كۆمسیۆن بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنی لە هەولێرو سلێمانی ڕاگەیاند

14-05-2018 11:48
دەنگدان لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە عێراق كەمێك لەمەوبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی لە چەند پارێزگایەكی عێراق‌و هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، لە ناویاندا ئەنجامەكانی، هەولێر، سلێمانی‌و موسڵ هەبوون.

 

بەپێی ئەنجامەكان لە هەولێر، ڕزبەندی حزبەكان بەم شێوەیە؛ پارتی یەكەمە، یەكێتی دووەمە، نەوەی نوێ سێیەمە، هاوپەیمانی چوارەمە، گۆڕان پێنجەمە، كۆمەڵ شەشەمە‌و یەكگرتوو لە پلەی حەوتەمدایە.

 

لە سلێمانی ڕیزبەندییەكە بەم شێوەیە؛ یەكێتی یەكەمە بە جیاوازییەكی زۆر لەگەڵ گۆڕان كە لە پلەی دووەمدایە، نەوەی نوێ سێیەمە، كۆمەڵ چوارەمە، پارتی پێنجەمە، هاوپەیمانی شەشەمەو یەكگرتووی ئیسلامی لە پلەی حەوتەمدایە.

 

ئەنجامی دەنگەكان ئەمشێوەیەن:

 

هەولێر؛ 628 هەزارو 234 دەنگی دروست دراوەو لەسەدا 92ی دەنگەكان جیاكراونەتەوەو ئەنجامەكان بەم شێوەیەن:

 

پارتی - 316 هەزارو یەك دەنگ

یەكێتی - 77 هەزارو 792 دەنگ

نەوەی نوێ - 69 هەزارو 123 دەنگ

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری - 49 هەزارو 266 دەنگ

گۆڕان - 39 هەزارو 809 دەنگ

كۆمەڵی ئیسلامی - 35 هەزارو 741 دەنگ

یەكگرتووی ئیسلامی – 23 هەزارو 933 دەنگ

 

سلێمانی؛ 656 هەزارو 507 دەنگی دروست دراوەو لەسەدا 91ی دەنگەكان جیاكراونەتەوەو ئەنجامەكان بەم شێوەیەن:

 

یەكێتی- 262 هەزارو 128 دەنگ

گۆڕان- 149 هەزارو 930 دەنگ

نەوەی نوێ – 61 هەزارو 638 دەنگ

كۆمەڵی ئیسلامی- 49 هەزارو 343 دەنگ

پارتی- 46 هەزارو 567 دەنگ

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری – 44 هەزارو 976 دەنگ

یەكگرتووی ئیسلامی – 29 هەزارو 161 دەنگ

 

موسڵ؛ 910 هەزارو 298 دەنگی دروست هەبووەو لەسەدا 91ی دەنگەكان جیاكراونەتەوە، ئەنجامی دەنگی حزبە كوردییەكان بەم شێوەیەن:

 

پارتی- 134 هەزارو 782 دەنگ

یەكێتی- 32 هەزارو 141 دەنگ

لیستی نیشتمان(گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی)- 3 هەزارو 120 دەنگ

نەوەی نوێ- هەزارو 803 دەنگ

 

ئەو ئەنجامانەی ئەمشەو كۆمسیۆن بە فەرمی ڕایگەیاندن، نزیكن لەوەی دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن لە وێستگەكانی دەنگدان ڕاگەیەندران، هەرئەوكات لەگەڵ دەركەوتنی ئەنجامەكان، دەستبەجێ گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌و بەدوای ئەوانیشدا یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، سیستمی جیاكردنەوەو هەژماركردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان "هاككراوە"و ئەنجامەكان "ساختەن" بۆ بەرژەوەندی یەكێتی.

 

بەدوای ئەوانیشدا جوڵانەوە نەوەی نوێ بەهەمانشێوە ئەنجامەكانی ڕەتكردەوە، پارتیش لە سلێمانی‌و هەڵەبجە هاوشێوەی ئەو حزبانە هەمان هەڵوێستی هەبوو، تەنها یەكێتی بە ئەنجامەكان ڕازییەو بە "سەركەوتن"ی خۆی دەزانێت.

 

ئەمڕۆش كەسانی یەكەمی هەریەكە لە گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، شیوعی‌و بزوتنەوەی ئیسلامی كۆبوونەوەو 6 بڕیاریان دەركردو ئەنجامی هەڵبژاردن‌و كۆی پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو داوای ئەنجامدانەوەی دەكەن لە هەرێم‌و ناوچە دابڕاوەكان بە زوترین كات.

 

بەپێی ئەنجامەكان لە سلێمانی یەكێتی لە پلەی یەكەمدایەو لەپێش گۆڕانەوەیە، ئەوەش یەكەمجارە یەكێتی لەو پارێزگایە لەپێش گۆڕانەوەبێت لەوەتەی ئەو بزوتنەوەیە دروست بووە.

 

ئەو ئەنجامە بووەتەمایەی سەرنجی حزبەكانی دیكە‌و بە تووندی ڕەتیدەكەنەوە، بەوپێیەی چاوەڕێ دەكرا دەنگی یەكێتی كەمبكات بەهۆی دروستبوونی لیستی نوێ‌و بەتایبەت جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح‌و چەندین بەرپرس‌و كادیری دیكەی یەكێتی‌و لەو حزبە.