سیناتۆرێکی ئەمریکی پڕۆژەیەک بۆ پاراستنی کوردەکانی ڕۆژئاوا ئامادەدەکات

30-01-2019 09:24
شەڕڤانێکی هەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم


سیناتۆرێکی ئەمریکی ڕەشنووسی یاسایەکی پێشکەش بە کۆنگرێسی ولایەتە یەکگرتووەکان کردووە کە تیایدا داوای کردووە سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی هەبێت بۆ پاراستنی کوردەکانی سوریا.

جۆن کەنەدی سیناتۆری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە رەشنووسی یاساکەدا باسی لەوە کردووە، بۆ بەهێزکردنی دۆخی ئەمنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی هەبێت بۆ بەرگریکردنی کوردەکانی سوریا.

کەنەدی باسی لەوەش کردووە، کە کوردەکانی سوریا "لەبەردەم ئەگەری هێرشدان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریی، هێزە یاخییەکان و هەڕەشە دەرەکییەکانی دیکە."

"هەمیشە دەبێت بنەمایەکی ڕەوەشتیی هەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، ئەرکی ڕەوەشتیی ئێمەش ئەوەیە کە بەوەفا بین بەرامبەر هاوپەیمانەکانمان"، سیناتۆرە ئەمریکییەکە وادەڵێت، لەبارەی هاوپەیمانێتی کوردەکانیشەوە دەڵێت"کوردەکانی سوریا زۆر گرنگ بوون لە شەڕەکەمان بەرامبەر داعش لە سوریا، بۆیە پێویستە نابێت بە تەنیا جێیان بهێڵین. ئەم ڕەشنووسە دڵنایی دەدات لە پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانمان و پێزانینیشمان پیشاندەدات لەبەرامبەر یارمەتییەکەیان لەجەنگی دژی داعش".

Image result for Sen. John Kennedy
جۆن کەنەدی سیناتۆری کۆمارییەکان

لە ساڵی 2014 داعش کۆنترۆڵی 34 هەزار میل چوارگۆشەی لە هەردوو وڵاتی عێڕاق و سوریا کردبو، بەڵام ئێستا ئە ڕێکخراوە تەنها لەسەدا یەکی ئەو ڕووبەرەی بەدەستەوە ماوە، لەسەدا 95ی خاکی ژێر دەستی داعشیش لە سوریا، لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە کۆنترۆڵکراوەتەوە بە هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) تا مانگی ئەیلولی 2018، 36 کەسایەتی باڵای داعش لە سوریا کراونەتە ئامانج و کوژراون، هەروەها 700 چەکداری داعشی بیانی بە دیلی کەوتوونەتە دەست هەسەدە. هەروەها بەپێی پنتاگۆن، هەسەدە هاوکاربووە لە کەمکردنەوەی چەکدارانی داعش لە نزیکەی 100 هەزارەوە لە ساڵی 2014 بۆ کەمتر لە 5 هەزار لە ئەمڕۆدا.

لەگەڵ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا درا، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکا و کۆنگرێسمانەکان داوایان کرد کە واشنتن دەستبەرداری کوردە هاوپەیمانەکانی نەبێت لە سوریا.

بەهۆی نیگەرانییان لە بڕیارەکەی ترەمپیشەوە، هەریەک لە جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا و برێت ماکگۆرک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستیان لە پۆستەکانیان کێشایەوە.

Image result for us forces in syriaهێزێکی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان

دواتر ئیدارەی ئەمریکا لە زاری هەریەک لە خودی دۆناڵد ترەمپ و مارک پۆمیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دڵنیاییان دا لە پاراستنی کوردەکانی سوریا لە دوای کشانەوەی هێزەکانیان لەو وڵاتە.

نزیكەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژكاری ئەمەریكیی لە سوریان، ناوچەی جێگیربوونیان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-ە، كە لەلایەن كوردەكانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن. بەرپرسە کوردەکان دەڵێن لە کاتی کشانەوەی ئەو هێزانەدا مەترسی هێرشی دەوڵەتی تورکیا هەیە بۆ سەر ناوچەکانیان، بەرپرسانی تورکیاش بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردن دەکەن.

توركیا، یەپەگە(باڵی سەربازی پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە پەكەكە لەقەڵەم دەدات‌و بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، بەڵام ئەمەریكا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەپەگە هەبووەو گوێی بە ناڕەزاییەكانی توركیا نەداوە.

دوای بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ كشانەوە، كورد ڕوویكردە ڕوسیاو سوریا بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای كوردستان لە هێرشی توركیا، تائێستا چەند خولێكی گفتوگۆ لەنێوان كوردو سوریا ئەنجامدراوەو بە نێوەندگیریی ڕوسیا كاربۆ ڕێككەوتنی ئەو دوو لایەنە دەكرێت، بەجۆرێك ئەركی پاراستنی سنورەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە هێزی سوریا بسپێردرێت بەو پێیەی بەشێكە لە خاكی ئەو وڵاتە.

لەچوارچێوەی سەردانە دیبلۆماسییەكاندا، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە كە باڵی سیاسیی هێزەكانی سوریای دیموكراتە، ماوەی چەند ڕۆژێكە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكایە و لەگەڵ چەند سیناتۆرێكی ئەمەریكیدا كۆبووەتەوە.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە

شەوی ڕابردووش، لە بۆنەیەكدا ئیلهام ئەحمەد و دۆناڵد ترەمپ چاویان بەیەك كەوت و گفتوگۆیەكی كورتیان ئەنجام دا، بەپێی ماڵپەڕی CNN، ترەمپ بە بەرپرسە كوردەكەی وتووە"نیگەران مەبن، من كوردم خۆشدەوێت‌و دەستبەردارتان نابم." بە وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەگەڵ ئیلهام ئەحمەددا بوون، سەرۆكی ئەمەریكا باسی لەوەش كردووە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بۆ كوردەكان "هەڵدەسەنگێنێت."

هاوکات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، ئیلهام ئەحمەد باسی لەوە کردووە، تا ئێستا هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە شوێنی خۆیان ماون و لەدوای بڕیارەکەی ترەمپەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە هێزەکاندا ڕووی نەداوە.

لەبارەی ئەو لێدوانەی ئەردۆغان کە باسی لە ڕێککەوتنێکی نێوان ئەمریکا و تورکیا کردبوو بۆ ئەوەی دوای شەڕی داعش چەکە قورسەکان لە کوردەکان بسەندرێتەوە، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت"هیچ ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە، هەرگیز گفتوگۆ لەبارەی سەندنەوەی ئەو چەکانە لە ئێمە نەکراوە."

هاوسەرۆکی مەسەدە دوپاتیشیکردەوە، لە نائامادەیی ئەمریکادا هێزە کوردییەکان داهاتووی خۆیان لەگەڵ ڕوسیا و رژێمی سوریادا تاوتوێ دەکەن.