
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
مەسعود بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵ كۆبوونەتەوەو دۆخی هەرێمو پەیوەندییەكانی نێوانیانو پێكهێنانی كابینەی نوێیان تاوتوێ كردووە، ئەنجامی كۆبوونەوەكە "باش" بووەو دوای هەندێك گلەیی لە یەكتر كردن، تەئكیدیان لە كاری پێكەوەیی كردووەتەوە.
كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆكی پارتیو جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، دوو قۆڵیی بووەو كۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە پیرمام بەڕێوەچووە، بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف.
ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی مەسعود بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵە لە دوای ناكۆكییو نیگەرانییەكانی نێوانیان كە بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە لە نێوانیان دروست بوو، بەرلەو كۆبوونەوەیە مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو دواین دیداری نێوانیان ئەنجامدراوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف، وتی"كۆبوونەوەكەیان باش بووە، هەندێك گلەییان لە یەكتر كردووەو دواتر تەئكیدیان لە كاری پێكەوەیی كردووەتەوە بۆ داهاتوو."
كۆبوونەوەكە هاوكاتە لەگەڵ هەنگاوەكانی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی سیاسیی بۆ ڕێككەوتن لە نێوان پارتیو یەكێتی، پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، ڕەشنوسی پڕۆژەكە كۆتایی هاتووەو 18 ماددە لە خۆدەگرێتو پڕۆژەكە لەسەری نووسراوە بۆ گفتوگۆ، دوای تاوتوێ كردنی لەلایەن مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی، پڕۆژەكە پەسەند دەكرێت. بەڵام هێشتا خواستەكانی یەكێتی دەربارەی پارێزگاری كەركوك چەند بەربەستێكی لەبەردەمدایە.
"پڕۆژەكە زۆر گشتییە لەوە دەچێت بۆ بڵاوكردنەوەو بەرچاوی خەڵك نووسرابێتو بیانەوێت ڕێككەوتنی ژێر بەژێر لەپشتیەوە هەبێت"، سەرچاوەیەكی ئاگادار كە خۆی پڕۆژەكەی خوێندووەتەوە وای وت.
پڕۆژەكە بەگشتیی باسلە چاكسازییو شەفافیەتو شەراكەت دەكات لە كابینەی نوێی هەرێم، لە بوارەكانی؛ ئابوریو دارایی، پێشمەرگەو هێزی ئەمنیی، نەوت، سیستمی دادوەرییو پەیوەندییەكانی هەرێمو بەغدا، هەرێمو وڵاتانی دەرەوە.
كەركوكو ماددەی 140ی دەستوری عێراق كە تایبەتە بە ناوچەكانی جێناكۆك، بەشێكی دیكەی پڕۆژەكەن، یەكێتی پێداگرە لەوەی دانانی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندیی حیزبەكەی یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام لە ڕەشنوسی پڕۆژە سیاسییەكەدا ئەوە بۆ یەكێتی "مسۆگەر نەكراوە."
"ئەو ماددەیەی لە ڕەشنوسی پڕۆژەكەی نێوان پارتیو یەكێتیدا دەربارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك نووسراوە، تێیدا نەهاتووە كە پارێزگار بۆ یەكێتی دەبێت، بەڵكو دەڵێت، پێكەوە كار دەكەن بۆ دانانی پارێزگارو ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە كۆتایی 2019 ئەنجام بدرێت"، سەرچاوەكە وای وت.
ڕەشنوسی پڕۆژە سیاسییەكە بەپێی ڕێككەوتنی 5ی ئەم مانگەی نێوان پارتیو یەكێتی ئامادەكراوە، لەو ڕۆژەدا ئەو دوو حیزبە دوای زنجیرەك كۆبوونەوەی نێوانیانو ناكۆكییان لەسەر دۆسیەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستانو ناوچە دابڕاوەكان بەتایبەت ڕەوشی كەركوك، گەیشتنە ڕێككەوتن كە 18-2 پەرلەمانی كوردستانو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببنەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی ناو یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی"ڕای زۆرینەی ناوی یەكێتی ئەوەیە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كاتژمێر 11ی 18ی مانگ بەڕێوەبچێت، ئەگەر ئەو كۆبوونەوەیە بەخواستی یەكێتی ئەنجامدراو پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرا، ئەوكات كاتژمێر 4ی هەمان ڕۆژ بچنە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان."
ئامانجی پارتی كۆبوونەوەی پەرلەمانو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتییە بە مەبەستی دەستپێكردن بە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكلایی بووەتەوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتیو جێگری یەكەم بۆ پارتی دەبێت، پارتی دەیەوێت جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەكان بێت كە نزیكن لە خۆیەوە، بەڵام هێشتا ئەوە یەكلایی نەبووەتەوە.
ئامانجی یەكێتیش لە 18ی ئەم مانگەدا، كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە بەمەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك، بەڵام یەكێتی چەند بەربەستێكی دیكەی لەبەردەمدایە بۆ هێنانەدی ئەو خواستەی، وەك؛ ڕتكردنەوەی چوار كاندیدی ئەو حیزبە لەلایەن پارتییەوەو یەكلایی نەبوونەوەی باڵەكانی ناو یەكێتی لەسەر كاندیدێكی دیكە، ڕازینەكردنی پێكهاتەكانی دیكەی كەركوك لە عەرەبو توركمانەكان لەسەر ئەو پرسە.
ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتیو یەكێتی یەكلایی بووەتەوە دەربارەی پارێزگاری كەركوك ئەوەیە، پارتی كاندیدی نابێت بۆ ئەو پۆستەو ڕازییە یەكێتی كەسێك كاندید بكات، بەڵام پارتی پێی باشە ئەوكەسەی یەكێتی كاندیدی دەكات بێلایەن بێت، پارتی هەموو كەسێكی یەكێتی پەسەند ناكات بۆئەو پۆستە، هەرئەوەش وایكردووە تائێستا ئەو پرسە یەكلایی نەبێتەوە.
پارتی لەناو لیستی برایەتیدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زۆرینەیەو ئەنجومەنەكە بەبێ ئەو حیزبە توانای كۆبوونەوەی نییە، لەبەرئەوەی عەرەبو توركمانەكان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبوون، ئەوەش وایكردووە چەند هەوڵێكی یەكێتی شكستبهێنێت بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنو هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ.
لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران، كورد بە تەواوی دەسەڵاتی خۆی لە كەركوك لە دەستدا، ئەوەش كوردی خستە دۆخێكی لاوازەوە كە لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا قۆناغی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوە دەبات، كورد نیگەرانو ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا یەكگرتوو نییە بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.