پەرەگراف- سوركێو محەمەد
كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەردەوامنو كۆنگرە ناتوانێت سەرجەمیان چارەسەر بكات، بەڵام "تاكە ڕێگایە"و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ دوو بۆچوونی جیاوازو پێچەوانەیان هەیە بۆ شێوازی بەستنی كۆنگرە، ئەمە بەوتەی د.محەمەد سابیر ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیو كەسی نزیكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد.
محەمەد سابیر لەم چاوپێكەوتنەدا وەڵامی پرسیارەكانی پەرەگراف دەداتەوە، دەربارەی؛ خاڵی جیاوازو ناكۆكیی نێوان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ كە سەرۆكایەتی دوو باڵی دیاری ناو یەكێتی دەكەن، لەگەڵ پرسی بەستنی كۆنگرەو چارەنووسی دەنگە ناڕازییەكانی ناو حزبەكەیو ڕاجیایی لەناو ماڵی مام جەلال، بۆچوونی خۆیشی لەسەر كاریگەریی جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح لەسەر یەكێتیو ڕای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر حزبەكەی د.بەرهەم ئاشكرا دەكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، پێیوایە كێشەكانی ئێستای یەكێتی بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆشاییەی نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی مام جەلال دروستی كردووە(لە كۆتایی 2012وە)، وتی"كەس ناتوانێت پڕی بكاتەوەو پێموایە بە تەمەنی ئێمە كەسێكی دیكەی وەك مام جەلال نابێتەوە، كێشەكان لەسەر فكرو ئایدۆلۆجیا نییەو لەسەر بنەمای شەخسییو بەرژەوەندییە."
محەمەد سابیر، بەستنی كۆنگرەی حزبەكەی بە تاكە چارەسەر دەزانێت بۆ دروستبوونی مەرجەعیەتێك لەناو حزبەكەی تاوەكو بتوانێت كێشەكان یەكلایی بكاتەوە، بۆئەوەش بە پێویستی دەزانێت گەنجانو تازە پێگەیشتووانی ناو یەكێتی بەشی زۆری سەركردایەتی نوێی حزبەكە پێكبهێنن.
"دەكرێت تەوافوقێك دروست بكرێت لە نێوان نەوەی كۆنو نەوەی نوێ، بەشێك لە كۆنەكان هەقی ئەوەیە بچنە ماڵەوەو دابنیشنو لەكاتی پێویستدا وەكو سیاسەتمەدار پرسو ڕایان پێبكرێت، ئەوە تەنها چارەسەرەو چارەسەری دیكە نابینم."
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرپرسەی یەكێتی پێیوایە، كۆنگرە هەموو شتێك چارەسەر ناكات، بەڵام"بەشێكی زۆری چارەسەر دەكاتو تاكە ڕێگایەو ڕێگای دیكە نییە."
كێشەكانی نێوان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ
محەمەد سابیر کە ئاگاداری ڕاو بەرنامەكانی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدە، باسلە پەیوەندییو جیاوازیی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ دەكات، لەگەڵ ئەوەی بە گرنگی دەزانێت ڕێكبكەون، بەڵام ئەوەش دەخاتەڕوو كە دوو ئاڕاستەو دونیابینیی جیاوازیان هەیە.
محەمەد سابیر دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕسوڵ، دەڵێت"دوو كەسایەتی جیاوازن، بەڵام پەیوەندییان بەرزونزم دەكاتو هەندێكجار زۆر باشنو هەندێكجار سارد دەبێتەوە، دەبێت پێكەوە كاربكەن تاوەكو یەكێتی دەگەیەننە كەناری ئارامی."
لە وەڵامی ئەوەی ڕێككەوتنی ئەو دوو كەسایەتییە چارەسەری كێشەكان دەكات؟ وتی"من پێموایە كێشەكانی یەكێتی نەبەستراوە تەنها بە كۆسرەتو هێرۆخانەوە، كێشەكان لەناو هەموو سەركردایەتییە بەداخەوە. دیارە ئەو دوانە ڕۆڵی گەورەیان هەیەو تەبابوونو هاوكاری ئەو دووانە كارێكی باشە."
