عەلی باپیر مەرجەكانیان بۆ بەشداریی لە حكومەت ئاشكرا دەكات

30-01-2019 06:46
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف


پارتی سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكات‌و عەلی باپیر چەند مەرجێكی حزبەكەی ئاشكرا دەكات بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و دەڵێت، ئەگەر كابینەی نوێ وەك ئەوانەی پێشووتربێت هەر زیادەیە بەوان بگوترێت بۆ بەشداریكردن.

پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چەند خولێكی دانوستاندنی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان ئەنجامداوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام هێشتا هیچی لێ سەوز نەبووە بە ئاڕاستەی ڕێككەوتنی كۆتایی، سەردانەكەی سبەینێ بۆلای كۆمەڵ یەكەم سەردانكردنی ئەو حزبەیە لەدوای دەستپێكردنی مانۆڕەكانی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەرچەندە سەردانەكە لە گەرمەی هەوڵەكاندایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام دیارنییە سبەینێ لەگەڵ كۆمەڵ ئەو پرسە تاوتوێ دەكرێت یان نا.

بەرلەوەی هەواڵی سەردانی پارتی بۆلای كۆمەڵ بڵاوببێتەوە، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ كە حیزبەكەی 7 كورسیی هەیە لە پەرلەمانی كوردستان، مەرجەكانیانی بۆ چوونە ناو حكومەت ئاشكراكردو ئەوەی خستەڕوو، مەرج نییە كە پارتی سەردانیكردن‌و فەرمووی لێكردن بۆ چوونەناو حكومەت ئەوانیش بڵێن بەڵێ‌و بچن.

"تائێستا ڕامان نەگەیاندووە كە بەشداریی حكومەت نابین، بەچەند مەرجێك یەكەم بانگهێشت بكرێین بانگهێشێكی جددی، دووەم بەرنامەی حكومەتمان بە دڵ بێت، سێیەم پێگەو جێگەو ڕێگەی خۆمان لەو حكومەتەدا بەدڵ بێ‌و پێمانوابێ ئەتوانین ڕۆڵ بگێڕین"، عەلی باپیر لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا وادەڵێت.

چاوپێكەوتنەكە درەنگانی شەوی ڕابردوو بڵاوكرایەوەو ئەمڕۆش بەدوایدا هەواڵی سەردانی پارتی بۆ لای كۆمەڵ بووە پرسێكی گەرم، لەكاتێكدا كۆبوونەوەكانی پارتی‌و حیزبەكانی دیكە بەتایبەت لەگەڵ یەكێتی هیچی لێ سەوز نەبووەو تائێستا بەرەوپێشچوونەكان بەدڵی پارتی نین بۆ پێكهێنانی حكومەت.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر دەربارەی كۆبوونەوەی سبەینێی پارتی‌و كۆمەڵ، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە چەند بەرپرسێكی باڵای كۆمەڵ لە ناویاندا ڕێبوار حەمەد وتەبێژی ئەو حیزبە، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

لە وەڵامی ئەوەی بۆ پارتی تائێستا سەردانی كۆمەڵی نەكردووە، عەلی باپیر ئەوەدەخاتەڕوو، ئەوان بەشێك نەبوون لە كێشەو گرفت تا پارتی بچێتە لایان بۆ چارەسەری كێشەكان‌و ڕێگاتەختكردن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، دەشڵێت"كێشەكە پەیوەندیی هەیە بە نێوانی پارتی‌و یەكێتی‌و بە پلەی خوارتریش بە پارتی‌و گۆڕان‌و یەكێتی‌و گۆڕانەوە، كە نەهاتوون بەلامانەوە گرنگ نییە كە هەرنەشیەن هیچ بەلامانەوە گرنگ نییە."

عەلی باپیر باسلەوەشدەكات، ئەوان دەیانەوێت بزانن حكومەتی نوێ وەك ئەوانی پێشووتر دەبێت یاخود جیاواز، "دەبێ بزانین ئەو حكومەتە هەروەك ئەوانی پێشوو دەبێ‌و گرفتار دەبێ بەدەستی تاك‌و حزبەوەو ناتوانێ بە ئەركی خۆی هەڵسێ‌و درێژە بە گەندەڵی‌و قۆرخكاریی دەدات، ئەگەر حكومەت وەك ئەوەی پێشتربێت زیادەیە داوای بەشداریی لە ئێمە بكرێت، كاتێك بەشداریی دەكەین بتوانین دەوری خۆمان ببینین لە چاكسازیی‌و بەرەوپێش بردن."

لەگەڵئەوەشدا عەلی باپیر ئامادەیی حزبەكەی پیشاندەدات كە هاوكاربێت بۆ "گۆڕانكاریی‌و پاكسازیی‌و چاكسازیی"، وتیشی"برادەرانی گۆڕان بۆیان گێڕاومەتەوە پارتی وتویەتی ئەگەر دەتانەوێ گۆڕانكاریی‌و چاكسازیی بكرێ وەرن بەشداربن، ئەگەرنا هەر بەتەمای ئێمە بن(پارتی‌و یەكێتی) لە ڕابردوو چۆنمان كردووە ڕەنگە هەروابین. من ئەو قەسەی پارتیم بەلاوە خاڵێكی باش بووە."

ئێستا ئەوەی یەكلایی بووەتەوە لەگەڵ بەشداربوونی یەكێتی لە كابینەی نوێ، ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ، حیزبی شیوعی‌و یەكگرتووی ئیسلامییە، هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كۆتاییان نەداوە، بەڵام ڕای بەهێز لەناو گۆڕان بە ئاڕاستەی بەشداربوونە لە كابینەی نوێ ئەوەش هەمان خواستی پارتییە.

گۆڕان‌و كۆمەڵ لە چوار ساڵی ڕابردوو پەیوەندییەكی بەهێزیان هەبووەو لە زۆربەی پرسە جیاوازەكاندا هاوهەڵوێست بوون‌و پێكەوەش لە كابینەی هەشتی حكومەت كشانەوە، ئێستا ڕاوێژی بەردەوام لە نێوانیاندا هەیە.

دەربارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ گۆڕان‌و هاوهەڵوێستییان، عەلی باپیر دەڵێت"ڕێكەوتنمان نییە یەكتریمان پابەند كردبێت بەبێ یەكتر هەنگاو نەنێین، پێمانباشە بۆ حكومەتی ئایندەش واباشە ئەگەر بگونجێ هەردوولا بەشداربین، ئەوكات باشتر دەتوانین ئەو كاریگەرییەمان هەبێ باری لاری حكومەت ڕاست بكەینەوەو ببینە هەوێن بۆ پاكسازیی‌و چاكسازیی بەهاوكاری پارتی‌و یەكێتی، ئەگەر بەشداریش نەبین پێموایە هەردووكمان بەشدارنەبین باشترە، ئەوكات ئۆپۆزسیۆنێكی ڕیشەداری خاوەن ڕابردووی پرشنگدار دەبین پێكەوە."

ئەمیری كۆمەڵ نیگەرانیی‌و توڕەیی حیزبەكەی پیشاندەدات لە گەندەڵی‌و نادادپەروەریی لە كوردستان‌و حكومڕانیی 28 ساڵی ڕابردوو، دەڵێت"بەرپرسی باڵای ئەم وڵاتە پێی وتوم ئێمەش‌و فڵان حزبیش هەردووكمان نەوت بەدزیی دەفرۆشین، بەڵام هی ئەوان زیاترە، بەرپرسی باڵا كە ناوی بێنم پێت سەیر دەبێت، ئێمە لەسەر ئەوە ڕەخنەمان هەیەو لەوە توڕەین."

هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.