پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتن پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببنەوە؛ كێ دەبێتە پارێزگار؟

05-02-2019 08:21
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتی. وێنە؛ ڕووداو.


پەرەگراف


پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتن لە 18ی ئەم مانگەدا پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت، هەمان ڕۆژیش ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هەولێر كۆببێتەوە، بەڵام هێشتا دیارنییە كێ پۆستی پارێزگار وەردەگرێت‌و پارتی ناوی 4 كەسی پێشنیاركراوی یەكێتیی ڕەتكردووە.


ڕێككەوتنەكە لە كۆبوونەوەی باڵای ئەمڕۆی ئەو دوو حیزبەدا كرا كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای زنجیرەك كۆبوونەوەی نێوانیان‌و ناكۆكییان لەسەر دۆسیەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە دابڕاوەكان بەتایبەت ڕەوشی كەركوك.


دوای كۆبووەنەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامداو لە سێ خاڵدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو، دواتریش مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی هەمان ناوەڕۆكی دووپاتكردەوە.


خاڵی یەكەمی ڕێككەوتنەكەی نێوان ئەو دوو حیزبە پەیوەندیی بە ڕێككەوتنێكی سیاسی نێوانیانەوە هەیە كە لیژنەیان بۆ نوسینەوەی پڕۆژەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوەو دواتر مەكتەبی سیاسی هەدوو حیزب واژۆی لەسەر دەكەن.


خاڵی دووەمی ڕێككەوتنەكەی ئەمڕۆیان تایبەت بووە بە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی‌و دواتر هەنگاوەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پاشان پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.


یەكلایی بووەتەوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی‌و جێگری یەكەم بۆ پارتی دەبێت، پارتی دەیەوێت جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەكان بێت كە نزیكن لە خۆیەوە، بەڵام هێشتا ئەوە یەكلایی نەبووەتەوە.


خاڵی سێیەمی ڕێككەوتنەكەی پارتی‌و یەكێتی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە لە 18ی ئەم مانگەدا لە هەولێر.


هەرچەندە پارتی‌و یەكێتی زانیارییان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك ئاشكرا نەكرد، بەڵام پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی باڵاوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، "تائێستا پارتی بە هیچ كام لە كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار ڕازی نییە."


ئەو سەرچاوە باڵایە كە پێیباش نەبوو ناوی بهێنرێت لەبەر ڕەوتی گفتوگۆكان ئەوەی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باس لەوە نەكراوە كێ ببێتە پارێزگاری كەركوك، وتی"بەڵام یەكێتی تا ئێستا چوار كەسی پێشنیار كردووە بۆ پۆستی پارێزگار كە سیانیان هەریەكە لە ڕزگار عەلی، ئاسۆ مامەند‌و ڕەفعەت عەبدوڵا ئەندامانی مەكتەبی سیاسین‌و ئەوەی دیكەیان خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتییە، بەڵام پارتی بە هیچیان ڕازیی نەبووە."


ئەو سەرچاوەیە، وتیشی"یەكێتی لەوە تێگەیشتووە بەبێ پارتی ناتوانێت پارێزگار دابنێت، هەربۆیە ئێستا ناوی دوو كەسی دیكە دەهێنرێت لەناو یەكێتی، بەڵام هێشتا هیچیان یەكلایی نەكراونەتەوە."


دەربارەی دانانی كەسێكی بێلایەن وەك پارێزگاری كەركوك كە خواست‌و داواكاریی پارتییە، ئەو سەرچاوەیە وتی"لەناو پارتی‌و یەكێتیدا ناوی عوسمانی حاجی مەحمود هێنراوە كە وەك بێلایەنێك ئەو پۆستەی پێبدرێت، بەڵام ئەمە هێشتا نەچووەتە گفتوگۆ فەرمییەكانەوە."


عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانەو بەرلە دامەزراندنی گۆڕان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووەو لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا وەزیری ناوخۆی ئیدارەی سلێمانی بووە.


پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، پارتی ڕەزامەندە بە عوسمانی حاجی مەحمود بۆ پارێزگاری كەركوك‌و لەناو یەكێتیش كۆسرەت ڕەسوڵ بەهەمان شێوە ڕازییەو لەئەگەری ڕێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدكردنی عوسمانی حاجی مەحمود، پرسەكە دەكەوێتەسەر ئەوەی ناوبراو ئەو پێشنیارە قبوڵدەكات‌و پۆستەكە وەردەگرێت یاخود نا، پەرەگراف زانیویەتی پەیامی كاندیدكردنی بۆ ئەو پۆستە بە عوسمانی حاجی مەحمود گەیەندراوە، بەڵام ڕوون نییە وەڵامی چی بووە.


ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتی‌و یەكێتی یەكلایی بووەتەوە دەربارەی پارێزگاری كەركوك ئەوەیە، پارتی كاندیدی نابێت بۆ ئەو پۆستەو ڕازییە یەكێتی كەسێك كاندید بكات، بەڵام پارتی پێی باشە ئەوكەسەی یەكێتی كاندیدی دەكات بێلایەن بێت، پارتی هەموو كەسێكی یەكێتی پەسەند ناكات بۆئەو پۆستە، هەرئەوەش وایكردووە تائێستا ئەو پرسە یەكلایی نەبێتەوە.


پارتی لەناو لیستی برایەتیدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زۆرینەیەو ئەنجومەنەكە بەبێ ئەو حیزبە توانای كۆبوونەوەی نییە، لەبەرئەوەی عەرەب‌و توركمانەكان لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبوون، ئەوەش وایكردووە چەند هەوڵێكی یەكێتی شكستبهێنێت بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەن‌و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ.


لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا، هیچكات وەك ئێستا كورد بێدەسەڵات نەبووە لەو پارێزگایە، ئەوەش بەهۆی ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران.


لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوە دەبات، كورد نیگەران‌و ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا یەكگرتوو نییە بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.