پەرەگراف- سوركێو محەمەد
هاوپەیمانیەكەی بەرهەم ساڵح بە یاداشتێك كۆمەڵێك پرسیارو سەرنجو پێشنیاری ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم كردووە دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، پێیوایە ئەو سەرنجانە "كۆی پڕۆسەكە ڕوبەڕوی گومان دەكاتەوە" ئێستاش چاوەڕوانی وەڵامە لە كۆمسیۆنەوە.
یاداشتەكەی هاوپەیمانی دیموكراسیو دادپەروەری لەلایەن دامەزراوەی هەڵبژاردنو ئاماری ئەو حزبەوە ئاڕاستەی كۆمسیۆن كراوەو ڕێكەوتی 25-7-2018ی لەسەرە، دەقی یاداشتەكە لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەست پەرەگراف كەوتووە.
لە یاداشتەكەدا هاوپەیمانی داوادەكات كۆمسیۆن چەند ڕێوشوێنێك بگرێتەبەر بۆ ڕێگریی لە ساختەكارییو دەڵێت، پێویستە ئەو ڕێوشوێنانە ڕوونو بایی ئەوەبن كە بواری گومانو دڵەڕاوكێ نەهێڵنەوە.
یاداشتەكە لە 6 لاپەڕە پێكهاتووەو سێ قۆناغ دەگرێتەوە؛ پێش هەڵبژاردن، ڕۆژی دەنگدانو دوای هەڵبژاردن، بۆهەر قۆناغێك بە چەند خاڵێك سەرنجو پێشنیارەكان خراونەتەڕوو.
د.ڕیبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسیو دادپەروەری بۆ پەرەگراف ئەوەی پشتڕاست كردەوە یاداشتێكیان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووە، وتی، داوای گرەنتیی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەردیان كردووە.
"بەلای ئێمەوە گەرەنتی پێشوەختی پاكو بێگەردیی هەڵبژاردن ئەركێكی گەورەی لایەنی پەیوەندیدارە" ڕێبوار كەریم وای وت، دەربارەی چۆنیەتی گەرەنتیكردنی پڕۆسەیەكی پاكو بێگەرد، وتەبێژەكەی هاوپەیمانی باسیلە جێبەجێكردنی خاڵەكانی ناو یاداشتەكەیان كرد.
هەرچەندە حزبەكان ئامادەكارییان بۆ هەڵبژاردنەكە كردووە كە بڕیارە 30-9 بەڕێوەبچێتو لیستی كاندیدو پێداویستییەكانیان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووە، هاوكات كۆمسیۆن 5-9ی دیاریكردووە وەك ڕۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا ئەگەرو گومانەكان دەربارەی دواخستنی پڕۆسەكە بەردەوامن.
پەرەگراف زانیویەتی هەریەكە لە گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو كە هاوهەڵوێستی هاوپەیمانین ئەو یاداشتەیان بەلاوە باش بووەو بڕیارە ئەوانیش سەرنجو پێشنیاری خۆیان بگەیەننە كۆمسیۆن.
د.ڕێبوار ڕەتیكردەوە هیچكام لەو چوار لایەنە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی كردبێت، بەڵام سوورن لەسەر گەرەنتی پێشوەختی هەڵبژاردنێكی پاك، لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر گەرەنتی نەكرێت هەڵوێستیان چی دەبێت؟ وتەبێژەكەی هاوپەیمانی وتی"ئەوكات هەرچوار لایەنەكە كۆدەبینەوەو دیراسەی دەكەینو بڕیاری كۆتایی دەدەین."
هاوپەیمانی لە یاداشتەكەیدا تەئكید دەكاتەوە لە پێوستیی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانو دەڵێت"ناوی غەیری عێراقی دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستانی تێدایە."
هاوكات داوادەكات ناوی دەنگدەری تایبەت دەربهێنرێت لە لیستی دەنگدەری گشتیو تۆماری دەنگدەرانی كۆتاكان جیابكرێتەوە تاوەكو دەنگدەرانیان بتوانن لە نێوان خۆیاندا نوێنەریان هەڵبژێرنو قەوارە سیاسییەكان نەتوانن "ئیرادەیان بشێوێنن."
بۆ وەرگرتنی ڕای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم دەربارەی ئەو یاداشتەو داواكارییەكانی هاوپەیمانی، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆن، بەڵام بەردەست نەبوو.
دەقی یاداشتەكەی هاوپەیمانی