كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا دەستیپێكرد

11-01-2019 03:16
كاروانێكی سەربازانی ئەمەریكا لە نزیك مەنبج/ 30-12-2018. وێنە؛ دەلیل سولەیمان/ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف

هێزەكانی ئەمەریكا دەستیان كرد بە پڕۆسەی كشانەوەیان لە خاكی سوریا.

شۆن ڕایان، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی شەڕی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا ئەمڕۆ ڕایگەیاند"پڕۆسەی كشانەوەی هێزەكانمان لە سوریا دەستیپێكرد."

ڕایان زانیاریی زیاتری ئاشكرا نەكرد لەبارەی خشتەی كاتیی بۆ كشانەوەكەو ئەو خاڵانەی لێی دەكشێنەوەو جوڵەی هێزەكانیان لە كاتی كشانەوەكەدا.

ئەو هەنگاوە سەرەتای جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی مانگی ڕابردووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایە بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە خاكی سوریا. نزیكەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژكاریی ئەمەریكیی لە سوریان، ناوچەی جێگیربوونیان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-ە، كە لەلایەن كوردەكانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن.

بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ كشانەوە لە سوریا، دوای هەڕەشەكانی توركیا هات بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش بە مەترسی دادەنرێت بۆسەر كورد. لە دوای بڕیارەكەی ترەمپ، هەڕەشەكانی توركیا زیاتربوون.

هاوكات ئەمڕۆ خولوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا‌و سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەو وڵاتەو فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی توركیا، یەكە سەربازییەكانی وڵاتەكەیان لەسەر سنوری سوریا بەسەركردەوە.

وەزیری بەرگریی توركیا ڕایگەیاند"مەسەلەی مەنبج و خۆرهەڵاتی فوڕات لە پێشمانن. لەمبارەیەوە پلانی پێویست داندراوە. بەشێوەیەكی چڕ بەردەوامین لە ئامادەكارییەكانمان. كە شوێن و كاتی هات، هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشوو، تیرۆریستانی ئێرەش لەو چاڵانەی كە هەڵیان كەندووە، دەنێژرێن"، مەبەستی ئاكار شەڕڤانانی یەپەگەیە كە ئەو بە "تیرۆریست" ناویان دەبات.

خولوسی ئاكار وتیشی"دەوڵەتی كۆماری توركیا تا دوا ڕادە پێداگیرە لەوەی لە وڵاتەكەمان و ئەودیوی سنوورەكانمان لە هەركوێ بێت كۆتایی بە تیرۆر بهێنێت. تاكە ئامانجمان تیرۆریستانن. هەركەسێك كە خاوەنی عەقڵ بێت دەزانێت لەگەڵ خوشك و برا كوردەكانماندا كە وەك گۆشت و خوێن تێكەڵاوی یەكتر بووین، هیچ كێشەیەكمان نییە."

ئەمەریكا دوای بڕیاری كشانەوەی لە سوریا، مەرجی ئەوەی بۆ توركیا دانا كە هێرش نەكاتەسەر كورد، بەڵام توركیا بەو مەرجە ڕازی نییەو لەسەر ئەو پرسە كێشەو ناكۆكی لە نێوان ئەمەریكاو توركیا دروست بووە.

گرژی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا بە ئاشكرا دەركەوت، كاتێك 8ی ئەم مانگە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئامادەنەبوو لەگەڵ جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا كۆببێتەوە‌و بۆڵتن بەبێ دیدار لەگەڵ ئەردۆغان ئەنقەرەی بەجێهێشت.

ئەردۆغان لە وتەیەكیدا لە پەرلەمانی توركیا ڕەخنەی لە جۆن بۆڵتن گرت كە مەرجی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە توركیا داناوە، مەرجەكەش تێكشكاندنی تەواوەتی داعش و گەرەنتی پاراستنی هێزە كوردییەكانە دوای كشانەوەی ئەمەریكا، ئەمەش توركیای توڕە كرد. ئەردۆغان مەرجەكانی بۆڵتن بە "هەڵەیەكی جددی" ناو دەبات، وتی"توركیا ناتوانێت قبوڵت بكات."

