لەیلا گوڤەن ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا؛ 98 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

13-02-2019 06:31
لەیلا گوڤەن ئامادەنییە مانگرتنەكەی بشكێنێت.


پەرەگراف

لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە لە 98 هەمین ڕۆژی مانگرتنەكەیدا دۆخی تەندروستیی تەواو تێكچووەو ڕەوانەی نەخۆشخانەكرا، ئەو ڕێگە نادات چارەسەر بكرێت‌و بەردەوامە لە مانگرتن لە خواردن.

گوڤەن، هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك(كەجەدە)و پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)یە، لە ڕۆژی 8ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە لە زیندانی ئامەد لە باكوری كوردستان مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند، داواكاریی ئەو، هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیرییەیە كە توركیا سەپاندوویەتی بەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان دا.

لەیلا گوڤەن 25-1-2019 لە زیندان ئازاد كرا كە ئەوكات 79 ڕۆژ بوو مانی لە خواردن گرتبوو، بەڵام دوای ئازادكردنی ئامادەنەبوو مانگرتنەكەی بشكێنێت، ئەمڕۆ مانگرتنەكەی ئەمڕۆ پێینایە ڕۆژی 98، بەڵام دۆخی تەندروستی دژوارتر بوو هەربۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا.

سەبیحای كچی لەیلا گوڤەن ئێوارەی ئەمڕۆ لە تویتەر پەیامێكی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت، دایكی لە دۆخێكی تەندروستیی دژواردایە، "ئێمە ئێستا لە نەخۆشخانەین، ئەو چارەسەركردن قبوڵ ناكات.. ئەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە لە كاتێكدا لە دۆخێكی سەختدایە. تكایە مەهێڵن بمرێت. تكایە."

لەیلا گوڤەن دوای ئازادكردنی لەگەڵ پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە.

هەرچەندە مانگی ڕابردوو ڕێگە بە دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان درا لەگەڵ برایەكیدا، بەڵام لەیلا گوڤەن و مانگرتوانی دیكە داوای كۆبوونەوەی ئۆجەلان و پارێزەرەكانی دەكەن.

پێش دیدارەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان و محەمەدی برای، دوایین چاوپێكەوتنی نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و خانەوانەدەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 11ی ئەیلولی 2016، هەروەها لە 27ی تەمووزی 2011ـەوە، بە بیانووی لاوەكی ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی نادرێت و تا ئێستا نزیكەی 800 جار داواكاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتكراوەتەوە.

ئەوەی ڕۆژانە لەیلا گوڤەنی تەمەن 55 ساڵ وەریدەگرێت، سێ كەوچك شەكر، دوو كەوچكی بچوك خوێ، ئاو و 500 میلیگرام ڤیتامین Bـیە، لە ئێستاشدا كاریگەریی خراپ لەسەر هەستی بینین‌و بیستنی دروست بووەو كێشی لەشی دابەزیوە، بەڵام ئامادەنییە مانگرتنەكەی بشكێنێت، خۆی پێشتر وتوویەتی، ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناو پڕۆسەی ئاشتیدا ببەخشێت.

لە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەكەی لەیلا گوڤەن، ئەندام و هەوادارانی هەدەپە لە وڵاتانی ئەوروپا و شارەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان بە مانگرتن گرت.

لە شاری هەولێر، ئەندامانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان، لە ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2018ەوە مانگرتنیان بەشێوەی خولی ڕاگەیاندووە، مانگرتنەكە بەشێوەیەكە هەر دوو ڕۆژ جارێك گروپێكی چەند كەسی مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن، هەروەها ناسر یاگیز، كە ئەندامێكی نوێنەرایەتی هەدەپەیە لە شاری هەولێر ئەمڕۆ 85 ڕۆژە مانگرتنی لەخواردن ڕاگەیاندووەو دۆخی تەندروستیی خراپ بووە، بەڵام ئامادە نییە مانگرتنەكەی بشكێنێت.

لە شاری سلێمانیش، ڕێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لە ڕۆژی 14ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەی خولیی بۆ پشتگیرییكردن لە لەیلا گوڤەن مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.

هەروەها لە زیندانەكانی توركیاشدا، زیاتر لە 200 زیندانیكراوی كورد وەك پشتگیریی لە لەیلا گوڤەن مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.

مانگرتن لە خواردن یەكێكە لە چالاكییە باوەكان لەنێو سیاسەتمەداران و چالاكوانانی باكوری كوردستان، پێشتریش لە ساڵی 1982 لە هەمان ئەو زیندانەی ئێستا لەیلا گوڤەنی تێدا دەستگیركراوە، پێنج سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە دژی خراپی مامەڵەی بەرپرسانی زیندانەكە لەگەڵ زیندانییە سیاسییەكاندا، مانگرتن تا مردنیان لە خواردن ڕاگەیاند، دواجار چوار لە زیندانییەكان بەهۆیەوە گیانان لەدەستدا، بەڵام دەوڵەت ناچاربوو لەگەڵ پێنجەمیاندا، كە مستەفا قەرەسوو-بوو و ئێستا سەركردەیەكی پەكەكەیە لە قەندیل، بكەوێتە گفتوگۆوە و سەرجەم داواكارییەكانی جێبەجێ بكەن.

ئەمە یەكەمجار نییە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە گۆشەگیریی بخرێتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، پێشتر و لە ساڵی 2012، بەهەمان شێوەی ئێستا بۆ ماوەیەكی زۆر ڕێگە نەدرا هیچ كەس سەردانی ئۆجالان بكات لە زیندانی ئیمراڵی، دژی ئەو كارەش شەپۆلێكی مانگرتنی فراوان لە توركیا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێكرد، تا دواجار دەوڵەت ڕێگەی بۆ دیداری ڕێبەری پەكەكە كردەوە و ئۆجەلان بە نامەیەك داوای لە هەمووان كرد كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن و بەو شێوەیە مانگرتنەكان كۆتاییان هات.