ئاسایشی سلێمانی سینەما سالمی داخست، "زەنگێكی مەترسیدارە"

08-01-2019 08:17
ئاسایشی سلێمانی دەرگای سینەما سالمی داخست. وێنە؛ پەیجی سینەما سالم لە فەیسبوك.

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی دەرگای سینەما سالمی داخست، بەرپرسانی سینەماكە بە "زەنگێكی مەترسیدار" لە قەڵەمیدەدەن‌و دەڵێن، پەیوەندیی بە فیلمێكەوە هەیە كە باس لە ژیانی سەركردەیەكی تیرۆركراوی پەكەكە دەكات، پارێزگاری سلێمانی قسەی نییە لەسەر داخستنی سینەماكە.

"هێزێكی ئاسایشی سلێمانی هاتن بۆ سینەما سالم‌و دەرگای هۆڵی سینەماكەیان داخست بەبێ هیچ نوسراوێكی فەرمیی، داوامان لێكردن نوسراوی فەرمیی داخستنەكەمان بدەنێ‌و هۆكارەكەی چییە، وتیان فەرمانمان پێكراوە دایبخەین‌و بە زمانی ئەوان؛ زۆر لەسەری نەڕۆین باشترە" ئەمە وتەی ڕەوەز حەمەساڵح، بەڕێوەبەری سینەما سالمە دەربارەی داخستنی سینەماكەیان.

بەڕێوەبەری سینەماكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، بڕیاربووە 11ی ئەم مانگە كورتە فیلمێكی سینەمایی لەسەر ژیانی ساكینە جانسز كە ماوەكەی تەنها 20 خولەكە لە سینەماكەیان نمایش بكرێت، وتی"ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو بەردەوام ئاسایشی سلێمانی هاتوون وتویانە نابێت نمایش بكرێت‌و مۆڵەتی نییە، ئەوانەی دەیانویست فیلمەكە نمایش بكەن مۆڵەتی وەزارەتی ڕۆشنبیرییان هێناو دوێنێ من ڕادەستی ئاسایشم كرد، بەڵام وەڵامی ئاسایش ئەمڕۆ داخستنی سینەماكە بوو."

ئەوە یەكەمجار نییە ئاسایش ڕێگریی لە پەخشكردنی فیلم لەو سینەمایە دەكات، پێشتریش ڕێگریی لە پەخشكردنی فیلمێك كرا بەناوی 14ی تەمموز كە بەهەمانشێوە پەیوەندیی بە پەكەكەوە هەبوو، بەڵام دواتر بە هەوڵی وەزارەتی ڕۆشنبیریی فیلمەكە پەخشكرا.

داخستنی سینەما سالم كاردانەوەی لێكەوتەوەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەیان كەس دژی ئەو كارەی ئاسایش قسەیان كردووەو پشتیوانییان بۆ سینەما سالم دەربڕیوە.

لەسەر ئەو پرسە، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی‌و سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی ئامادەنیە قسە بكات‌و هەڵوێستی خۆی ڕوونبكاتەوە، ئەو بۆ پەرەگراف وتی"هیچ قسەی لەسەر ناكەم، با لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری‌و لایەنی پەیوەندیدار قسە بكەم، بزانم چییە."

پەرەگراف پرسیاری ئەوەی لە پارێزگاری سلێمانی كرد، دواتر پەیوەندیی پێوەبكەینەوە بۆ وەرگرتنی لێدوانێك؟ لە وەڵامدا وتی"شتێكم هەبێت لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا دەیڵێم."

داخستنی سینەما سالم لە سلێمانی كە بە فەرمیی نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیریی لێنراوە، دوای فشارەكانی توركیادێت بۆسەر حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەو شارە بەهۆی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پەكەكەو هەژموونی ئەو ڕێكخراوە لە سلێمانی كە توركیا بە "تیرۆریست" لە قەڵەمی دەدات.

لەو چوارچێوەیدا پێشتر سەرجەم بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی-نزیك لە پەكەكە- بە فشاری هێزەكانی ئاسایش(یەكێتی) لە تەواوی ناوچەكانی هەرێم داخران، پاساوەكە نەبوونی مۆڵەت بوو، بەڵام بەرپرسانی تەڤگەر دەڵێن، فشارەكان سیاسیی بوون نەك یاسایی.

