پەرەگراف
بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە كێشەو نیگەرانییە ناوخۆییەكانیو هەوڵ بۆ چارەسەركردنیان بدات، ڕایدەگەیەنێت، بە "یەكگرتویی" بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەنگاودەنێتو لەسەر دنیابینی نەوشیروان مستەفا بەردەوام دەبێت.
ئەوە لەكاتێكدایە كێشە ناوخۆییەكانیان ئەگەری "لەتبوون"ی لەناو گۆڕان هێناوەتە ئاراوەو سەریكێشاوە بۆ وازهێنانی چەندین بەرپرسو هەڵسوڕاو كە دیارترینیان عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی(پێشووی) خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانە، ئەوەش وایكردووە ئەندامو هەوادارانی گۆڕان تامەزرۆی هەواڵێك بن لە بزووتنەوەكەیانەوە دەربارەی چارەسەری كێشەكانیان.
"خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە لەسەر بەرنامەی سیاسی و بەڵێنەكانمان و بیر و دنیابینی نەوشیروان مستەفا بەردەوام دەبینو پشت ئەستورین بە پشتیوانی خەڵك و دۆست و هاوپەیمانەكانمان" ئەمە بەشێكە لە ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی گۆڕان كە ئەمڕۆ لە 9 هەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا بڵاویكردەوە.
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2009 لیستێكی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەناوی گۆڕان دروستكردو وەك نوێترین هێزی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەركەوت، لەو هەڵبژاردنەدا لە كۆی 111 كورسی 25 كورسی بەدەستهێناو ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاند.
نەوشیروان مستەفا هەرلە سەرەتاوە تا كۆچی دوایی كردنی(19-5-2017) خۆی كەسی یەكەمی بزووتنەوەكە بوو، هەرچەندە لەو ماوەیەدا گۆڕان بە چەندین قۆناغی جیاوازو كێشەو ململانێی ناوخۆییو دەرەكیو بەرزو نزمیدا تێپەڕیوە، بەڵام بوونی نەوشیروان مستەفا خاڵی بەهێزو یەكلایی كەرەوەی كێشەكان بوو.
گۆڕان لە ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆیدا هیچ ئاماژەیەكی بە كێشە ناوخۆییەكانو ئاسۆی چارەسەركردنیان نەكردووە، بەڵام دەڵێت"بزوتنەوەی گۆڕان بە یەكگرتویی و بە ورەیەكی پۆڵاینەوە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەنگاودەنێت و كاردەكات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكی بەهێز لە نێوان لایەنەكان تا لەڕێگەیەوە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی دەست پێ بكات."
بزووتنەوەكەی نەوشیروان مستەفا لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە كە بڕیارە 30-9 ئەنجامبدرێت، بەڵام بەتەواوی دابەش بووە بەسەر دوو ئاڕاستەی ناكۆكو پێچەوانەدا، پرسی گەرمی ناو ناكۆكییەكان خاوەندارێتی ئەو موڵكو ماڵەیە كە لە نەوشیروان مستەفا بەجێماوەو ئێستا بەناوی كوڕەكانیەوەیەتی.
ناڕازییەكان بەجۆرێك دەدوێن كە خاوەندارێتی موڵكو ماڵو داهاتی گۆڕان دەكەنە سەرچاوەی كێشەكانو سوورن لەسەرئەوەی بەناوی حزبەكەوەبن، ئەوانەی دیكەش كە ناڕازی نینو زیاتر بە ئاڕاستەی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ناودەبرێن باسلە دیوێكی دیكەی ململانێكان دەكەنو دەڵێن، پرسی موڵكو ماڵ پاساوە بۆ گەمەیەكی دیكەی ناوخۆیی.
نەوشیروان مستەفا، ناوێكی دیارو ناسراوی نیوسەدەی ڕابردووی خەباتی سیاسیو چەكداریی كوردە لە باشوری كوردستان، لەگەڵ ناوهێنانیدا، یارو نەیار، دژایەتی گەندەڵی، سادەیی، خاكی بوونو ماڵی دونیا نەویستییان دێتەوە یاد، بەڵام ئێستا لای هەندێك كەس نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو پیاوەو تایبەتمەندییەكانی ژیانی دروست بووە.
كاتێك ساڵی 2006 بەنیازی دروستكردنی ناوەندێكی كەلتوریو ڕۆشنبیری، نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی جیابووەوە، كۆمپانیای وشەی دامەزراند كە بە كاری میدیایی دەستیپێكردو لە بزووتنەوەیەكی سیاسییەوە سەری دەرهێناو بووە هێزێكی گەورەی گۆڕەپانەكە.