د.محەمەد سابیر، وتیشی"بەڵام دوو ئاڕاستەی جیان، كاك كۆسرەت بە جۆرێك بیردەكاتەوە كە من وەك خۆم ناتوانم ئەو جۆرە ئاڕاستەیەم پێباش بێت. ئێستا كێشەكە لەسەر كۆنگرەیە، هێرۆخان پێیوایە كۆنگرەیەك ببەسترێت لەسەر بنەمای ئەوەی هەڵبژاردنێكی ئازادانەی تێدابێتو بەشداربووان بە ئازادی سەركردایەتیی داهاتوو هەڵبژێرن، لەلایەكی دیكە كاك كۆسرەت پێیوایە پێویستە بە تەوافوق بكرێتو لەسەر ئەوەبێت ئەوەندە ئەندامی سەركردایەتی بۆ منو ئەوەندە مەكتەبی سیاسی بۆمن، بەم شێوەیەیە. بەڕای من تەوافوق شتێكی باشە، بەڵام ئەوەی تۆ پێش كۆنگرە ڕێبكەویت كە براكەم یان كوڕەكەم یان فڵان كەس ئەو پۆستە وەربگرێ ئەوە لە سیستمی دیموكراسیدا گونجاونییە."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، پێیوانییە بۆچوونەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت كە ئەوان هەژموونیان بەسەر دەزگا ئەمنییو هەواڵگرییەكانی یەكێتیدا هەیەو بەكاریان دەهێنن لە كۆنگرەدا، وەك هەندێك لە ڕەخنەگرانیان باسیدەكەن.
"دەزگای پێشمەرگە لەژێر دەستی هێرۆو كوڕو برازاكانی مام جەلالدا نییە، هێزی 70 كاك شێخ جەعفەر خۆی بەرپرسیاریانەو هەمووشمان دەزانین شێخ جەعفەر تەبانییە لەگەڵ ماڵی مام جەلال. كۆنگرە بڕیار دەدات خۆ هێرۆ ناچێت خەڵك بهێنێت بیكات بە ئەندامی كۆنگرەو بڵێت لەبەرئەوەی عایدی منە، ئەوە سیستمەو بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ كۆنگرە دەبەسترێو بەشداربووان دیاری دەكرێن" محەمەد سابیر وادەڵێت.
دەربارەی ئەوەی لە ناو ماڵی مام جەلالدا ئەو لەوییەت بۆ كێیە دەسەڵاتی یەكەم وەربگرێت، محەمەد سابیر وتی"من ئەوەیان نازانم، بەڵام ئەوانیش مافی خۆیانە وەكو هەركەسێكی دیكە بەپێی تواناو لێهاتویی خۆیان كاندید بكەن" لە وەڵامی ئەوەی محەمەد سابیر كامیان بە شیاوتر دەزانێت؟ وتی"من ناتوانم قسەلەسەر ئەوە بكەمو بەستراوە بە خۆیانەوە."
لە ناو ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە لەسەر ماڵی مام جەلال هەژماردەكرێن ناكۆكیی دەبینرێت لە هەڵوێستو بۆ چوونەكانیاندا، بۆ نمونە؛ شاناز ئیبراهیم ئەحمەدو لاهور تاڵەبانی وەك ڕەخنەگری تووندی حكومەت دەردەكەون لە كاتێكدا جێگری سەرۆكی حكومەت قوباد تاڵەبانی كوڕە بچووكی مام جەلالە، ئایا ئەمە بەڕاستی جیاوازییە یاخود دابەشكردنی ڕۆڵ؟ محەمەد سابیر لە وەڵامدا دەڵێت"جیاوازییە لە بۆچووندا. وەكو هەموو سەركردەكانی دیكەی یەكێتی ئەو جیاوازییانە دەبینینو ئەوەش ڕێگرنییە لە كاری باش كردن."
محەمەد سابیر بە دڵنیاییەوە دەڵێت، یەكێتی نابێت بە حزبی بنەماڵە، وتی"لەسەر بنەمای خزم خزمێنە كەس ناهێنرێتە پێشەوە، ئەگەر توانای نەبێت، ئەگەر توانات هەیە نابێت ببەسترێتەوە بەوەی نزیكی یان دووری لە ماڵی مام جەلال."
