەكەن، بەپێی میدیای فەرمی یەكێتی سبەینێ كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەندی ئەو حزبە بەڕێوەدەچێت.

 

كۆبوونەوەكە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی ناوەندی حزبەكەیە‌و بۆ ئەو مەبەستە نوسراوی ڕەسمیی ئاڕاستەی سەرجەم ئەندامانی سەركردایەتی كردووە بۆ ئامادەبوونیان، "بڕیاریشە لەكۆبوونەوەكەدا پرسی كۆنگرەو دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگرە یەكلایی بكرێتەوە" ئەوەش دوای ئەوەی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانی خۆیدا نەیتوانی ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە.

 

كۆبوونەوە فراوانەكەی سبەینێی یەكێتی لەكاتێكدایە بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف، هێشتا كێشەی نێوان باڵەكانی ئەو حزبە چارەسەر نەبوون‌و یەك دەنگیی دروست نەبووە لەسەر كۆنگرەو دەسەڵاتە باڵاكانی حزبەكە.

 

سەرچاوەكە كە ئاگاداری وردەكاریی كێشەكانی یەكێتییە، دەڵێت"كێشەكانیان نەك چارەسەر نەبوون بگرە قووڵتریش بوونەتەوەو ئاڕاستەی نوێ دروست بوون، بەڵام هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەردەمیاندایەو ئەوە فشاری لەسەر دروست كردوون."

 

وەك سەرچاوەكەی پەرەگراف باسیدەكات، هەڵبژاردنی عێراق كە 12-5 ئەنجامدەدرێت بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ "گرنگییەكی ئەوتۆی نییە" كە سەرۆكایەتی باڵێكی كاریگەری حزبەكەی دەكات لە بەرامبەر باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد.

 

بەدەر لەو دوو باڵەی یەكێتی، دوو ئاڕاستەی دیكەش لەناو ئەو حزبەدا دروست بوون، ئەوانیش ئەو بەرپرسانەن كە ناڕازین لە هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان‌و دیارترینیان مەلا بەختیارو عومەر فەتاح-ن لە دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، هەروەها ئەو بەرپرسانەی دیكەش كە هاوسۆزییان بۆ بەرهەم ساڵح هەیە بوونەتە ئاڕاستەیەكی دیكە كە دیارترینیان مەحمود سەنگاوی‌و چەند ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتین.

 

ناكۆكییەكان بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێت‌و جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی حزبیی لای خۆی بێت وەك؛ پۆستی یەكەمی حزب، پارەو دەسەڵاتی میدیا.

 

هەرچەندە لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال(كۆتایی 2012) ناكۆكییەكانی ناو حزبەكەی تەشەنەیان سەند‌و ئەو حزبە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوویدا بە زەحمەت بڕیارێكی داوە كە كۆدەنگیی لەسەر بووبێت‌و وەكخۆی جێبەجێ كرابێت، هاوكات ئەو كۆبوونەوەیەی سەركردایەتی كە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی هەڵوەشاندەوە ناكۆكی نوێی دروست كرد.

 

سەركردایەتی یەكێتی(4-11-2017) لە دۆخێكی پڕ لە ئاڵۆزییدا مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لە بەرپرسانی باڵای لێكەوتەوە، بەهۆی ناكۆكییەكانەوە هێشتا جێگرەوەی مەكتەبی سیاسی دیاری نەكراوەو ناڕازییەكانی ناو مەكتەبی سیاسیش دان بەو هەڵوەشاندنەوەیەدا نانێن.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف دەڵێت"بەهۆی بەردەوامیی كێشەو نیگەرانییەكان، هێشتا دیارنییە كە لە كۆبوونەوەی فراوانی سبەینێدا، تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەشداریی دەكەن یاخود نا؟ هیچ گرەنتییەكیش بۆ سەركەوتنی كۆبوونەوەكە دەستەبەر نەكراوە."

 

بۆشایی مام جەلال‌و پڕكردنەوەی شوێنەكەی

 

بۆ یەكێتییەكان مام جەلال ڕەمزی یەكگرتوویی ناوخۆیی بوو، كە بە سیاسەتی "چەپكە گوڵەكە" ناویان دەبرد، بەواتای توانای كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان‌و یەكخستنیان، زۆری نەبرد لە دوای دوركەوتنەوەی تاڵەبانی كە بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی لە حزبەكەی دابڕاو دواتر حزبێكی نوێی ڕاگەیاند‌و بڕیارە لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بكات.

