بەرهەم ساڵح داوای ڕەواندنەوەی گرژییەكان دەكاتو پارتی ئامادەنییە دەرگای بەڕوودا بكاتەوە
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
بەرهەم ساڵح سەردانی سلێمانی كردو داوای یەكڕیزیو ڕەواندنەوەی گرژییەكان دەكات، بەڵام هێشتا پارتی دەرگای بەڕوودا داخستووەو ئامادەنییە لە هەولێری پایتەخت پێشوازیی لێ بكات، پەرەگراف چەند هەوڵێك ئاشكرا دەكات كە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان بەرهەم ساڵحو مەسعود بارزانی دراونو سەرجەمیان بێئەنجام بوون.
سەردانەكەی بەرهەم ساڵح بۆ سلێمانی یەكەم سەردانیەتی بۆ دەرەوەی شاری بەغداد لەو كاتەوەی بووەتە سەرۆك كۆمار، پارێزگاری سلێمانیو بەرپرسانی یەكێتی نیشتیمانی پێشوازییان لێكرد.
سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆكەخانەی سلێمانی وتی، دەرفەتێكی نوێ هاتووەتە پێشەوە لە عێراق بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ئەویش بە هەموو هێزو توانای خۆیەوە هەوڵدەدات مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان بپارێزێت.
"ئەمڕۆ بەلامەوە گرنگ نییە، ئەو ڕۆژە بەلامەوە گرنگە كە كۆتایی بە ئەركەكەم دێت، ڕووی ئەوەم بێت لەگەڵ میللەتەكەی خۆمداو لەگەڵ خەڵكی عێراقدا بڵێین ئەم كارە باشانەمان كردوەو خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانمان كردووەو خزمەتی پێكهاتەكانی عێراقمان كردوە" بەرهەم ساڵح وای وت.
هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆماری عێراق لە سەرەتای ئەم مانگە، دوای ململانێیەكی تووند هات لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەو پۆستەی بە مافی خۆی دەزانی، بەهۆی ئەو ململانێیەوە پەیوەندیی لە نێوان بەرهەم ساڵحو ئەو حیزبەدا نەماوەو ئەو دۆخە كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیش هەبووەو گرژیی دروستكرد.
بەرهەم ساڵح لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا ئاماژەی بەوەشكرد، ئەركی داهاتوویان قورسەو كێشەكان چەند ساڵێكە هەن، دەربارەی چارەسەركردنیان وتی"ئیرادەی سیاسیو یەكڕیزیی دەوێت، كێشەو گیروگرفتمان هەیە، گرژی هەیە، ئەم گرژییانە دەبێت بڕەوێنینەوە."
ئەو وتانەی بەرهەم ساڵح لەكاتێكدایە، پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی، بەرهەم ساڵح لە ڕێی ئەمەریكیو ئێرانییەكانو لایەنە عێراقییەكانیشەوە هەوڵیداوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئاسایی بكاتەوە، بەڵام هەوڵەكان ئەنجامیان نەبووە.
"ئەمەریكیو ئێرانییەكان لە ئاستی باڵادا سەردانی مەسعود بارزانییان كردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، بەڵام ئەو ئامادەیی پیشان نەداوە" سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی سەردانو گفتوگۆكانە وای وت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لایەنە عێراقییەكانیش كە بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق سەردانی مەسعود بارزانییان كردووە هەمان هەوڵیانداوە، "بەڵام ئەو هەوڵەش سەركەوتوو نەبووەو تەنانەت بارزانی لای عێراقییەكان زۆر توندو خراپ قسەی لەسەر بەرهەم ساڵح كردووە."
پارتی كاربۆئەوە دەكات بە بەهێزیی بگەڕێتەوە بەغداد، دەیەوێت سەرجەم ئەو وەزارەتانەی بەر كورد دەكەون لە حكومەتی نوێی عێراق، خۆی پڕیان بكاتەوە، تائێستاش تەنها دوو وەزیری كورد دانراون هەردوكیان پارتین، ئەو حیزبە ڕەزامەند نییە هیچ وەزارەتێك لە بەغداد بدرێتە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانو دەڵێت، سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر هەموو پۆستەكانی دیكەی كوردە.
بوونی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق ئێستا ئەمری واقیعە، بەڵام پارتی ئامادەنییە دانی پێدا بنێت، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو حیزبە دەسەڵاتی باڵای هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیەو چەندین كێشە لە نێوان هەرێمو بەغدادا هەن كە بەرهەم ساڵح دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەر كردنیاندا بەتایبەت بەهۆی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێ.
ململانێی نێوان پارتیو یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە یەكەمجار بوو، هەربۆیە پرسەكە بوو بووە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندنو سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، دواجار بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی سەركەوت كە بۆئەو پۆستە وازی لە حیزبە نوێیەكەی هێناو گەڕایەوە ناو یەكێتی.
بەرهەم ساڵح بە گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتیو جێهێشتنی هاوپەیمانی دیموكراسیو دادپەروەری كە ساڵێك لە تەمەنی تەواو نەكردبوو، باجێكی زۆریدا لە ناو خەڵكداو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەدان كەس ڕەخنەی تووندو تانەو توانجیان لێگرت.
هاتنە دەرەوەو گەڕانەوە بۆ ناو حیزبو وازهێنان لە حیزبی نوێ، لە پێناو پۆستو پارەدا لەناو سیاسییەكانی كورددا شتێكی نوێ نییە، یەكێتی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە "گەڕانەوە بۆ ماڵە گەورەكە" ناودەبات، نەوشیروان مستەفاش ڕێكخەری كۆچكردوی گۆڕانو سیاسیی ناوداری كورد بە "هاوڕێی نیوەی ڕێگا" ناوی دەبردن.
بۆ بەرهەم ساڵح جیاوازییەكە ئەوەبوو خۆی كەسی یەكەمی ئەو حیزبە بوو كە دایمەزراند، بەڵام بۆ پۆستێك بەجێی هێشتو گەڕایەوە ناو حیزبەكەی پێشتری، بەوەش دەستبەرداری پڕۆژە نوێیەكەی بوو كە دوو چەمكی زۆر گەورەی هەڵگرتبوو ئەوانیش "دادپەروەری و دیموكراسی"ن.