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوەش ڕەتدەكاتەوە كە پارەو دارایی یەكێتی لای ماڵی مام جەلال بێت، وەك هەندێك لە ڕەخنەگرو نەیارەكانیان وادەڵێن، وتی"هەموو شتەكان لای ئیدارەی گشتییە. نەخێر هیچی لای ماڵی مام جەلال نییەو ئەوە ڕاست نییە، ئیدارەی گشتی بەرپرسە لە هەموو مڵكو ماڵی یەكێتی."
جیابوونەوەی دیكە لە ناو یەكێتی ڕوودەدات؟
سەركردایەتی یەكێتی دوای ئەوەی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو مەكتەبی سیاسی حزبەكەی هەڵوەشاندەوە، ئەو پرسە ناكۆكی نوێی لەناو یەكێتی دروست كردو مەلا بەختیار وەك كەسی دیاری ناڕازیی لەو پرسە هەڵوێستی وەرگرتووەو لەگەڵ چەند مەكتەب سیاسییەكی دیكە بەشداریی دواین كۆبوونەوەی هاوبەشی سەركردایەتیو ئەنجومەنی ناوەندی حزبەكەیان نەكرد دەربارەی دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگرە.
محەمەد سابیر دەڵێت"ئەوەی كراوە ناتوانیت بڵێی هەڵوەشانەوەی مەكتەبی سیاسییە، چونكە بەپێی پەیڕەو ناتوانیت دەستكاری هەیكەلییەتی یەكێتی بكەیتو مەكتەبی سیاسی نەهێڵیت، دەتوانیت ئەندامەكانی بگۆڕیتو هەڵیان بژێریتەوە، تا كۆنگرەی داهاتوو لەوێ بڕیار بدرێت، چەمكی هەڵوەشانەوە لە شوێنی خۆیدا نییەو دژی پەیڕەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی باسلەوەشدەكات، لەسەر پێشنیاری مەلا بەختیار خۆی، ئەوەی ناوی نراوە هەڵوەشانەوەی مەكتەبی سیاسی خراوەتە دەنگدانەوە، دەربارەی چارەنووسی ئەو بەرپرسانەی لەو پرسە نیگەرانن، محەمەد سابیر وتی"باوەڕناكەم ببن بە باڵێكی دیكە لە ناو یەكێتی. دەبێت بێنە كۆنگرەوەو بەشداریی كۆبوونەوەكانیش بكەنو چانسی خۆیان لە كۆنگرە تاقی بكەنەوە."
پرسێكی دیكەی ناو یەكێتی كە هەندێك وەك دروست بوونی ئاڕاستەیەكی نوێ دەیبینن، ئەو بەرپرسانەن كە هاوسۆزییان بۆ بەرهەم ساڵحو حزبە نوێیەكەی هەیەو لەچەندین كۆبوونەوەدا پەیامەكانیان پشتیوانیی بۆ ئەو حزبە دەگەیەنن كە دیارترینیان مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە.
محەمەد سابیر پێیوایە دەبێت ئەو بەرپرسانە خۆیان یەكلایی بكەنەوە، وتی"یان بچن لەگەڵ كاك بەرهەم كار بكەن یاخود وەك یەكێتی، نابێ لەملاش بنو لەولاش بن. باوەڕناكەم كە كۆنگرە بەسترا ئەوە قبوڵبكرێت."
ئەو بەرپرسەی یەكێتی پێیوایە ناڕازییەكانی ناو حزبەكەی ڕێگای دیكەیان لەبەردەمدا نییە ڕێككەوتن نەبێت، وتی"باوەڕناكەم جیابوونەوەی دیكە لە ناو یەكێتی ڕووبداتو چاریان نییە ڕێككەوتن نەبێت."
ڕای هێرۆ ئیبراهیم دەربارەی حزبەكەی بەرهەم ساڵح
بەدەر لە كێشە ناوخۆییەكانی، هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ یەكێتی تاقیكردنەوەیەكی گرنگە بەوپێیەی ئەو حزبە كەسی دووەمی جیابووەتەوەو بە لیستێكی جیا بەشداریی هەڵبژاردن دەكات.
