زانایەكی عێراقی چیرۆكی دروستكردنی چەكی كیمیایی لەلایەن داعشەوە دەگێڕێتەوە

23-01-2019 05:28
هێزەکانی پێشمەرگە پشکنین بۆ ئەو ناوچەیە دەکەن کە بە گازی کلۆر لەلایەن داعشەوە هێرشی کرایە سەر/ مانگی 1ی 2015.

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

چەند هەفتەیەك دوای ئەوەی موسڵ كەوتە ژێر دەستی چەكدارانی داعش، سولەیمان عەفاری زانای عێراقی لە نوسینگە حكومییەكەی خۆی دانیشتبوو و چاوەڕێی ئەوەی دەكرد چەكدارەكان دەربكەون و تا بزانێت چ داواكارییەكیان لەو دەبێت.

چەكدارانی داعش دوای ئەوەی لە حوزەیرانی 2014 موسڵ، دووەم گەورەترین شاری عێراقیان كۆنتڕۆڵكرد، بەناو هەموو فەرمانگە حكومییەكاندا دەگەڕان و فشاریان لەو كەسانە دەكرد كە لە شارەكە هەڵنەهاتبوون، بەردەوامبن لە كارەكانیان‌و بەپێی ویستی ئەوان كار بكەن. كاتێك سەرەی عەفاری هات كە ئەوكات 49 ساڵ بوو و وەك جیۆلۆجیست لە فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان كاری دەكرد، هیوای دەخواست بەڕێوەبەرە نوێیەكانی ڕێگەی پێ بدەن لەسەر هەمان كار بەردەوام بێت، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو پێشنیاری كارێكی نوێیان بۆ كرد، "یارمەتیمان بدە بۆ دروستكردنی چەكی كیمیایی"، نێردەیەكی ڕێكخراوی داعش وای پێ وت.

"ئایا پەیشمانم؟ نازانم و دڵنیانیم لەبەكارهێنانی ئەو وشەیە"، عەفاری وادەڵێت كە لە ساڵی 2016 لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان‌و هێزە ئەمەریكییەكانەوە دەستگیر كراو ئێستا لە بەندینخانەیەكی شاری هەولێر زیندانیكراوە.

"ئەوان بوون بە حكومەت و ئێمەش كارمان بۆ كردن، ئێمە دەمانویست كار بكەین بۆ ئەوەی مووچەمان پێ بدرێت"، زانا عێراقییەكە كە ئێستا تەمەنی 52 ساڵە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی كە لە بەندینخانەی دژە تیرۆری هەولێرەوە ئەنجامدراوە، وادەڵێت.

عەفاری یەكێكە لەو چەند كەسە كەمەی كە بەشداریی لە پڕۆگرامی دروستكردنی چەكی كیمیایی داعشدا كردووەو بە زیندوویی دەستگیركراوە.

سولەیمان عەفاری باس لە وردەكاریی هەوڵە سەركەوتووەكانی داعش دەكات بۆ دروستكردنی خەردەلی كبریتیی كە یەكێكە لە ماددە كیمیاییە سەرەتاییەكان و لە جەنگی جیهانیی یەكەمدا بەكارهێنراوەو دەیان هەزار قوربانیی خستووەتەوە.

عەفاری كەسێكی ناسراوبووە لەلای هێزە كوردیی و ئەمەریكییەكان كاتێك هەوڵیانداوە كارگەكانی بەرهەمهێنانی چەكی داعش تێكبشكێنن هەتا توانا سەربازییەكانی ئەو ڕێكخراوە لاواز بكەن.

ئەو چیرۆكەی عەفاری تیشكی دەخاتەسەر بۆ دەستخستنی چەكی كیمیایی، شتێكی دەگمەنە لە مێژووی گروپە تیرۆریستییە مۆدێرنەكاندا، كاتێك تاقیگەی زانكۆكان و كارگە و كادری زانستی و تەكنیكیی بۆ ئەو مەبەستە بەكاردەهێنن. ئەو چەكانەی داعش بەرهەمی دەهێنان، بەكارهێندراون لە دەیان هێرش لە عێراق و سوریا كە بووەتەهۆی كوشتنی سەدان سەرباز و كەسانی مەدەنی.

