پەرەگراف- سوركێو محەمەد
ململانێی نێوان پارتیو یەكێتی دەچێتە قۆناغێكی تووند بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار، هەرلایەكیان دەڵێت، بۆئەو دەبێت، پارتی فوئاد حسێنی وەك كاندید دیاریكردو كێبڕكێ لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەكات.
یەكێتیو پارتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا یەكەمجارە بە دوو كاندیدی جیاواز دەكەونە ململانێ لەسەر ئەو پۆستە، ئەو دوو حیزبە بە چڕی هەوڵی ڕازیكردنی لیستە گەورەكانی عێراق دەدەن بۆ دەنگدان بە كاندیدەكانیان، نێچیرڤان بارزانی دوو ڕۆژی ڕابردووی لە بەغدادو نەجەف بەسەر برد، ئەمڕۆش بەرهەم ساڵح بۆ هەمان مەبەست گەیشتە بەغداد.
لە كۆتا ساتەكاندا پارتی كاندیدی خۆی ئاشكرا كرد كە فوئاد حسێنە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری پارتی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، چەند ناوێك لە بەردەست مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكەدا بووەو ئەو فوئاد حسێنی دیاریكردووەو ڕكابەری بەهێزی فازڵ میرانی بووە.
"د.فوئاد پەیوەندییەكی فراوانی دیبلۆماسیی هەیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانو وڵاتانی دەرەوەش، نزیكەی 17 ساڵە لەگەڵ كاك مەسعودەو لە زۆربەی سەردانەكانیدا یاوەریی كردووەو جێگای متمانەی خۆیەتی" ئەو سەرچاوەیە وای وت.
فوئاد حسێن، 13 ساڵە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمە، ساڵی ڕابردوو دوای وازهێنانی بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئەو لە پۆستەكەیدا مایەوە، بە فەرمی ئەندامی هیچ حزبێك نییە، پێشتر یەكێتی بووەو ناوەڕاستی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو وازی لەو حیزبە هێناوە، دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس(2003) گەڕاوەتەوە كوردستانو نزیك بووەتەوە لە پارتیو مەسعود بارزانی.
ئەو سەرچاوەیە كە ئاگاداری بڕیارو جموجۆڵەكانی پارتییە لە ئاستی باڵادا، بە متمانەیەكی زۆرەوە وتی"پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كاندیدی پارتی دەبێتو بەرهەم ساڵح نایباتەوە، پارتی بە بەرنامە كاری بۆكردووەو یەكێتییەكانیش ئەوە دەزانن."
ئەوە لەكاتێكدایە كەسانی نزیك لە بەرهەم ساڵح بەپێچەوانەوە دەڵێن، چانسی ئەوان زیاترەو كاندیدەكەیان بەهێزترە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. دواجار لە گۆڕەپانی ململانێكەدا كە پەرلەمانی عێراقە یەكێك لەو دوو كاندیدە دەچنەسەر كورسی سەرۆكایەتی وڵاتو ئەوی دیكەیان بە دڵ شكاوی دەگەڕێتەوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف دەڵێت"لای ئێمەوە مسۆگەرە ئەو پۆستە بۆ د.بەرهەم دەبێت، موستەحیلە بدرێت بە پارتی كە هەوڵی جیابوونەوەی داوە لە عێراق، كاندیدەكەشیان بەهێز نییەو دەستی هەبووە لە ڕیفراندۆمدا كە لایەنە عێراقییەكان بەتووندی دژی وەستانەوە."
ئەو سەرچاوەیە، ئەوەندە دڵنیابوو لەوەی پۆستەكە بۆ بەرهەم ساڵح دەبێت، وتی"تەنانەت ئەگەر كاك بەرهەم كاندیدی یەكێتیش نەبوایە هەر خۆی كاندید دەكرد، چونكە ئیشی بۆ كراوە كە ئەو پۆستە وەربگرێت، لەوانەش ڕازیبوونی ئەمەریكاو ئێرانە لەسەری، ئێستا نزیكەی 200 كورسی لە پەرلەمانی عێراق، ئێران ئاڕاستەیان دەكات."
بەڵام سەرچاوەكەی پارتی، فوئاد حسێن بە كاندیدێكی بەهێز لە قەڵەم دەدات، وتی"كەسێكی حیزبیی نییە ئەوە خۆی دەستكەوتێكە بۆ پارتی، پەیوەندیشی ئەوەندە بەهێزە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان زۆرجار كە كاك مەسعود كێشەی لەگەڵیان هەبووەو پەیوەندیی پچڕاوە لەگەڵیان، فوئاد حسێن بەردەوام لەسەرخەت بووەو قسەی لەگەڵدا كردوون."
دەربارەی ڕۆڵی ئێرانو ئەمەریكاو پشتیوانییان بۆ كاندیدەكەی پارتی، ئەو سەرچاوەیە وتی"عێراقییەكانو وڵاتانی دەرەوەش زۆر مەبەستیانە پارتی بگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی سیاسی عێراقو پێیانوایە لاواز بوونی پێگەی پارتی لە بەغداد هۆكاری ڕیفراندۆمو هەوڵی جیابوونەوەیە، لەبەرئەوە پشتیوانیی ئەو هەنگاوە دەكەن."
كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە پارتی نیگەران كرد، سەردانی دوێنێی نێچیرڤان بارزانیش بۆ بەغدادو كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان نیگەرانیی یەكێتی لێكەوتەوەو دەڵێن، پارتی تاك لایەنانە گفتوگۆی دەستپێكردووەو ئەوكارە لەگەڵ "یەكڕیزی ناو ماڵی كوردو یەك هەڵوێستی نایەتەوە" ئەمڕۆش بەرهەم ساڵحو بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی چوونە بەغداد.
لە بەرامبەردا هەر ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی وەڵامی یەكێتی دایەوەو دەڵێت، ئەو پۆستە بەش و ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و هەرگیز تاپۆ و پاوانی حزبێكی دیاریكراو نییە، "لە راستیدا پێداگیریی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە هیچ بەهانەیەكی موقنعی نییە."
پارتی وەك هێزی براوەی یەكەم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆی بە موستەحەقتر دەزانێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، یەكێتیش ڕێككەوتنی دابەشكردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێم دەكاتە پاساوی وەرگرتنی، لای پارتی ئەو ڕێككەوتنە كاری پێناكرێتو دەڵێن یەكێتی خۆی پشتگوێی خستووەو "هەلومەرجەكەش گۆڕاوە."
ئەوانە لەكاتێكدان بڕیاربوو لە كۆبوونەوەی سبەینێدا پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت، بەڵام كارنامەی كۆبوونەوەكە ئەو پرسەی تێدا نییەو دواخراوە، لە خولی یەكەمی هەڵبژاردندا كاندیدی براوە پێویستی بە دەنگی 219 پەرلەمانتارە لە كۆی 329، ئەگەر هەڵبژاردنەكە بكەوێتە گەڕی دووەم، كێبڕكێ لە نێوان كاندیدی یەكەمو دووەمی گەڕی یەكەمدا دەبێتو كێ زۆرینەی هێنا دەبێتە سەرۆك كۆمار.
سەرۆك كۆماری عێراق لە ساڵی 2005ەوە پشكی كوردە، لەو كاتەوە بۆ یەكێتی بووە بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی، ئێستا بەدەر لە پارتیو یەكێتی، كورد چەند كاندیدێكی دیكەی هەیە بۆ ئەو پۆستەو دەچنە كێبڕكێوە.