پەرەگراف
ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی هاوشێوەی حزبە ناڕازییەكانی هەرێم ئەنجامی هەڵبژاردن لە سلێمانی ڕەتدەكاتەوەو دەڵێت"ساختەكاریی كراوە"و دەنگەكانیان "دزراوە."
ڕەوتی حیكمە حزبێكی عێراقییەو عەممار حەكیم كەسایەتی دیاری شیعەكانی عێراق ڕابەرایەتی دەكات، ئەو ڕەوتە بۆیەكەمجاربوو لە هەرێمی كوردستان بەشداربوو لە هەڵبژاردنەكانو لە سلێمانی لیستی هەبوو 13 كەس كاندیدی بوون.
كاندیدانی ڕەوتەكە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان ڕەتكردەوەو داوایان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن كرد هەڵوەستە لەسەر ئەنجامەكانو سكاڵاكانیان بكات.
"لەو مەكتەبەی دەنگم داوە دەنگمان نەهێناوە! كچەكەشم لە مەكتەبێكی دیكە دەنگیداوەو وێنەشی گرتووە(هەرچەندە وێنەگرتنەكە نایاساییە) لەو مەكتەبەش سفرمان بۆ هاتووەتەوە" ئەمە وتەی دڵسۆز عەلی كاندیدی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانییە لە سلێمانی.
كاندیدانی ڕەوتی حیكمە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئەوەشیان خستەڕوو، لیستەكەی ئەوان كاندیدی ژمارە 22ی نەبووە، بەڵام دەنگ بۆ ژمارە 22ی لیستی ئەوان هاتووەتەوە.
شێخ عیسا بەرزنجی یەكێكی دیكە لە كاندیدانی ڕەوتی حیكمە، وتی"میللەتی كورد ئیرادەی ئەنفال كراو لە كەشوهەوایەكی نادیموكراتیدا دەنگی خۆمو خانەوادەكەشم دیارنەما."
ڕەوتەكە سكاڵای لە كۆمسیۆن تۆماركردووەو داوای بەدواداچوونی جددی دەكات، ئەوەشدەخەنەڕوو، ئەگەر كۆمسیۆن بەدواداچوون نەكاتو وەڵامی دڵنیاكەرەوەیان نەداتەوە لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆماردەكەن.
لەگەڵ كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئەم مانگەو دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی لە وێستگەكانی دەنگدان، دەستبەجێ گۆڕانو هاوپەیمانیو بەدوای ئەوانیشدا یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، سیستمی جیاكردنەوەو هەژماركردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان "هاككراوە"و ئەنجامەكان "ساختەن" بۆ بەرژەوەندی یەكێتی.
بەدوای ئەوانیشدا جوڵانەوە نەوەی نوێ بەهەمانشێوە ئەنجامەكانی ڕەتكردەوە، پارتیش لە سلێمانیو هەڵەبجە هاوشێوەی ئەو حزبانە هەمان هەڵوێستی هەبوو، تەنها یەكێتی ڕازییەو بە "سەركەوتن"ی خۆی دەزانێت.
بەپێی ئەنجامی بەرایی لە سلێمانی، یەكێتی لە پلەی یەكەمدایەو لەپێش گۆڕانەوەیە، ئەوەش یەكەمجارە یەكێتی لەو پارێزگایە لەپێش گۆڕانەوەبێت لەوەتەی ئەو بزوتنەوەیە دروست بووە.
ئەو ئەنجامە بووەتەمایەی سەرنجی حزبەكانی دیكەو بە تووندی ڕەتیدەكەنەوە، بەوپێیەی چاوەڕێ دەكرا دەنگی یەكێتی كەمبكات بەهۆی دروستبوونی لیستی نوێو بەتایبەت جیابوونەوەی بەرهەم ساڵحو چەندین بەرپرسو كادیری دیكەی یەكێتیو لەو حزبە.