بۆڵتن بە توركیای وتووە، ئەمەریكا دژی هەر مامەڵەكردنێكی خراپە بەرامبەر ئەو هێزە كوردییانەی هاوپەیمانی ئەمەریكان، توركیا نیگەرانە لەو هەڵوێستەی ئەمەریكاو دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات ئەنجام بدات كە مەبەستی شەڕە دژی شەڕڤانانی یەپەگە.

مانگی هەنگوینی توركیا و ئەمەریكا ئەوكاتە دەستیپێكرد كە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا و لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەردۆغان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەشێوەیەكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراو بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی دا لە سوریا، ئەوەش كاردانەوەیەكی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی جەمیس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و برێت ماكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش.

لیندزی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، لەسەرەتاوە بە توندی دژی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا وەستایەوە و بەردەوام باسی لە پێویستی پاراستنی هێزە كوردییەكانی هاوپەیمانی ئەمەریكا دەكرد لە سوریا كە لەژێر هەڕەشەی توركیادان، سیناتۆرەكە چووە كۆشكی سپی تا دڵنیانەبوو لە پاراستنی كورد لە سوریا، دەستبەرداری ئەو پرسە نەبوو.

گراهام لە ڕۆژی 30ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، لە دوای كۆبوونەوەی لە كۆشكی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ترەمپ سوورە لەسەر بڕیاری كشانەوەی لە سوریا، بەڵام پەلە ناكات لەو كارە و دەبێت دڵنیابێتەوە لە تێكشكاندنی داعش و كەمبوونەوەی هەژموونی ئێران و پاراستنی كوردەكان.

ئەو وتانە هەر زوو لەلایەن بەرپرسانی توركیاوە ڕەتكرایە و نیگەرانیی لێ كەوتەوە، بەڵام دواتر مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و خودی ترەمپیش دوپاتی پاراستنی كوردەكانی سوریایان كردەوە، بەوەش پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و واشنتۆن جارێكی دیكە گرژییان تێكەوتەوە.

لەو كاتەوەی واشنتن لە مانگی تشرینی یەكەمی 2015 بڕیاری دا یارمەتیی سەربازیی هێزە كوردییەكان بدات و چەند مانگی دواتریش ژمارەی هێز و ڕاوێژكارە ئەمەریكییەكانی لە سوریا بۆ هاوكارییكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی- زیاد كرد، پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێكەوت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا توركیا بەردەوام بووە لە فشارەكانی بۆ سەر ئەمەریكا بە ئامانجی دوورخستنەوەی لە شەڕڤانانی یەپەگە، تەنانەت هەركاتێك سەربازانی ئەمەریكاو شەڕڤانانی یەپەگە پێكەوە دەردەكەون، توركیا تای بەرزدەبێتەوەو ناڕەزایی پیشاندەدات.

توركیا، یەپەگە(باڵی سەربازی پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە پەكەكە لەقەڵەم دەدات‌و بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، بەڵام ئەمەریكا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەپەگە هەبووەو گوێی بە ناڕەزاییەكانی توركیا نەداوە.

داعش ناوچەیەكی كەمی لە خاكی سوریا بە دەستەوە ماوەو لەسەر دەستی شەڕڤانانی كورد گورزی كوشندەی بەركەوتووە، یەپەگە كە هێزی سەربازیی كوردە لە ڕۆژئاوا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە دژی داعش‌و توانیویەتی تەواوی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەندێك ناوچەی دیكەش لە تیرۆریستان پاكبكاتەوە، ئەوەش بە هاوكاریی ئەمەریكاو هاوپەیمانان.

دوای بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ كشانەوە، كورد ڕوویكردە ڕوسیاو سوریا بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای كوردستان لە هێرشی توركیا، تائێستا چەند خولێكی گفتوگۆ لەنێوان كوردو سوریا ئەنجامدراوەو بە نێوەندگیریی ڕوسیا كاربۆ ڕێككەوتنی ئەو دوو لایەنە دەكرێت، بەجۆرێك ئەركی پاراستنی سنورەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە هێزی سوریا بسپێردرێت بەوپێیەی بەشێكە لە خاكی ئەو وڵاتە.