ترەمپ: ئابوری توركیا وێران دەكرێت ئەگەر هێرش بكاتەسەر كوردانی سوریا

14-01-2019 09:28

 پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە توركیا دەكات بە وێرانكردنی ئابوریی ئەو وڵاتە ئەگەر هێرش بكاتەسەر كوردانی سوریا، ئەوەش دوای سووربوونی توركیادێت بۆ هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستان.

سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتەری فەرمیی خۆی دەستپێكردنی كشانەوەی هێزەكانیانی لە سوریا ڕاگەیاند‌و باسلە بەردەوامیی لێدانی داعش دەكات، دەڵێت"ئابوری توركیا وێراندەكرێت ئەگەر لە كوردەكان بدات. دروستكردنی 20 میل ناوچەیەكی پارێزراو. بە هەمان شێوە نامانەوێت كوردەكان توركیا ئیسفزاز بكەن."

ئەوە یەكەمجارە ترەمپ هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە توركیا بكات لە ئەگەری هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر كورد، هاوكات سەرۆكی ئەمەریكا وردەكاریی ئەو ناوچە پارێزراوەی باس نەكردووە كە باسلە دروستكردنی دەكات.

ترەمپ جارێكی دیكە تەئكید لەوە دەكاتەوە، ڕووسیا و ئێران و سوریا گەورەترین سودمەند بوون لە سیاسەتە درێژخایەنەكەی ئەمەریكا بۆ لەناوبردنی داعش لە سوریا، "ئێمەش سوودمەنددەبین، بەڵام ئیتر كاتی ئەوە هاتووە هێزەكانمان بگەڕێنەوە. ئەو شەڕە بێ كۆتایـیە ڕابگرن."

پەیامەكەی ترەمپ كاردانەوەی توركیای لێكەوتەوەو وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، دەڵێت"بەڕێز دۆناڵد ترەمپ تیرۆریستان نابنە هاوبەش و هاوپەیمانتان. توركیا چاوەڕوانی لە ئەمەریكا ئەوەیە بەرپرسیارێتیە هاوبەشە ستراتیجییەكان بەجێبگەیەنێت‌و بە پڕوپاگەندەكردنی تیرۆر سێبەر نەخاتە سەر ئەوە."

ئیبراهیم كاڵن لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تویتەر، وتیشی"بەڕێز دۆناڵد ترەمپ یەكسانكردنی كوردەكان لەگەڵ پەكەكە كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایەو باڵی سووریای پەیەدە/یەپەگە، هەڵەیەكی كوشندەیە. توركیا بەرەنگاری تیرۆریستان دەبێتەوە نەك كوردەكان. كوردەكان و سوورییەكانی دیكە لە مەترسی تیرۆر دەپارێزین."

بڕیارەكەی مانگی ڕابردووی ترەمپ بۆ كشانەوە لە سوریا، دوای هەڕەشەكانی توركیا هات بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش بە مەترسی دادەنرێت بۆسەر كورد. لە دوای بڕیارەكەی ترەمپ، هەڕەشەكانی توركیا زیاتربوون. بڕیاری كشانەوەكە ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوەو چەندین كاربەدەستی باڵای ئەمەریكا هەوڵیاندا ترەمپ پاشگەز بكەنەوە، بەڵام هەوڵەكانیان سوودی نەبوو.

نزیكەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژكاری ئەمەریكیی لە سوریان، ناوچەی جێگیربوونیان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-ە، كە لەلایەن كوردەكانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن.

ئەمەریكا دوای بڕیاری كشانەوەی لە سوریا، مەرجی ئەوەی بۆ توركیا دانا كە هێرش نەكاتەسەر كورد، بەڵام توركیا بەو مەرجە ڕازی نییەو لەسەر ئەو پرسە كێشەو ناكۆكی لە نێوان ئەمەریكاو توركیا دروست بووە.

گرژی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا بە ئاشكرا دەركەوت، كاتێك 8ی ئەم مانگە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئامادەنەبوو لەگەڵ جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا كۆببێتەوە‌و بۆڵتن بەبێ دیدار لەگەڵ ئەردۆغان ئەنقەرەی بەجێهێشت.

ئەردۆغان لە وتەیەكیدا لە پەرلەمانی توركیا ڕەخنەی لە جۆن بۆڵتن گرت كە مەرجی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە توركیا داناوە، مەرجەكەش تێكشكاندنی تەواوەتی داعش و گەرەنتی پاراستنی هێزە كوردییەكانە دوای كشانەوەی ئەمەریكا، ئەمەش توركیای توڕە كرد. ئەردۆغان مەرجەكانی بۆڵتن بە "هەڵەیەكی جددی" ناو دەبات، وتی"توركیا ناتوانێت قبوڵت بكات."