بەرەوپێشچوونی پڕۆگرامی دروستكردنی چەكی پێشكەوتووی داعش پێدەچێت لە سەرەتای 2016 وەستابێت، ئەویش دوای ئەوەی ئەمەریكا و عێراق هەڵمەتێكی چڕیان كردەسەر ناوەندەكانی دروستكردنی چەكی داعش و ڕابەرەكانیان كوشت یان دەستگیركرد. بەڵام هێشتا مەترسییەكە بەتەواوی لانەبراوە. سەركردەكانی داعش لە ساڵی 2016 كەلوپەلەكان یاخود ڕەنگە چەكە كیمیاییەكانیشیان لە عێراقەوە بۆ سوریا گواستبێتەوە، ئەوەش بەوتەی بەرپرسە عێراقییەكان، هەندێكیشان ڕەنگە شاردرابێتنەوە یاخود كرابن بە ژێر خاكەوە.

هێزە عێراقییەکان ماسکیان پۆشیوە دوای ئەوەی با دوکەڵی گازی خەردەلی لە کارگەیەکی داعشەوە هێناوە. وێنە؛ ڕۆیتەرز.

هەلی كار لە داعشەوە

چەكدارانی داعش لە ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2014 بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بە هێزێكی نزیكەی هەزار و 500 چەكدارییەوە پەلاماری شاری موسڵیان دا، كە سوپای عێراق بە هێزێكی پانزە جار گەورەتر لەوەی داعش، بەرگریی لێ دەكرد، لە ماوەیەكی كەمدا شارەكە كەوتە ژێر كۆنتڕۆڵی "توندڕەوترین گروپی تیرۆریستی جیهان."

داعش دەستیگرت بەسەر فڕۆكەخانە و چەندین بنكەی سەربازیی و چەكی بەجێماو، هاوكات نیو ملیۆن هاوڵاتیش شارەكەیان جێهێشت، هەزاران سەربازی عێراقیش بەرگی سەربازییان فڕێدا و هەوڵیان دا وەك هاوڵاتی مەدەنی ڕابكەن.

عەفاری لەو شەڕەدا سەلامەت دەرچوو. لە ماڵەكەی خۆی مابووەوەو لە تەلەفزیۆنەوە گوێی لە هەواڵەكان دەگرت و لە دەرەوەش دەنگی تەقە و شەڕی دەبیست. لە كۆتاییدا شارەكە ئارام بووەوە، كاتێك ئەو دانیشتوانەی لە موسڵ مابوونەوە چوونەدەرەوەی ماڵەكانیان، بینییان ئاڵای ڕەش لە شوێنە سەرەكییەكانی موسڵ هەڵكراوە و داعش بنكەكانی پۆلیس و دامەزراوە حكومییەكان بەڕێوەدەبات.

سەرەتا زۆبەی فەرمانبەرە حكومییەكان لە ماڵەوە مانەوە، مووچەكانیان دەخرایە سەر حسابەكانیان. بەڵام كاتێك پێدانی مووچەكانیان وەستا، زۆرینەیان لەبەردەم دوو بژاردەدا مانەوە، یان كاركردن بۆ "خەلافەتی نوێی داعش" یاخود شتێكی دیكە. عەفاری بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ فەرمانگەكەی بۆ ئەوەی دەستبكاتەوە بەكاركردن پێش ئەوەی كەسێكی دیكە لەو شوێنەدا دەستبەكار بكات.

"ئەوان زۆریان لە كەس نەكرد. من دەترسام لەوەی كارەكەم لەدەست بدەم. بەدەستهێنانی كاری حكومیی سەختە، بۆیە گرنگە دەستی پێوەبگریت"، عەفاری لە چاوپێكەوتنەكەدا وادەڵێت كە ماوەی 45 خولەكی خایاندووەو لەو ماوەیەدا دوو ئەفسەری كوردیش چاودێرییان كردووە.

