سەعید كاكەیی بۆ پەرەگراف: ئەگەر هەیە لە 6 پارێزگا ماف خوراوان مافەكانیان بۆ بگەڕێتەوە

24-05-2018 10:28
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران - سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

حەیدەر عەبادی پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ڕاگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوون سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و ئەو ڕاپۆرت‌و زانیارییانەی كەسانی تایبەتمەند پێشكەیان كردووە دەربارەی "پارێزراو نەبوونی ئامێرەكانی دەنگدان" لە دەستێوەردان.

 

سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پێكهێنانی لیژنەكە بە "زۆر گرنگ‌و چاوەڕوانكراو" ناودەبات‌و بۆ پەرەگراف دەڵێت، ئەگەری ئەوە هەیە لە 6 پارێزگای عێراق ئەوانەی مافیان خوراوە مافەكانیان بۆ بگەڕێتەوە كە لە ناویاندا سێ پارێزگاكەی هەرێم‌و كەركوك هەن.

 

پێكهێنانی ئەو لیژنە باڵایە لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا دوای ئەوەدێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە چەند پارێزگایەك ڕوبەڕوی ڕەخنەو ناڕەزایی زۆر بووەوە، لە كوردستان جگە لە پارتی‌و یەكێتی، حزبەكانی دیكە كۆی پڕۆسەكەیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، لە ڕێی سیستمی ئەلیكترۆنی دەنگدانەوە "ساختەكاری" كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە."

 

هەریەكە لە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری عێراق كە هاوكات سەرۆكی دادگای تەمیزەو بەرپرسی دەستەی دادوەریی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە، سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی لە ئەنجومەنی وەزیران، جێگری سەرۆكی دەستەی نەزاهە، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، سەرۆكی دەستەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن، هەروەها بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوە لە دەستەی نەزاهەو شارەزاو پسپۆڕانی بواری ئەلیكترۆنی‌و ئامێرەكانی دەنگدان‌و ئەو پێشێلكارییانەی ئەگەری هەیە بەو ئامێرانە بكرێت لەگەڵ ئەو ئامێرەی داتاو زانیارییەكان دەگوازێتەوە، ئامادەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بوون.

 

دوای كۆبوونەوەكە حەیدەر عەبادی ڕایگەیاند، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەنجومەنی وەزیرانی ئاگادار كردووەتەوە كە بە كۆمسیۆنیان وتووە، زانیاریی تەواو بدەن بە حزب‌و لایەنە سیاسیەكان دەربارەی هەڵبژاردنەكەو ئەنجامەكانی، هەروەها دەبێت كۆمسیۆن سەرجەم سكاڵای لایەن‌و كاندیدەكان وەربگرێت بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت، وتی"ئەمە یاسای كۆمسیۆنیشە كە دەبێت زانیاریی تەواوی ئەنجامەكانی هەر وێستگەیەك بداتە لایەنە سیاسییەكان ئەمەش تائێستا نەكراوەو كۆمسیۆن نەیداوە بە لایەنەكان."

 

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر گفتوگۆی كۆبوونەوەكەو ڕاپۆرتی دەزگای ئاسایش‌و دەستەی نەزاهەو دیوانی چاودێری دارایی‌و ئەو زانیارییانەی گروپی ئەلیكترۆنی تایبەتمەند پێشكەیانكردووە دەربارەی "پارێزرارو نەبوونی ئامێرەكانی دەنگدان لە دەستێوەردان"، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەركرد:

 

1- پێكهێنانی لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی‌و بە ئەندامیەتی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی باڵای هەڵبژاردنەكان.

 

2- لیژنەكە بەدواداچوون دەكات بۆئەو ڕاپۆرت‌و زانیارییانەی لە كۆبوونەوە نائاساییەكەدا خرانەڕوو كە تایبەتمەندبوون بە پڕۆسەی هەڵبژاردن.

 

3- لیژنەكە دەتوانیت هەر لایەنێك بانگهێشت بكات كە بە گونجاوی دەزانێت.

 

4- لیژنەكە مافی ئەوەی هەیە سەیری سەرجەم بەڵگەكان بكات كە پەیوەندیدارن بە پڕۆسەی هەڵبژاردن لەناو كۆمسیۆن‌و دەرەوی كۆمسیۆن، هەروەها پابەندبوونی سەرجەم لایەنەكان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە كە بەڵگەی تەواو پێشكەشی لیژنەكە بكەن.