سینەما سالم 3 ساڵە دامەزراوە، بەرپرسانی سینەماكە دەڵێن، سینەماكە سەربەخۆیەو پەیوەندی نییە بەهیچ لایەنێكەوەو بەردەوام فیلمیان نمایشكردووە بەتایبەت فیلمی كوردیی‌و پێیانوایە گۆڕانكاریی دەكرێت لەڕێی فیلم‌و هونەرو كولتورەوە ڕووبدات.

"داخستنی سینەما لەوانەیە لە مێژووی ئەم شارەو ئەم وڵاتە وەكو خاڵێكی هەرە ناشرین بمێنێتەوە" بەڕێوەبەری سینەما سالم وای وت، وتیشی"ئەوانەی پڕوپاگەندەی شاری ڕۆشنبیریی دەكەن ئەركەكەی لەسەر ئەو شوێنانەی وەك ئەم سینەمایە بووە كە خۆبەخشانە ئیشیان كردووەو ئەوان كەشوفشەكەیان پێوە كردووە."

ڕەوەز حەمەساڵح داخستنی سینەماكەیان بە "زەنگێكی مەترسیدار بۆ ئازادیی" لە قەڵەم دەدات، پرسیاری ئەوەی كرد، ترسی دەسەڵاتداران لە فیلمێكی 20 خولەكیی دەبێت چی بێت؟ دەبێت فیلمێكی 20 خولەكیی مەترسی بۆچی دروست بكات؟ وەك ئاماژەیەك بۆ فیلمەكە لەبارەی ژیانی ساكینە جانسز كە بڕیاربووە نمایش بكرێت.

ساكینە جانسز یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكەو فیدان دۆغان‌و لەیلا سۆیلەمەز چالاكوانانی نزیك لە پەكەكە، لە 9 ی كانوونی دووەمی 2013 لە پاریس كوژران، بەپێی میدیای فەڕەنسا، میت دەستی هەبووە لە كوشتنی ئەو سێ ژنە چالاكوانە كوردەدا.

فشارەكانی توركیا دوای دەستگیركرانی دوو بەرپرسی میت لە سلێمانی

توركیا چەندینجار بە فەرمی‌و لە ئاستی باڵادا یەكێتی تۆمەتباركردووە بە پشتیوانییكردن لە پەكەكە، بەتایبەت دوای دەستگیركردنی دوو بەرپرسی باڵای میت لەلایەن پەكەكەوە لە سلێمانی، ئەوەش پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتی تێكداو نوێنەری یەكێتی لە توركیا دەركراو هۆكاربوو بۆ داخستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا.

تەنانەت جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ داخستنی بارەگای حیزبە بێ مۆڵەتەكان كە ڕاستەوخۆ تەڤگەری ئازادیی كردە ئامانج، پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو سلێمانی ئاسایی نەكردەوەو دوای داخستنی سەرجەم بارەگاكانی تەڤگەر، جارێكیتر گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی درێژكرایەوە.

دەستگیركردنی دوو بەرپرسی باڵای میت لەلایەن پەكەكەوە لە سلێمانی، سەرەتای توڕەیی‌و نیگەران بوونی توركیا بوو، ئەو وڵاتە فشارەكانی بۆسەر حیزبەكانی باشوور دەستپێكرد‌و دەیوست فشارەكان كاریگەرییان هەبێت بۆسەر پەكەكە تا دوو میتەكە ئازاد بكات، بەڵام كاتێك ئەوە سەرینەگرت، فشارەكان چوونە قۆناغێكی دیكەو سلێمانی سزا درا بە پاساوی هەژموونی پەكەكەو هاوكاریكردنی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەو پارێزگایە.

توركیا ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخست‌، مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە ئاشكرا یەكێتی‌و گۆڕانی تۆمەتباركرد بە هاوكاریكردنی پەكەكە. بەڵام ئەو دوو حیزبە كە دەسەڵاتی ئەمنیی‌و ئیداریی پارێزگاكەیان بەدەستەوەیە تۆمەتەكەیان ڕەتكردەوە.

دوو بەرپرسە باڵاكەی میت سەرەتای مانگی هەشتی 2017 لەلایەن تیمێك لە گەریلاكانی پەكەكەوە دەستگیركران‌و گەیەندرانە قەندیل.

پەرەگراف پێشتر لە بەدواداچوونێكی ورد دا ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەو دوو میتە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە هەبووەو بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت كە لە ڕێگەی هەلیكۆپتەرەوە ئەنجامبدرێت‌و جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە بكرێتە ئامانج، سەردانی ڕێگای (ڕانیە-دوكان)یان كردبوو، بەڵام پیلانەكە پێچەوانە بووەوەو پەكەكە ئەوانی دەستگیركرد.