زانا عێراقییەكە باس لەوەدەكات چەند بەرپرسێكی داعش هاتوون بۆ لای و ئەركێكی نوێیان خستووەتە بەردەم، ئەویش بەدەستهێنان و دروستكردنی چەند ماددە و كانزایەكی دیارییكراو بووە، مەبەست لەوانەش بەرگرییكردن بووە لەو ناوچانەی داعش كۆنتڕۆڵی كردبوون، هەروەها ترسانی هێزە بەرامبەرەكانیان.

عەفاری ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات كە ئەو خۆی بەتەنها ئەو كارانەی نەكردووە، بەڵكو ژمارەیەك زانا و پسپۆڕی دیكەشی لەگەڵدابووە، هەروەها كەسێكی تەكنیكیشیان لەگەڵدابووە كە لەناو بەرنامەی چەكەكانی ڕژێمی پێشووی سەددام حسێندا كاری كردبوو، پێكەوە ئەركی تیمەكە دروستكردنی ماددەی خەردەلی كیمیایی بوو كە گازێكی بەهێزەو گازی خەردەل ناسراوە و لە جەنگەكانی ڕابردوودا لە جیهاندا دەیان هەزار كەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. هەمان ئەو گازە كیمیاییە لە ساڵی 1988 لە دژی دانیشتوانی شاری هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەكارهێنرا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی.

تاقیكردنەوەی چەكە كیمیاییەكان لەسەر پێشمەرگە

عەفاری دان بەوەدا دەنێت كە ڕۆڵی ئەو لە دروستكردنی ئەو گازەدا ڕێكخستن‌و دابینكردنی پێداویستییەكان بووە ئەویش لەڕێگەی هەندێك لە تاقیگە و شوێنی كاركردن كە لە زانكۆی موسڵەوە گواستبوویانەوە بۆ شوێنێكی دەوروبەری شارەكە. بەوتەی خۆی، كاتێك گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی داعشدا كردووە، دڵنیابووەتەوە لەوەی مەبەست لە دروستكردنی ئەو گازە كیمیاییە ترساندنی هێزە عێراقییەكانە لەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی داعش.

"گرنگ بوو بۆ داعش كە شتێكی بەهێز دروستبكات تا بتوانێت ئەو هێزانە بترسێنێت، ئەو چەكە زیاتر بۆ دروستكردنی ترس بوو، هەروەها دانانی كاریگەریی دەروونی و مەعنەوی بوو لەسەر ئەو سەربازانەی شەڕیان لەگەڵ دەكردن، باوەڕم وانییە كوالێتی چەكەكان هەرگیز لە ئاستێكی مەترسیداردا بووبێت."

لە 11ی ئاب/مانگی 8ی 2015، دوای چواردە مانگ لە كۆنتڕۆڵكردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، چەكدارەكانی ئەو ڕێكخراوە 50 هاوەنیان گرتە یەكێك لەو گوندانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەدابوون. لەكاتی تەقینەوەی هاوەنەكان دوكەڵێكی سپی و شلەیەكی چەور بڵاوبوویەوە، لە چەند خولەكێكدا نزیكەی 30 پێشمەرگە نەخۆشكەوتن، چاوەكانیان دەكزایەوەو بە زەحمەت هەناسەیان بۆ دەدرا.

لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەریانخست كە هاوەنەكان هەڵگری خەردەلی كبریتیی بوون، لێكۆڵینەوەكانی دواتریش هەمان زانیارییان پشتڕاست كردووەو ئەو كات باسلەوەكرا كە داعش ئەو چەكانەی لە سوریا دەستكەوتووە، یاخود لە عەمبارەكانی دروستكردنی چەكی كیمیایی ڕژێمی پێشووی عێراق دەستیكەتووە. بەڵام ئەوە ئەو چەكانە بوون كە داعش خۆی دروستی دەكردن.

