
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
پارتیو یەكێتی هەوڵەكانیان چڕدەكەنەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، پێدانی پۆستەكە بە عوسمانی حاجی مەحمود وەك كەسایەتییەكی بێلایەن، لە ئاستی باڵای ناو ئەو دوو حیزبەدا باسكراوە، بەڵام هێشتا نەچووەتە گفتوگۆ فەرمییەكانی نێوانیانەوە.
پۆستی پارێزگاری كەركوك لە چاوەڕوانیی ڕێككەوتنی پارتیو یەكێتیدایە، بەڵام تائێستا پارتی ڕەزامەند نییە بە كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆكانە لەسەر ئەوپرسە بۆ پەرەگراف وتی"لە ئاستی باڵای ناو پارتیو یەكێتی ناوی عوسمانی حاجی مەحمود هێنراوەو پێشنیارێك هەیە لەسەری ڕێكبكەون، ئێستا ئەو یەكێكە لە بژاردەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە ئەگەر خۆی پەسەندی بكات."
ئەو پۆستە گرێكوێرەی نێوان پارتیو یەكێتییەو بەربەستی سەرەكییە لەبەردەم گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەو سەرچاوە باڵایە كە لەبەر هەستیاریی پرسەكەو ڕەوتی گفتوگۆكان نایەوێت ناوی بهێنرێت، ئەوەی خستەڕوو، بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە پارتیو یەكێتی لە هەولێر كۆببنەوەو پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمو یەكلاییكردنەوەی پارێزگاری كەركوك لە تەوەرەكانی گفتوگۆی كۆبوونەوەكە دەبن، "پارتی داوای لە یەكێتی كردووە ناوی كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان لە ناویاندا پارێزگاری كەركوك لەگەڵ خۆیاندا بهێنن."
دەربارەی ڕەزامەندیی ئەو دوو حیزبە لەسەر پێدانی پۆستەكە بە عوسمانی حاجی مەحمود، سەرچاوەكە دەڵێت"پارتی ڕازییەو لەناو یەكێتیش كۆسرەت ڕەسوڵ ڕەزامەندە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ماڵی مام جەلالو ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لەسەر كەركوك حساب دەكرێن هەڵوێستیان چییە."
لەئەگەری ڕێككەوتنی پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدكردنی عوسمانی حاجی مەحمود، پرسەكە دەكەوێتەسەر ئەوەی ناوبراو ئەو پێشنیارە قبوڵدەكاتو پۆستەكە وەردەگرێت یاخود نا، پەرەگراف زانیویەتی پەیامی كاندیدكردنی بۆ ئەو پۆستە بە عوسمانی حاجی مەحمود گەیەندراوە كە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە، ڕوون نییە وەڵامی چی بووە، بەڵام سەرچاوەكە دەڵێت"ئەگەر پارتیو یەكێتی بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی، ئەگەرهەیە كاك عوسمان پەسەندی بكات."
عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانەو بەرلە دامەزراندنی گۆڕان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووەو لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا وەزیری ناوخۆی ئیدارەی سلێمانی بووە.
"كاك عوسمان ئەزموونی ئەمنییو ئیداریی هەیەو كەسێكی پاكەو شەڕی دژی دزیو گەندەڵیی پێدەكرێت، لەهەمانكاتدا سەربەخۆیەو پەیوەندیی بە گۆڕانەوە نەماوە، ئەوانە وادەكەن گونجاو بێت بۆ پارێزگاری كەركوك كە پێویستی بە كەسێكە لە ڕووی ئەمنییو ئیدارییەوە بەهێزبێت"، سەرچاوەكە وای وت.
عوسمانی حاجی مەحمود كەسایەتییەكی دیارو ناسراوە لەناو كەركوكیو گەرمیانییەكانو خاوەنی پێگەو نفوزە، زۆربەی بەرپرسانی گۆڕانو هەندێك لە یەكێتییەكانی ئەو ناوچانە لەژێر كاریگەریی ئەودانو نزیكن لێیەوە، ئەوانەش وایكردووە لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا لەو ناوچانە ڕۆڵی هەبێت.
ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتیو یەكێتی یەكلایی بووەتەوە دەربارەی پارێزگاری كەركوك ئەوەیە، پارتی كاندیدی نابێت بۆ ئەو پۆستەو ڕازییە یەكێتی كەسێك كاندید بكات، بەڵام پارتی پێی باشە ئەوكەسەی یەكێتی كاندیدی دەكات بێلایەن بێت، پارتی هەموو كەسێكی یەكێتی پەسەند ناكات بۆئەو پۆستە، هەرئەوەش وایكردووە تائێستا ئەو پرسە یەكلایی نەبێتەوە.
یەكێتی، ڕزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام پارتی پەسەندی ناكات، سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف دەڵێت"یەكێتی تێگەیشتووە ناتوانێت بەبێ پارتی پۆستەكە یەكلایی بكاتەوە، هەربۆیە دەبێت كاندیدەكەی بگۆڕێت، باشترین چارەسەر دانانی كەسێكی بێلایەنە كە هەردوو حیزبەكە لەسەری كۆكبن."
پارتی لەناو لیستی برایەتیدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زۆرینەیەو ئەنجومەنەكە بەبێ ئەو حیزبە توانای كۆبوونەوەی نییە، لەبەرئەوەی عەرەبو توركمانەكان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبوون، ئەوەش وایكردووە چەند هەوڵێكی یەكێتی شكستبهێنێت بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنو هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ.
لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا، هیچكات وەك ئێستا كورد بێدەسەڵات نەبووە لەو پارێزگایە، ئەوەش بەهۆی ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران.
لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوە دەبات، كورد نیگەرانو ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا یەكگرتوو نییە بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.