پەرەگراف- سوركێو محەمەد
یەكەم نمایشی سیاسی بارزانی لە دوای نەمانی پۆستەكەی وەك سەرۆكی هەرێم و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو ڕیفراندۆم لە پایتەختی عێراق بوو، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتەكەدا نییە كە بەرهەم ساڵحەو لە پشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بارزانی لە سەردانەكەیدا "پەیامی بۆ سەركردە عێراقییەكان هەبووە دەربارەی بەرهەم ساڵح."
بەرهەم ساڵح بەرلەوەی بارزانی بگات، پایتەختی وڵاتی بەجێهێشتو بەرەو ئیتاڵیا گەشتیكرد، بەڵام ئەگەر لە بەغدادیش بوایە "بارزانی سەردانی نەدەكرد"، ئەمەش بەردەوامیی ئەو گرژییەیە كە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێوانیاندا دروست بوو.
سەردانەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتێكدایە، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بەرەو ئاسایی بوونەوەی تەواو دەچنو ڕێككەوتن لە بوارە جیاوازەكان لە ئارادایە بەتایبەت لەسەر پرسی نەوتو بودجە، بارزانی لە فڕۆكەخانەی بەغداد لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانو سەرۆكی دووەم گەورەترین كوتلەی پەرلەمان پێشوازییكرا، یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێ بوو.
سەرۆكی پارتی پشتیوانیی تەواوی بۆ عادل عەبدولمەهدی پیشاندا، ئەوان پێكەوە قسەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان كردو بەباشی بە شانو باڵی یەكدا هەڵیانداو تەنانەت عەبدولمەهدی وشەی "سەرۆك"ی بۆ بارزانی بەكارهێنا، بارزانیش بە "براو هاوڕێ" ناوی برد، هەروەها ئەوەیان هێنایەوە یاد كە پەیوەندییەكی دێرین لە نێوانیاندا هەیە بەتایبەت كاتێك پێكەوە خەباتیان دژی ڕژێمی بەعس كردووە.
لە وێستگەیەكی دیكەی سەردانەكەیدا بارزانی لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆبووەوەو پاشان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا، عامری هیوای خواست سەردانەكە "دەستپێكێكی خێر بێت" بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداو ڕابردوو لە یاد بكرێت.
مەسعود بارزانی لە كۆنگرەكەدا وتی"سەردانەكەم بۆ گەیاندنی پەیامێكە بۆ ناوخۆو دەرەوە، ئێمە ئامادەین پاڵپشتی ئەو هەلە نوێیە بكەین كە لەبەردەم ئێمەدایە."
سەرۆكی پارتی باسیلەوەشكرد، دەیانەوێت متمانەی نێوانیان لەگەڵ سەركردە عێراقییەكانو دەسەڵاتداران پتەو بكەنو "ئەو هەڵانەی لە ڕابردوو كراون ڕاستیان بكەینەوە."
بارزانی لە دوای ڕیفراندۆمو ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو یەكەمجارە سەردانی بەغداد دەكات، پەرەگراف لە سەرچاوەی باڵاوە زانیاریی ئەوە دەستكەوتووە، لەپاڵ گفتوگۆكردن لە كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداو چارەسەركردنیان، بارزانی پەیامێكیشی ئاڕاستەی سەركردە عێراقییەكان كردووە دەربارەی بەرهەم ساڵحو نوێنەرایەتیی كورد لە بەغداد.
بارزانیو بەرهەم ساڵح؛ ناكۆكیی بەردەوام
هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆماری عێراق لە سەرەتای مانگی ڕابردوو، دوای ململانێیەكی تووند هات لەگەڵ پارتەكەی بارزانی كە ئەو پۆستەی بە مافی خۆی دەزانی، بەهۆی ئەو ململانێیەوە پەیوەندیی لە نێوان بەرهەم ساڵحو ئەو حیزبەدا نەماوەو ئەو دۆخە كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیش هەبوو، گرژیی دروستكرد.
سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری سەردانەكەی بارزانییە بۆ پەرەگراف باسلەوەدەكات، سەردانەكە بەشێكی پەیوەندیی بە بەرهەم ساڵحو پێگەی كورد لە بەغداد هەیە، وتی"كاك مەسعود ئەو پەیامە دەگەیەنێتە لایەنە عێراقییەكان كە بەرهەم ساڵح نوێنەرایەتی كوردستان ناكات لە بەغداد، هاوكات پاڵپشتی بۆ فوئاد حسێن دەردەبڕێتو دەیەوێت پێگەی بەهێزو پرسەكانی پەیوەست بە كورد لای ئەو بێت."
فوئاد حسێن كاندیدی بارزانی بوو بۆ سەرۆك كۆمار لە بەرامبەر بەرهەم ساڵح، بەڵام دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوو، بارزانی كردی بە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی كە هاوكات وەزیری داراییە لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی.
ململانێی نێوان پارتیو یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە یەكەمجار بوو، هەربۆیە پرسەكە بوو بووە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندنو سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، دواجار بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی سەركەوت كە بۆئەو پۆستە وازی لە حیزبە نوێیەكەی هێناو گەڕایەوە ناو یەكێتی.
سەرچاوەكەی پەرەگراف وتیشی"بینینو گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرهەم ساڵح لە بەرنامەی بارزانیدا نییە نە لە بەغداو نە لە شوێنی دیكە. ڕەنگە سەركردە عێراقییەكان دەستپێشخەریی بكەن بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان، ئەوەش مەحاڵە بارزانی ڕازی بكات."
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، دوو ڕۆژ لەمەوبەر بارزانی كاتێك لەگەڵ پەرلەمانتارانی حیزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوە، "خراپ" باسی بەرهەم ساڵحی كردووە، وتیشی"لایەنی گرنگی سەردانەكە پەیوەندیی بە پارەوە هەیە بۆ كوردستانو بوژانەوەی دۆخی ئابوری، ئەوەش پەیوەستە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد، كاك مەسعود دەیەوێت فوئاد حسێن ڕۆڵی گرنگ ببینێت كە نوێنەرایەتی خۆی دەكات لە بەغداد."
هەرچەندە بوونی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق ئێستا ئەمری واقیعە، بەڵام پارتی ئامادەنییە دانی پێدا بنێتو لەوەتەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە بەرهەم ساڵح نەچووەتە شاری هەولێرو دهۆك، تەنها سلێمانیو هەڵەبجەی بینیوە ئەوەش لەبەرئەوەی پارتی پێشوازیی لێ ناكات.
ئەوە لەكاتێكدایە پارتی دەسەڵاتی باڵای هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیەو چەندین كێشە لە نێوان هەرێمو بەغدادا هەن كە بەرهەم ساڵح دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەر كردنیاندا، بەتایبەت بەهۆی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێ، بەڵام پارتی نایەوێت لە دەرگای بەرهەم ساڵحەوە كێشەكان چارەسەر ببن، سەردانەكەی بارزانیش لەو چوارچێوەیەو بۆ بەهێزكردنی پێگەی حیزبەكەیو نوێنەرەكانیەتی لە بەغداد بەتایبەت فوئاد حسێن.