داواكارییەكانی كورد لە ڕژێمی سوریا چییە؟

19-01-2019 04:07
هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییانە بەهێزترین هێزی شەڕكەربوون دژی داعش لە سوریا.

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

هێزە كوردییەكانی سوریا چەند خاڵێكیان دیارییكردووە بۆ خستنەڕووی داواكارییەكانیان لە ڕژێمی سوریا لە كاتی دانوستانەكاندا، كە تێیدا داواكراوە هێزەكانی سوریای دیموكرات ببن بە بەشێك لە سوپای سوریا و ئەركی پاراستنی سنورەكانیان پێ بسپێردرێت.

ئاژانسی هاوارنیوز ناوەڕۆكی داواكارییەكانی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریای لە ڕژێمی ئەو وڵاتە بڵاوكردەوە كە چاوەڕێ دەكرێت لە ئایندەدا گفتوگۆ و دانوستان لەنێوانیاندا دەستپێبكات.

خۆبەڕێەوەبەری دیموكراتی هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە-یەپەگە پێكهێنەری سەرەكی ئەو هێزانەیە- كە دوای ئازادكردنی بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە لە چەكدارانی داعش كۆنتڕۆڵیان كردوون و ئەنجومەنی مەدەنی بۆ بەڕێوەبردنیان پێكهێنراوە.

داواكارییەكانی ڕۆژئاڤا لە ڕژێمی سوریا ئەمانەن:

یەكەم: یەكێتی خاكی سوریا.

دووەم: سیستمی سوریا سیستمی كۆماریی دیموكراتییە، خۆبەڕێوەبەری دیموكراتییش بەشێكە لەو سیستمە.

سێیەم: خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی نوێنەری دەبێت لە پەرلەمانی ناوەند لە دیمەشق.

چوارەم: لە پاڵ ئاڵای سوریادا، دەبێت ئاڵای دیكەش هەبێت كە گوزارشت لە خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی بكات.

پێنجەم: كاروباری دیبلۆماسی لە ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی بەشێوەیەك دەبێت كە ناكۆك نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی گەلی سوریا و دەستور.

شەشەم: هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێكە لە سوپای سوریا و بەرپرسە لە پاراستنی سنورەكانی سوریا.

حەوتەم: هێزەكانی پاراستنی ناوخۆ لە ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی بەپێی ئەنجومەنە خۆجێییەكان كاردەكەن كە ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستوری سوریادا.

هەشتەم: خوێندن بە زمانی دایك بنەمای پەروەردەبێت لە ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی، زمانی عەرەبیش زمانی فەرمیی هەموو سوریا بێت.

نۆیەم: لەناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی لە كۆلێژەكانی مێژوو، ڕۆشنبیریی، زمان و ئاداب‌و هاوشێوەكانی، خوێندن بەزمانە ناوخۆییەكان بێت.

دەیەم: سامانی سوریا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش بكرێت بەسەر ناوچەكانی سوریادا.

هێزەكانی سوریای دیموكرات تەواوی ڕۆژئاوای كوردستان‌و چەند ناوچەیەكی دیكەی خاكی سوریایان لە داعش پاككردووەتەوە.

دوای ئەوەی لە ڕۆژی 19ی كانونی یەكەم(مانگی12)ی ساڵی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا دا، كوردەكانی سوریا ڕایانگەیاند، دەكەونە گفتوگۆ بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ڕژێمی سوریا بۆ پاراستنی ناوچەكانیان لە هەر هێرشێكی دەرەكیی، بەتایبەت هێرشی دەوڵەتی توركیا.

تا ئێستا هیچ خولێكی دانوستانی فەرمی لە نێوان بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرپرسانی دیمەشق دەستیپێنەكردووە، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا دوو جار شاندی ڕۆژئاوای كوردستان سەردانی دیمەشقیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ڕژێمی سوریا كۆبوونەوە بۆ گەیاندنی تێڕوانینی خۆیان لە بارەی ئایندەی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزە كوردییەكاندان.

لە سەرەتای دامەزراندنی كانتۆن و خۆبەڕێوەبەرییە دیموكراتەكان لە باكوری سوریا لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە، بەرپرسانی ئەو هێزانە جەختیان لەوە كردووەتەوە دەیانەوێت لەچوارچێوەی سوریادا بمێننەوە و نایانەوێت ئەو وڵاتە پارچە پارچە بكەن، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی سوریای نوێدا مافی كورد و پێكهاتەكان بپارێزرێن و دان بە فیدڕاڵیبوونی ئەو ناوچانەدا بنرێت.