پێشمەرگەیەك ماسکی دژە گازی بەستووە لە خەندەقێک لە نزیك مەخموور. وێنە؛ ڕووداو.

دوابەدوای ئەوەش، ئەمەریكییەكان پلانێكی تۆكمەیان دانا بۆ لەناوبردنی تواناكانی ڕێكخراوی داعش بۆ دەستخستنی چەكی كیمیایی. لە ساڵی 2015 و 2016 لانیكەم دوو پسپۆڕی دروستكردنی ئەو چەكانە لەلایەن هێزە ئەمەریكییەكانەوە كوژران. دواتر ناوەندەكانی بەرهەمهێنانی ئەو چەكانە لە موسڵ و هیت بە وریاییەوە لەڕێی بۆردومانی فڕۆكەوە تێكشكێندران.

بۆردومانەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ناوەندەكانی چەكی كیمیایی داعش، وای كرد ئەو زانا و پسپۆڕانەی دیكە كە ڕزگاریان بوو، خۆیان بشارنەوە، ئەوەش بەرنامە كیمیاییەكەی داعشی لاواز كرد، لەو كاتەشدا داعش لە ژێر هێرشێكی زەمینی و ئاسمانی چڕدابوو لە هەموو لایەكەوە. بەڵام بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن داعشەوە بەردەوام بوو. بەپێی ڕاپۆرتێك تا مانگی تشرینی یەكەمی 2017، داعش 76 هێرشی كیمیایی بۆ سەر ڕكابەركانی بەكارهێناوە، بەڵام جۆری چەكەكانی لاواز بووە.

دەستگیركردنی عەفاری

لە شوباتی 2016، كاتێك عەفاری بۆ دواهەمین جار سەردانی ناوەندێكی بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی داعش دەكات، دەبینێت كارەكان زۆر بە لاوازی و خراپی بەڕێوەدەچن، بەشێوەیەك كەلوپەلە پێویستەكانیان لەبەردەستدا نییە و بەهۆی نەبوونی كەسی پسپۆڕەوە، كرێكاری كەم ئەزموون كاریان تێدا كردووە.

دوای سەردانكردنی بۆ ناوەندەكە، عەفاری سواری ئۆتۆمبێلەكەی دەبێت‌و بە ناوچەیەكی چۆڵەوانیدا دەڕوات تا بچێتە شاری تەلەعفەر و سەردانی دایكی بكات. هەموو جوڵەیەكی ئەو لە ژێر چاودێریی هێزە ئەمەریكییەكاندا بوو.

دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا توانیبویان مۆبایلەكەی عەفاری بەكاربهێنن بۆ ئەوەی شوێنی ئەو زانایە دیارییبكەن، دوای چەند ڕۆژێك لە چاودێرییكردن، ئەمەریكییەكان دەیانویست لە دەرفەتێكدا بە زیندوویی عەفاری دەستگیر بكەن. دواجار كاتێك لەسەر ڕێگایەكی خێرا بەرەو تەلەعفەر دەڕۆیشت و هێشتا لە سنوری ناوچەكانی داعشدا بوو، عەفاری لە ئاوێنەكەیەوە چوار هێلیكۆپتەری بینی كە بەرەو ئەو دێن. دوو هێلیكۆپتەر نزم بوونەوەو تایەی ئوتومبێلەكەیان تەقاند و لەكاریانخست، لەوكاتەی لە ئۆتۆمبێلەكەی دابەزی، ڕاستەوخۆ سەگێكی گەورە پەلاماری دا و دەستگیریان كرد.

دوای دەستگیركردنی و گواستنەوەی بۆ بەشی دژەتیرۆر لە هەرێمی كوردستان، بەوتەی بەرپرسانی دژەتیرۆر، عەفاری یەكێك بووە لەو دەستگیركراوە كەمانەی داعش، كە زۆر یارمەتیدەربووە و چەندین ناو و شوێنی گرنگی داعشی بۆ ئاشكرا كردوون، لەسەر قسەی ئەویش چەندین پێگەی گرنگی داعش بۆردومان كراون.