مانگرتن بۆ ئاشتی

مانگرتنی لەیلا گوڤەن پێ دەنێتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە
14-01-2019 05:09
لەیلا گوڤەن لە زیندانی ئامەد دوای مانگرتنەكەی.

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم


پەرلەمانتارێكی هەدەپە لە زیندانی ئامەد لە باكوری كوردستان، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مانی لە خواردن گرتووە و لە ئێستاشدا سەرەڕای تێكچوونی دۆخی تەندروستی و مەترسی لەسەر ژیانی، ئامادە نییە مانگرتنەكەی بشكێنێت.

لە ڕۆژی 8ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە، لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (كەجەدە) و پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، لە زیندانی ئامەد لە باكوری كوردستان مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووەو تا ئێستاش بەردەوامە، لەیلا دەڵێت: تا داواكارییەكەی جێبەجێ نەكرێت مانگرتنەكەی ناشكێنێت.

داواكاریی لەیلا گوڤەن، 55 ساڵ، كۆتاییهێنانە بەو گۆشەگیرییەی بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان سەپێندراوە لە زیندانی ئیمراڵی، هەرچەندە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان درا لەگەڵ برایەكیدا، بەڵام لەیلا گوڤەن و مانگرتوانی دیكە داوای كۆبوونەوەی ئۆجەلان و پارێزەرەكانی دەكەن.

پێش دیدارەكەی ڕۆژی 12ی ئەم مانگەی عەبدوڵا ئۆجەلان و محەمەدی برای، دوایین چاوپێكەوتنی نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و خانەوانەدەكەی، دەگەڕێتەوە بۆ 11ی ئەیلولی 2016، لەو ماوەیەشدا دەوڵەتی توركیا ڕێگای بە هیچ یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەكەی نەدابوو سەردانی ئۆجالان بكەن.

هەروەها لە 27ی تەمووزی 2011ـەوە، بە بیانووی لاوەكی ڕێگە بە دیداری ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرانی نادرێت و تا ئێستا نزیكەی 800 جار داواكاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتكراوەتەوە.

لەیلا گوڤەن لە زیندان دوای مانگرتنەكەی.

مانگرتن لە خواردن یەكێكە لە چالاكییە باوەكان لەنێو سیاسەتمەداران و چالاكوانانی باكوری كوردستان، پێشتریش لە ساڵی 1982 لە هەمان ئەو زیندانەی ئێستا لەیلا گوڤەنی تێدا دەستگیركراوە، پێنج سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە دژی خراپی مامەڵەی بەرپرسانی زیندانەكە لەگەڵ زیندانییە سیاسییەكاندا، مانگرتن تا مردنیان لە خواردن ڕاگەیاند، دواجار چوار لە زیندانییەكان بەهۆیەوە گیانان لەدەستدا، بەڵام دەوڵەت ناچاربوو لەگەڵ پێنجەمیاندا، كە مستەفا قەرەسوو-بوو و ئێستا سەركردەیەكی پەكەكەیە لە قەندیل، بكەوێتە گفتوگۆوە و سەرجەم داواكارییەكانی جێبەجێ بكەن.

گوڤەن، كە لە ڕۆژی 31ی كانونی دووەمی 2018ەوە دەستگیركراوە، یەكێكە لەو نۆ پەرلەمانتارەی هەدەپە كە ئێستا لە زیندانەكانی توركیادان و بە تۆمەتی بانگەشەكردن یاخود بەشدارییكردن لە چالاكییەكانی پەكەكەدا دەستگیركراون، پێشتریش، گوڤەن بەهۆی بەشدارییكردن لە یادی لەدایكبوونی عەبدوڵا ئۆجالان لە گوندی ئامارای شاری ئورفەی باكوری كوردستان دەستگیركرابوو.

هاوكات سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەزینداندایە، لە 31ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، لە بارەی چالاكییەكەی لەیلا گوڤەن لە نامەیەكدا ڕایگەیاند"پێویستە هەموو لایەك بۆ سەرخستی داواكارییەكانی لەیلا گوڤەن و لابردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان هەوڵبدەین، ئۆجالان لە ساڵی 1993وە كار بۆ ئاشتی دەكات، بۆیە شارەزای پڕۆسەی ئاشتییەو بێ ئۆجالان ئاشتی نابێت."

لە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەكەی لەیلا گوڤەن، ئەندام و هەوادارانی هەدەپە لە وڵاتانی ئەوروپا و شارەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان بە مانگرتن گرت.

لە شاری هەولێر، ئەندامانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان، لە ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2018ەوە مانگرتنیان بەشێوەی خولی ڕاگەیاندووە، مانگرتنەكە بەشێوەیەكە هەر دوو ڕۆژ جارێك گروپێكی چەند كەسی مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن، تا ئێستا نزیكەی 30 گروپ بە بەشداری نزیكەی 300 ئەندام بەشدارییان لە مانگرتنەكەدا كردووە.

هەروەها ناسر یاگیز، كە ئەندامێكی نوێنەرایەتی هەدەپەیە لە شاری هەولێر ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە مانگرتنی لەخواردن ڕاگەیاندووە، بەو هۆیەشەوە باری تەندروستی تێكچووە و 10 كیلۆ لە كێشی كەمی كردووە.