 

یەكێتی بەدرێژایی تەمەنی چەندین سەركردەی لێجیابووتەوە كە حزب‌و گروپی دیكەی سیاسییان پێكهێناوە، دیارترینیان نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی بوون كە ساڵی 2006 جیابوونەوەو لە 2009دا گۆڕانیان دروستكردو بەشدارییان لە هەڵبژاردن كرد، بەڵام ئەوە كاتێك ڕوویدا تاڵەبانی خۆی لە گۆڕەپانەكەدا بوو.

 

ئێستا كە چەند مانگێك بەسەر مەرگی تاڵەبانیدا تێپەڕیوە، پڕكردنەوەی شوێنەكەی‌و دانیشتنی كەسێكی دیكە لەسەر كورسییەكەی‌و وەرگرتنی دەسەڵاتەكانی، بووەتە خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانی نێوان باڵە جیاوازەكان.

 

تاڵەبانی كە لە كۆتایی 2012 بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دابڕا، لە مانگی 3ی ئەو ساڵەدا لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی(ژمارە 814‌و 815 ڕێكەوتی 4-7/3/2012) باسلە دۆخی ناخۆیی‌و گۆڕانكاریی لە حزبەكەیدا دەكات‌و پێشبینی دەكات یەكێتی لە نەبوونی ئەویشدا ئایندەیەكی باشی هەبێت.

 

مام جەلال كە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرو كەسی یەكەمی یەكێتی بووە لە دامەزراندنیەوە تا دووركەوتنەوەی لە سیاسەت، لە چاوپێكەوتنەكەیدا پێیوایە، كاتی ئەوەهاتووە یەكێتی گۆڕانكاریی لەكاری خۆی‌و ڕەفتارو پەیوەندییەكانی خۆی، هەروەها سەركردایەتی‌و دروشمەكانی خۆیدا بكات.

 

لەبارەی ڕێگریی لە گۆڕانكاریی لەلایەن ئەو بەرپرسانەی حزبەكەی كە لە بەرژەوەندییان نییە، تاڵەبانی پێیوانییە بتوانن ڕێگریی بكەن ئەگەر گۆڕانكارییەكە ببێت بە بڕیاری حزب، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانكارییدایەو لایەنگری ئەوەیە كەسی یەكەمی حزب بۆ دووخول زیاتر دەسەڵاتی نەبێت.

 

تاڵەبانی بەو پێیەی چەندین خول كەسی یەكەم بووە، لە چاوپێكەوتنەكەیدا پێیباش بووە تەنها یەك خولی دیكە بمێنێتەوە، مام جەلال دەڵێت"ئەگەر ترس لەوە هەیە یەكێتی كارەكانی خۆی پێڕانەپەڕێت بەبێ من، ئەوا دەڵێم ئەگەر ڕێكخستنێك، حزبێك بەبێ مام جەلال نەتوانێ بەڕێوەبچێت، وەڵڵا حەقی مانەوەی نییەو با زووتر بڵاوەی لێبكات."

 

هەروەها مام جەلال دەرباری جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا، دەڵێت"بۆ یەكەمجاربوو ئێمە ڕوبەڕوی ئینشقاقێكی گەورەی وا ببینەوە، ئەو ئینشقاقە كاریگەری زۆری هەبوو بۆسەر وەزعی ئێمە."

 

تاڵەبانی دەشڵێت"دڵنیام كۆنگرەی داهاتوو كۆنگرەی گۆڕانكاریی بنەڕەتی دەبێت لەڕووی كۆمەڵایەتی‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە، چونكە یەكێتی بەتەمایە ئەمجارە بەرەو پێشەوە بچێت، چونكە ئەو برینانەی لەشی ساڕێژ بووەو چاك بووەتەوە، ماوەتەوە ئەوەی پەیڕەوێكی پێشكەوتووی ئەوتۆ نیشان بدات كە سۆسیال دیموكراتییانە بێت."

 

پێشبینییەكانی مام جەلال بۆ ئایندەی یەكێتی

 

حزبە كوردییەكان بەدەگمەن لە پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا كەسی یەكەمیان دەگۆڕن، مەگەر نەخۆشیی یاخود مردن ببێتەهۆی گۆڕانكاریی لە لوتكەی دەسەڵاتی حزبدا، هەربۆیە نەمانی كەسی یەكەم كاریگەریی زۆری دەبێت، بەڕادەیەك زۆرێك مانەوەی حزب‌و بەهێزییەكەی بە كەسی یەكەمەوە گرێ دەدەن.

 

مام جەلال لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ هاوڵاتی، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە كە پێیوایە یەكێتی واتە مام جەلال‌و مام جەلال واتە یەكێتی، لەبارەی ئەوەی دوای مام جەلال یەكێتی چی لێدێت؟ تاڵەبانی دەڵێت"هیوادارم یەكێتی دوای مام جەلال باشتر بێت‌و زیاتر دیموكراسی تێبكەوێت‌و زیاتر ئاڵوگۆڕی بەرەو پێشكەوتن تێبكەوێت، ئومێدیش دەكەم ئەو كەموكوڕییانەی لەسەردەمی سەركردایەتی مام جەلال هەبووە ئەو كات نەمێنێت."