بۆڵتن بە توركیای وتووە، ئەمەریكا دژی هەر مامەڵەكردنێكی خراپە بەرامبەر ئەو هێزە كوردییانەی هاوپەیمانی ئەمەریكان، توركیا نیگەرانە لەو هەڵوێستەی ئەمەریكاو دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات ئەنجام بدات كە مەبەستی شەڕە دژی شەڕڤانانی یەپەگە.

مانگی هەنگوینی توركیا و ئەمەریكا ئەوكاتە دەستیپێكرد كە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا و لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەردۆغان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەشێوەیەكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراو بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی دا لە سوریا، ئەوەش كاردانەوەیەكی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی جەمیس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و برێت ماكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش.

لیندزی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، لەسەرەتاوە بە توندی دژی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا وەستایەوە و بەردەوام باسی لە پێویستی پاراستنی هێزە كوردییەكانی هاوپەیمانی ئەمەریكا دەكرد لە سوریا كە لەژێر هەڕەشەی توركیادان، سیناتۆرەكە چووە كۆشكی سپی تا دڵنیانەبوو لە پاراستنی كورد لە سوریا، دەستبەرداری ئەو پرسە نەبوو.

گراهام لە ڕۆژی 30ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، لە دوای كۆبوونەوەی لە كۆشكی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ترەمپ سوورە لەسەر بڕیاری كشانەوەی لە سوریا، بەڵام پەلە ناكات لەو كارە و دەبێت دڵنیابێتەوە لە تێكشكاندنی داعش و كەمبوونەوەی هەژموونی ئێران و پاراستنی كوردەكان.

ئەو وتانە هەر زوو لەلایەن بەرپرسانی توركیاوە ڕەتكرایە و نیگەرانیی لێ كەوتەوە، بەڵام دواتر مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و خودی ترەمپیش دوپاتی پاراستنی كوردەكانی سوریایان كردەوە، بەوەش پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و واشنتۆن جارێكی دیكە گرژییان تێكەوتەوە.

لەو كاتەوەی واشنتن لە مانگی تشرینی یەكەمی 2015 بڕیاری دا یارمەتیی سەربازیی هێزە كوردییەكان بدات و چەند مانگی دواتریش ژمارەی هێز و ڕاوێژكارە ئەمەریكییەكانی لە سوریا بۆ هاوكارییكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی- زیاد كرد، پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێكەوت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا توركیا بەردەوام بووە لە فشارەكانی بۆ سەر ئەمەریكا بە ئامانجی دوورخستنەوەی لە شەڕڤانانی یەپەگە، تەنانەت هەركاتێك سەربازانی ئەمەریكاو شەڕڤانانی یەپەگە پێكەوە دەردەكەون، توركیا تای بەرزدەبێتەوەو ناڕەزایی پیشاندەدات.

توركیا، یەپەگە(باڵی سەربازی پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە پەكەكە لەقەڵەم دەدات‌و بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، بەڵام ئەمەریكا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەپەگە هەبووەو گوێی بە ناڕەزاییەكانی توركیا نەداوە.

داعش ناوچەیەكی كەمی لە خاكی سوریا بە دەستەوە ماوەو لەسەر دەستی شەڕڤانانی كورد گورزی كوشندەی بەركەوتووە، یەپەگە كە هێزی سەربازیی كوردە لە ڕۆژئاوا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە دژی داعش‌و توانیویەتی تەواوی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەندێك ناوچەی دیكەش لە تیرۆریستان پاكبكاتەوە، ئەوەش بە هاوكاریی ئەمەریكاو هاوپەیمانان.

دوای بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ كشانەوە، كورد ڕوویكردە ڕوسیاو سوریا بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای كوردستان لە هێرشی توركیا، تائێستا چەند خولێكی گفتوگۆ لەنێوان كوردو سوریا ئەنجامدراوەو بە نێوەندگیریی ڕوسیا كاربۆ ڕێككەوتنی ئەو دوو لایەنە دەكرێت، بەجۆرێك ئەركی پاراستنی سنورەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە هێزی سوریا بسپێردرێت بەوپێیەی بەشێكە لە خاكی ئەو وڵاتە.