محەمەد سابیر، ڕای ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لەسەر حزبە نوێیەكەی بەرهەم ساڵح ئاشكرا دەكات، "هێرۆخان وادادەنێت هەركەسێك ئازادە لەوەی چیدەكات، بەڵام كە تۆ حزبێكت دروستكرد لە دەرەوەی یەكێتی مافی ئەوەت نییە بڵێی لەناو یەكێتیشدا دەمێنمەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی ئەوەشدەخاتەڕوو، دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح حزبە نوێیەكەیو لیستی جیای لە یەكێتی ڕاگەیاند ئیدی لە یەكێتی نەماوە، نەك وەك هەندێك بەرپرس دەڵێن هێشتا دەستلەكار كێشانەوەی قبوڵنەكراوە یاخود "هەر كوڕی یەكێتییە"، محەمەد سابیر وتی"ئەوە بڕاوەتەوە كە هێشتا یەكێتی بێت. بەپێی پەیڕەو ناتوانێت حز لەناو حزبدا دروست بكات."
ئەو بەرپرسەی یەكێتی پێیوانییە لە داهاتووداو بەتایبەت سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردن توندوتیژی لە نێوان یەكێتیو حزبەكەی بەرهەم ساڵح ڕووبداتو یەكێتی كە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە فشار بخاتەسەر ئەندامانی هاوپەیمانیی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری، دەڵێت"پڕۆسەی دیموكراسییە بۆچیو فشاری چی بخرێتە سەریان؟ ئەوان ئازادنو یەكێتیش ئازادە."
یەكێتییەكان دەیانەوێت بەرلە هەڵبژاردنی عێراق كە 3 مانگی دیكە بەڕێوەدەچێت كۆنگرەی حزبەكەیان ببەستنو خۆیان نوێ بكەنەوەو ئامادەبن بۆ قۆناغێكی نوێو هەڵبژاردن، محەمەد سابیر پێیوایە، ئەگەر دۆخی حزبەكەی وەك ئێستا بێتو كۆنگرە نەبەسترێت"یەكێتی دەنگەكانی پێشووی ناهێنێتەوە. نازانم قەبارەی كەمبوونەوەكەی چەند دەبێت، هەروەها جیابوونەوەی بەرهەم كاریگەریی دەبێت، بەڵام زۆرنا."
محەمەد سابیر وتیشی"بڕواناكەم د.بەرهەم دەنگ لە یەكێتی زیاتر بهێنێت، ئەوەش سندوقی دەنگدان یەكلایی دەكاتەوە. یەكێتی بڕوای بە دیموكراسیو دەستاودەستی دەسەڵات هەیە."
لە دیاریكردنی ناوی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، وابڵاوكرایەوە كە محەمەد سابیر سەرۆكی لیستەكەیان دەبێت لە سلێمانی، بەڵام وادەرنەچوو، دواین پرسیاری پەرەگراف لەسەر ئەم پرسە بوو.
محەمەد سابیر بەمجۆرە وەڵامی دایەوە،"وابوو، بەڵام خۆم نەمكرد، هۆكاری خۆم هەیە پێوست ناكات باسی بكەم. واهەستدەكەم یەكێتی ئەو گرنگییەی نەداوە بە بەغداد كە لە زەمانی مام جەلال هەبوو، ئەو نیەتەم هەبوو لەوێوە خزمەتی یەكێتی بكەم، بۆخۆشم باشبوو كە لە ژیانمدا فێرنەبووم بێكاربمو دابنیشم، بەڵام پاش لێكدانەوەو بیركردنەوە خۆم بڕیارمدا بكشێمەوە."
بە كورتی
محەمەد سابیر، تەمەن 71 ساڵ، دكتۆرای هەیە لە فیزیای ئەتۆمیی لە زانكۆی ستۆكهۆڵم لە سوید. لە تەمەنی 15 ساڵییەوە دەستی بەكاری سیاسی كردووەو لە ساڵی 1964 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان(سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان)، ساڵانی 1972-1974 بەرپرسی هەرێمی سلێمانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان بووەو لە 1977 تا 1992 لێپرسراوی لقی ئەوروپای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە.
ساڵانی دواتریش چەندین پۆستی حزبیو حكومیی وەرگرتووە لەوانە؛ نوێنەری یەكێتیو حكومەتی هەرێم لە فەڕەنسا 1993-2001 نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمەریكا 2001-2004، باڵیۆزی عێراق لە چین 2004-2010 و باڵیۆزو نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان 2013-2016 و ئێستاش ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییە.