پەرەگراف- سوركێو محەمەد
عوسمانی حاجی مەحمود كۆتایی بە دەنگۆو مشتومڕەكان هێناو وازهێنانی لە بزوتنەوەی گۆڕان پشتڕاست كردەوە، ئەوەش دوای "بێئومێدبوون"ی بووە لە گۆڕانكاری لەناو بزوتنەوەكەدا.
ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە نامەی دەستلەكار كێشانەوەكەیدا باسیلە چەند پرسێكی ناوخۆیی گۆڕان كردووە، پەرەگراف زانیاریی دەربارەی ناوەڕۆكی نامەكە دەستكەوتووە كە "هیچ مەرجێكی تێدا نەخراوەتەڕوو" كە لە بەرامبەر جێبەجێكردنیدا بگەڕێتەوە بۆناو گۆڕان.
"گۆڕان پێویستی بە پێداچوونەوەو ڕێكخستنو چاككردن هەیەو كاك عوسمان ئومێدی نییە لە سایەی عەقڵیەتی ناو گۆڕان ئەوە بكرێت" ئەمە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادارە بۆ پەرەگراف دەربارەی هۆكاری وازهێنانی عوسمانی حاجی مەحمود.
عوسمانی حاجی مەحمود لە خانەی ڕاپەڕاندن سكرتێری كاروباری باژێڕوانەكان بوو، مانگی 7ی ساڵی ڕابردوو زۆرترین دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندندا كە 45 دەنگ بوو، ئەو خانەیە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە.
هەرچەندە زیاتر لە 2 مانگە عوسمانی حاجی مەحمود نامەی دەستلەكار كێشانەوەی ئاڕاستەی ڕێكخەری گشتیو خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان كردووە، بەڵام پرسی وازهێنانی لە بزووتنەوەكە دەنگۆو مشتومڕی جیاوازی لێكەوتبووەوە، تا دوێنێ خۆی بە فەرمی وازهێنانی ڕاگەیاند.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ شارپرێس، عوسمانی حاجی مەحمود دەڵێت، دەستی لەخانەی ڕاپەڕاندنو كاری حزبایەتی كێشاوەتەوە، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە پشتیوانی گۆڕان دەكات.
هەرچەندە لە چاوپێكەوتنەكەیدا ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان باسیلە ناوەڕۆكی نامەی دەستلەكار كێشانەوەكەیو هۆكارەكانی نەكردووە، بەڵام پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاریی دەربارەی ناوەڕۆكی نامەكەو هۆكارەكانی وازهێنانی دەستكەوتووە.
بەوتەی سەرچاوەكە، عوسمانی حاجی مەحمود لە نامەكەیدا باسیلە دۆخی ناخۆیی گۆڕان كردووەو ڕەخنەی لە ڕێكخەری گشتیو خانەی ڕاپەڕاندن گرتووە.
"كاك عوسمان ماوەی 2 ساڵە بە نوسینو پڕۆژەو بە قسەكردن لە كۆبوونەوەكانی گۆڕاندا ڕەخنەو سەرنجو پێشنیارەكانی ئاڕاستەكردووە، بەڵام گوێی لێ نەگیراوە، نمونەیەكی زۆر سادە؛ یەكێك لە ڕەخنەكانی ئەوەبووە خانەی ڕاپەڕاندن تائێستا پەیڕەوێكی ناوخۆی نییە كە كۆبوونەوەو شێوازی كارەكانی ڕێكبخات" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.
بەشێكی دیكەی نامەی دەستلەكار كێشانەوەی ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان تایبەت بووە بە "پەیوەندیی نێوان كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەی گۆڕان."
كۆمپانیای وشە خاوەنی سەرجەم ئەو موڵكو ماڵەیە كە نەوشیروان مستەفا گۆڕانی پێ دامەزراندنو ئەو بزووتنەوەیەی پێ بەڕێوەدەبرد، لەدوای كۆچی دوایی خۆی خاوەندارێتی كۆمپانیاكە بۆ كوڕەكانی گواسترایەوە، ئەوەش ناڕەزاییو هەڵایەكی زۆری لەناو گۆڕاندا دروست كردو لێكەوتەكانی تائێستاش بەردەوامن، ناڕازییەكان داوادەكەن موڵكو ماڵەكان بكرێن بەناوی حزبەكەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا بەتەواوی دابەش بووە بەسەر دوو ئاڕاستەی ناكۆكو پێچەوانەدا، بەهەمان ئەو هۆكارانەی عوسمانی حاجی مەحمود وازی لە گۆڕان هێناوە، چەندین بەرپرسو هەڵسوڕاوی دیكەی ئەو بزووتنەوەیە دوركەوتوونەتەوەو ناچنەسەر كارەكانیانو بایكۆتی گردی زەرگەتەی مەكۆی سەرەكی گۆڕانیان كردووە.
ئەوە لەكاتێكدایە گۆڕان لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە، هەرچەندە هەردوو ئاڕاستەكەی گۆڕان لە خەمی بزووتنەوەكەیاندان بەتایبەت بۆ ئەو هەڵبژاردنەو نایانەوێت كێشە ناوخۆییەكانیان گۆڕان لاواز بكات، بەڵام ئاسۆكانی چارەسەر دیارنینو پێناچێت لە خاڵێكدا بە یەك بگەن.