 

تاڵەبانی لەوبڕوایەدایە یەكێتی دەتوانێت بەردەوام بێت‌و بەرەوپێشەوەبچێت، دەڵێت"یەكێتی دەمێنێتەوە وەك هێزێكی گەورە، مومكینە خەڵكی لی َجیاببێتەوە، خۆ نزیكترین كەس لە مام جەلال كاك نەوشیروان مستەفا بووە ئەوە جیابووەوەو گۆڕانی دروستكرد، وابزانم هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت ئەو كەسانەی لەناو یەكێتی ماونەتەوە نزیكترین كەس نەبوون لە مام جەلال لەناو یەكێتیدا لەچاو كاك نەوشیروان ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە یەكێتی مایەوەو نەشفەوتا."

 

دەربارەی ئەوەی ئەودۆخە بە ودجودی خودی مام جەلال بووە، تاڵەبانی دەڵێت"ڕاستە ئەوەی ئێستا هەمووی بەوجودی مام جەلال، جا دوای مام جەلال خۆیان بیربكەنەوە ئەگەر توانییان یەكێتییەكەیان بەڕێوەبەرن زۆرباشە، ئەگەر نەیانتوانی خۆ كاركردن بەزۆر بەڕێوەناچێت."

 

مام جەلال بەمجۆرە پێشبینی ئایندەی حزبەكەی دەكات"پێشبینییەكەم ئەوەیە كە یەكێتی دەبێت خۆی بكاتە پارتێكی سۆسیال دیموكراتی ڕاستەقینە، هەندێك كەموكورتی هەیە موجامەلات دەكرێت، خاتری فڵان‌و فڵان دەگرن، ئەوە نەهێڵن.. هەروەها ئەو گۆڕانكارییانەی كە پێویستە بەپێی هەلومەرجی تایبەتی‌و بابەتی هەم لە پڕۆگرام‌و پەیڕەودا هەم لە ڕەفتارەكانیدا، كە بەلای منەوە ڕەفتارەكانی زۆر گرنگە ئەنجامبدرێن."

 

زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی هاوڕای مام جەلالن بۆ پێویستی گۆڕانكاریی لەناو حزبەكەیان، بەڵام بۆئەوكارە پێویستیان بە بەستنی كۆنگرەیە‌و ئەوەش یەكێكە لە بڕیارە قوسەكان‌و ڕەنگە ببێتە ساتی كۆتایی هاتنی ژیانی سیاسیی هەندێكیان، هەربۆیە چەند ساڵێكە لەسەر ئەوپرسە ڕێكناكەون.

 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتی ئەو حزبەیە‌و هەر 3 ساڵ جارێك دەبەسترێت‌و پێویستبوو كۆنگرەی چوارەم لە مانگی 10ی 2013دا ببەسترایە، بەڵام تائێستا ئەو كۆنگرەیە نەك نەبەستراوە، بەڵكو وادەی بەستنیشی دیاریی نەكراوە.

 

هەر بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی "لەكاتی لە كار نەمانی سكرتێری گشتی بە هەر هۆیەك بێت، لە ماوەی (2) مانگدا دەبێت كۆنگرەی نا ئاسایی ببەسترێت" جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی 3-10-2017 كۆچی دوایی كرد، واتە بەپێی پەیڕەو دەبوو یەكێتی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو كۆنگرەی ببەستایە.

 

هەرچەندە مام جەلال ماوەی 5 ساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی كارەكانی ڕابپەڕێنێت، یەكێتی لەو ماوەیەدا كۆنگرەی نەبەست‌و بەرپرسانی یەكێتی ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان وا لێكدەدایەوە كە "لە كار نەمان" مەبەستی مردنەو نەخۆشیی ناگرێتەوە.

 

ڕۆژانی داهاتوو وەڵامدەرەوەی یەكێتییەكان دەبێت كە ئاخۆ پێشبینی‌و بۆچوونەكانی مام جەلال لەبارەی ئایندەی حزبەكەیان دێتەدی‌و یەكێتی بە بەهێزیی‌و گەورەیی دەمێنێتەوە؟ یاخود بەرپرسان، ئەو حزبە بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا دەبەن‌و لەتبوونێكی دیكە ڕووی تێدەكات، هەروەك تاڵەبانی دەڵێت"ئەگەر توانییان یەكێتییەكەیان بەڕێوەبەرن زۆرباشە، ئەگەر نەیانتوانی خۆ كاركردن بەزۆر بەڕێوەناچێت."