 

5- لیژنەكە ڕاسپاردەكانی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران‌و ئەنجومەنی باڵای داوەری‌و دادگای باڵای فیدڕاڵی‌و دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دەكات، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست هەریەكەو بەپێی تایبەتمەندی خۆی.

 

" ئەگەر هەیە لە 6 پارێزگا ئەوانەی مافیان خوراوە مافەكانیان بۆ بگەڕێتەوە"

 

سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دەربارەی بڕیارەكانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق‌و پێكهێنانی ئەو لیژنە باڵایە بۆ پەرەگراف دوا، پێكهێنانی لیژنەكەی بە كارێكی "چاوەڕوانكراوی زۆر گرنگ" ناوبرد.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی كۆمسیاران كە لە دوای هەڵبژاردنەكان تاكە بەرپرسی باڵای كۆمسیۆنە تەئكید دەكاتەوە لە پێویستیی بەدواداچوونی سكاڵا‌و گومانەكانی سەر پڕۆسەكە، بۆچوونی خۆی خستەڕوو دەربارەی ئەگەری هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنەكەو دووبارە ئەنجامدانەوەی كە داواكاریی لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستانە.

 

كاكەیی وتی"ئایا هەڵبژاردن هەڵدەوەشێنێتەوە ئەوە دەمێنێتەوە بۆ دەستەی دادی هەڵبژاردنەكان، بەڵام گرنگیەكەی لەوەدایە دەستەی دادگای باڵا لەسەرخەتەو قسەی خۆیان دەبێت، پرسەكە سادەو سانا نییەو لێكۆڵینەوەو شیكردنەوەی زۆری دەوێت تا دەگەنە دڵنیابوون، ئایا هەموو هەڵبژاردنەكە هەڵدەوەشێتەوە؟ ئەوە پرسیارێكی دیكەیە، بەڵام لانیكەم ئەو شەش پارێزگایەی زەرەریان بەركەوتووە لەگەڵ دەنگدانی دەرەوە كە بەڵگە پیشانیدەدات تەزویر كراوە، ئەوانە پیاچوونەوەیەكی بنەڕەتییان پێدادەكرێت‌و ئەگەری ئەوەهەیە ئەوانەی مافیان خوراوە مافەكانیان بۆ بگەڕێتەوە."

 

ئەو شەش پارێزگایە بریتین لە؛ هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك، نەینەواو ئەنبار، پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە لەو پارێزگایانە  ناڕەزایی فراوانی لێكەوتووەتەوە.

 

پەرەگراف لە سەعید كاكەیی پرسی، ئایا ئەو بەڵگانەی لەبەردەستن، بایی ئەوەدەبن هەڵبژاردن لەو شەش پارێزگایە ئەنجامبدرێتەوە؟ لە وەڵامدا وتی"ئەوەیان پرسیارێكە ئێستا وەڵامی نادەمەوە."

 

دەربارەی ئەوەی چ لایەنێك دەسەڵاتی ئەو بڕیارەی هەیە؟ سەعید كاكەیی وتی"دەستەی دادی هەڵبژاردنەكان وەڵامی تانەی لایەنەكان دەداتەوەو بەپێی وەڵامەكان قسەی خۆی دەبێت‌و دواجار دادگای تەمیز دەتوانێت بڕیار بدات كە هەڵبژاردن دەكرێتەوە یان نا."

 

سەرباری ناڕەزاییە ناوخۆییەكان، وڵاتانی خاوەن هەژموون لە عێراق وەك ئێران‌و ئەمەریكا، پیرۆزبایی هەڵبژاردنەكەیان كردووەو بە سەركەوتوو لەقەڵەمیانداوە، دەربارەی كاریگەریی ئەو دوو وڵاتە لەسەر ناڕەزاییەكان، سەعید كاكەیی وتی"دەستخۆشی شتێكەو كاری ڕاستەقینەو ناوخۆیی شتێكی دیكەیەو بە دەستخۆشی هیچ دارێك سەوز نابێت، ئەمە پرسێكی ناوخۆییەو دەبێت سیستم‌و ڕێكارە یاساییەكان یەكلایی بكاتەوە نەك دەستخۆشی ئەم وڵات‌و ئەو وڵات."

 

لە هەرێمی كوردستان گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو 11 كورسی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئەم مانگە، ئەو چوار حزبە پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە" هەربۆیە داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن.

 

ئەو حزبانە لەگەڵ چەند حزب‌و لایەنێكی دیكەی عێراقی‌و كوردستانی هەوڵە سیاسی‌و دیبلۆماسی‌و یاساییەكانیان بەردەوامە بۆ جێبەجێكردنی داواكانیان.