موڵكو پارەی دەستی نەوشیروان مستەفا بۆ دامەزراندنی گۆڕان ئەوەبوو كە ساڵی 2006 لە مام جەلالی وەرگرتبوو؛ 10 ملیۆن دۆلار لەگەڵ گردی زەرگەتەو تەلاری چاودێری دارایی لە سلێمانی، دواتریش بۆ دەستخستنی داهات بووە خاوەنی پشكی لەسەدا 25ی سۆپەرماركێتێك بەناوی میترۆ لە تەنیشت گردەكە، پاشان مۆڵەتی كارگەیەكی چیمەنتۆی وەرگرت(ئێستا پشكی لەسەدا 15ی كارگەی گاسن هی ئەوانە)، ئەمانە بەناوی كۆمپانیای وشەوەن.
كۆمپانیای وشە پێشتر بەناوی خودی نەوشیروان مستەفاوە بوو، ئێستا بەناوی نماو چیای كوڕییەوەن، خاوەندارێتیو پەیوەندیی نێوان كۆمپانیاكەو گۆڕان، كێشەو هەڵایەكی زۆری لەناو بزووتنەوەكەدا دروست كردووە، بەبێ ئەوەی ئاسۆی چارەسەر دیارو ڕوون بێت.
دەقی ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆی گۆڕان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا
هاونیشتیمانیانی كوردستان
گۆڕانخوازانی سەر بەرز
نۆ ساڵ لەمەوبەرو لە (25/7/2009)دا بزوتنەوەی گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خاوەن بەرنامەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی، یەكەم بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كردو لەو هەلومەرجە دژوارو ئاڵۆزەدا توانی ببێتە هێزێكی كاریگەر لە خەباتی مەدەنی و گۆڕەپانی سیاسی لەكوردستان و عێراق و ناوچەكەدا.
هەر ئەم رۆژەش (25/7) هاوكاتە لەگەڵ دروستبونی یەكەمین ئۆپۆزسیۆنی سیاسی فەرمی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستانی عێراق دا، كە بزوتنەوەی گۆڕان داینەمۆ و داهێنەرەی بو.
گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی كۆمەڵایەتی و خاوەن بەرنامەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی سیاسی، خۆی راگەیاند، گۆڕان خەبات دەكات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانییەكان و گەییشتن بە مافی چارەی خۆنوسی میللەتەكەمان، لە روی سیاسیشەوە خەبات دەكات بۆ نەهێشتنی گەندەڵی سیاسی و ئابوری و دارایی و كارگێڕی و یاسایی لە دامودەزگاكانی هەرێم، بەڕێگای ئاشتی و مەدەنیانە، لەو پێناوەشدا سەرەڕای رێگری و ئاستەنگ و فشارەكان، باجی زۆری داوە.
ئەمڕۆ، هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ، بەهۆی شكستی دەسەڵات و پەكخستنی پەرلەمان و حكومەت و پرۆسەی سیاسی و هەڵەی نەگونجاوی كاتی ریفراندۆم و لەدەستدانی لە (51٪)ی خاكی هەرێم و قەیرانی بێموچەیی و نەبونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی تەزویر و ساختەكاری، ژیانی هاوڵاتیانو ئاشتی كۆمەڵایەتی لەهەرێم و لەناوچەدابڕاوەكان خستۆتە بەردەم مەترسییەكی گەورەوە.
دەسەڵاتە شكستخواردوەكەی هەرێم، لە بری چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان و دەستەبەركردنی یەكڕیزی نیشتیمانی، تەزویرێكی گەورەی بەهاوكاری دەوڵەتان لە هەڵبژاردنی (12)ی ئایاری رابردو ئەنجامدا، كە دەلالەتی ترس بو لەسەركەوتنی گۆڕان لەو هەڵبژاردنەدا، كە هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشو هەمان خۆنەویستی و ئازایەتی بۆ پشتیوانیكردنی گۆڕان درێژەی هەبو. لەپاڵ هەڵسوڕاوەكانمان، كە بەگیانی یەك تیم كاریان ئەكرد، سەدان هەڵسوڕاوی گەڕۆك و خۆبەخش، ئازایانە، پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان بون.
خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە لەسەر بەرنامەی سیاسی و بەڵێنەكانمان و بیر و دنیابینی نەوشیروان مستەفا بەردەوام دەبینو پشت ئەستورین بە پشتیوانی خەڵك و دۆست و هاوپەیمانەكانمان.
لە كۆتاییدا، رایدەگەیەنین بزوتنەوەی گۆڕان بە یەكگرتویی و بەورەیەكی پۆڵاینەوە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەنگاودەنێت و كاردەكات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكی بەهێز لە نێوان لایەنەكان تا لەڕێگەیەوە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی دەست پێ بكات.
بزوتنەوەی گۆڕان
25/7/2018