مانگرتووانی هەولێر.

موزەیەن گونەش، هاوسەرۆكی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشوری كوردستان دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی زانیاریی لەسەر تەندروستیی عەبدوڵا ئۆجالان بەدەست هاتووە، بەڵام ئامانجی ئەوان هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیریەیە، كە خراوەتە سەری، وتی"ئێمە دەمانەوێت پارێزەكانی چاویان پێ بكەوێت و لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی ئەو بن لە زیندان، هەتا ئەوكاتەش بەردەوام دەبین لە چالاكیی."

لە شاری سلێمانیش، ڕێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لە ڕۆژی 14ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەی خولی بۆ پشتگیرییكردن لە لەیلا گوڤەن مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، هاوكات مانگرتن بۆ هەمان مەبەست لە كەمپی مەخموری تایبەت بە ئاوارەكانی باكوری كوردستان و لە شارۆچكەی شەنگالیش دەستیپێكردووە.

هەروەها لە زیندانەكانی توركیاشدا، لە ئێستادا 226 زیندانیكراوی كورد وەك پشتگیریی لە لەیلا گوڤەن مانگرتنیان ڕاگەیاندووەو بە وتەی پارێزەری زیندانییەكان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەكە لە بەرزبوونەوەدایە.

ئەمە یەكەمجار نییە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە گۆشەگیریی بخرێتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، پێشتر و لە ساڵی 2012، بەهەمان شێوەی ئێستا بۆ ماوەیەكی زۆر ڕێگە نەدرا هیچ كەس سەردانی ئۆجالان بكات لە زیندانی ئیمراڵی، دژی ئەو كارەش شەپۆلێكی مانگرتنی فراوان لە توركیا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێكرد، تا دواجار دەوڵەت ڕێگەی بۆ دیداری ڕێبەری پەكەكە كردەوە و ئۆجەلان بە نامەیەك داوای لە هەمووان كرد كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن و بەو شێوەیە مانگرتنەكان كۆتاییان هات.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی حوزەیرانی 2018ی توركیا، دوو كاندیدی كورد و تورك لە زینداندابوون، هەردووكیشیان دەنگی پێویستیان هێناو بوونە پەرلەمانتار، كوردەكە لەیلا گوڤەن بوو كە لە زیندانەوە سەركەوت بۆ پەرلەمان، بەپێی یاساكانی توركیا، پەرلەمانتار خاوەنی پارێزبەندییەو دەبێت لەو دۆخێكی وەهادا ئازاد بكرێت.

ئەنیس بەربەرۆغڵو، كاندیدە سەركەتووە توركەكە، ئازاد كرا. لەیلا گوڤەن، كاندیدە سەركەوتووە كوردەكە، لە زیندان مایەوەو ئازاد نەكرا.

لەیلا گوڤەن بەرلە زیندانیكردنی.

ماوەی زیاتر لە 68 ڕۆژە گوڤەن هیچ خواردنێكی نەخواردووە، بەو هۆیەشەوە 15 كیلۆ لە كێشی دابەزیوە، ئەوەی وەریدەگرێت ڕۆژانە سێ كەوچك شەكر، دوو كەوچكی بچوك خوێ، ئاو و 500 میلیگرام ڤیتامین Bـیە، بەڵام وردە وردە ئەو شتانە فریای ناكەوێت، لە ئێستاشدا هەستی بینین و بیستنی بەڕادەیەكی زۆر لەدەستداوە، بەڵام وەك خۆی پێشتر وتوویەتی، ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناو پڕۆسەی ئاشتیدا ببەخشێت.

كاتێك ڕۆژنامەنوسێك لەڕێی پارێزەرەكانیەوە پرسیاری لەبارەی پێشبینییەكانی لەم مانگرتنە لە لەیلا گوڤەن كرد، ئەو چیرۆكەكەی بەستەوە بەو گەنجە تونسییەی ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و شۆڕشی لە چەند وڵاتێكە بەرپا كرد، گوڤەن وتی"هەمان ئەگەر لە وڵاتەكەی ئێمەشدا كراوەیە."

ڕۆژی 10ی ئەم مانگە، پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) ڕاگەیەندراوێكی لەسەر دۆخی لەیلا گوڤەن بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد دۆخی گوڤەن گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، بەڕادەیەك نەیتوانیوە چاوی بە پارێزەرەكانی بكەوێت، هەدەپە، بەپرسانی زیندانی ئامەد و حكومەتی توركیای بە بەرپرس دانا لەهەر دۆخێكی نەخوازراو كە بەسەر پەرلەمانتارەكەیاندا بێت.

مانگرتن لەخواردن لە دونیادا یەكێكە لە ڕێگا باوەكانی ئاشتییانەی دەربڕینی ناڕەزایی، كە زیاتر بۆ داواكردنی ئامانجێكی سیاسیی دەگیرێتەبەر، لەم جۆرە مانگرتنەدا، كەسی مانگرتوو هیچ جۆرە خواردنێك ناخوات، بەڵام هەندێك جۆر لە خواردنەوەو ڤیتامین دەخواتەوە.