
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
یەكێتیو پارتی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن، پرسی پارێزگاری كەركوك خاڵی سەرەكیی ناكۆكییەكانەو یەكێتی بەڵێنی واژۆكراوی لە پارتی دەوێت كە ئەو پۆستە بۆ كاندیدی یەكێتی مسۆگەر بكات، بەڵام پارتی ئامادەی ئەوە نییە، بەوهۆیەوە سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ پڕۆژەی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی ڕەتكردەوەو تەنها پابەندبوونی بە بنەماكانی ڕاگەیاند، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ داوای دەستكاریكردنی پڕۆژەكە بە خواستی ئەو حیزبە.
ڕێكنەكەوتنی ئەو دوو حیزبە لە كاتێكدایە 18ی ئەم مانگە وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستانەو پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیەو ئەمڕۆش لەگەڵ گۆڕان كۆبووەوە بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بەشداریكردنیان لە كابینەی نوێی حكومەت.
یەكێتی بەبێ ڕێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ پارتی، بەشداریی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ناكات كە كەمتر لە 48 كاتژمێری ماوەو تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت.
هەرچەندە دوای كۆبوونەوەی دوێنێی پارتیو یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی ئەو دوو حیزبە پەیامی گەیشتنە ڕێككەوتنیان ڕاگەیاند، بەڵام پەرەگراف لە سەرچاوەی باڵاوە زانیویەتی ڕێكنەكەوتوون، ئەمڕۆش سەركردایەتی یەكێتی ئەو ڕەشنوسەی "ڕەتكردەوە" كە دوێنێ مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی تاوتوێی كردووە.
سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی نێوان پارتیو یەكێتییە ئەوەی خستەڕوو، بەرپرسانی یەكێتی تا درەنگانی شەوی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی ناوخۆیاندا بوونو بە تەلەفۆن لەگەڵ پارتی لەسەر خەت بوون.
خاڵی سەرەكی ناكۆكیی نێوان پارتیو یەكێتی دانانی پارێزگاری كەركوكە، پەرەگراف پێشتر ئەوەی ئاشكرا كرد بەپێی ڕەشنوسی ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان كە لەژێر ناوی (دیدی هاوبەش) گەڵاڵە كراوە، پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی مسۆگەر نەكراوەو باسلەوە كراوە پێكەوە كاردەكەن بۆ دانانی پارێزگار.
هەرچەندە دوێنێ لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی دەستكاریی ئەو ماددەیەی ڕەشنوسەكە كراوە، بەڵام هێشتا یەكێتی بەلایەوە پەسەند نییەو ئەو گۆڕانكارییەشی ڕەتكردووەتەوەو داوای گۆڕانكاریی دیكە دەكات.
"لە كۆبوونەوەكەی دوێنێدا ئەو ماددەیەی ڕەشنوسەكە دەستكاریی كرا بەوەی دانانی پارێزگاری كەركوك بە خواستی یەكێتی بێت، بەڵام یەكێتی دوای كۆبوونەوەكە پەیامی بۆ پارتی نارد كە ئەوەیان قبوڵ نییەو دەبێت بەڕوونی تێیدا بنوسرێت پارێزگار بۆ یەكێتی دەبێت پارتیش ئەمەی قبوڵ نییەو واژۆی لەسەر ناكات"، سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.
سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا كە بۆ بڕیاری كۆتایی لەبارەی ڕەشنوسی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتیو پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك بوو، ڕێككەوتنەكەی تاوتوێ كردووە، بەپێی ڕاگەیەندراوی یەكێتی، بڕیاری كۆبوونەوەكە بە ئاڕاستەی ڕێككەوتن نییە.
ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە ئەوەدەخاتەڕوو، پابەندن بە بنەماكانی ڕێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی كە لە ڕۆژی (5ی شوباتی 2019) ئیمزا كراوەو بەپێی ئەو ڕێككەوتنە پەرلەمانی كوردستانو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك 18ی ئەم مانگە دەبێت كۆببنەوە، بەڵام سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت"بەستنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دانانی پارێزگار و ئاسایی كردنەوەی دۆخی پارێزگاكە هاوكاتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بێت."
بەوپێیەش سەركردایەتی یەكێتی كردوویەتی بە مەرج كە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەبێت بۆ دانانی پارێزگار بێتو هاوكات بێت لەگەڵ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئەوە لە كاتێكدایە پارتی لەگەڵئەوەی گرەنتی نادات پارێزگار بۆ یەكێتی بێت، هاوكات ڕەزامەند نییە 18ی ئەم مانگە هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرێتو داوادەكات دوای گفتوگۆو ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدادو پێكهاتەكانی دیكەو ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی شارەكە ئەو هەنگاوە بنرێت.
"یەكێتی جەخت دەكاتەوە، ئامادەیە بۆ ڕێكەوتنێكی سیاسی گشتگیر كە پرسەكانی كوردستان و كەركوك و عێراق وەك یەك پاكێچ ڕێكەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی لەسەر بكرێ"، ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی وادەڵێت.
وەك ئاماژەیەكیش بۆ كۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان، سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت"هەر هەنگاوێك بەبێ ڕێكەوتنی سیاسی لایەنەكان، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و پڕۆسەی سیاسی ناكات."
بەدەر لە پرسی كەركوك، ناكۆكیی دیكەی هەیە لە نێوان پارتیو یەكێتی، لەسەر پۆستو بەركەوتەی خۆیانو لایەنەكانی دیكە لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام پرسی كەركوك ناكۆكی سەرەكییانەو بووەتە گرێ كوێرەی بەردەمیان، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی"ئەگەر كەركوك چارەسەر بكرێت پرسەكانی دیكە ئاساننو دەگەنە ڕێككەوتن."
پڕۆژەی ڕێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان پارتیو یەكێتی بەگشتیی باسلە چاكسازییو شەفافیەتو شەراكەت دەكات لە كابینەی نوێی هەرێم، لە بوارەكانی؛ ئابوریو دارایی، پێشمەرگەو هێزی ئەمنیی، نەوت، سیستمی دادوەرییو پەیوەندییەكانی هەرێمو بەغدا، هەرێمو وڵاتانی دەرەوە.
ئامانجی سەرەكیی پارتی لە ڕێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستانو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتییە بە مەبەستی دەستپێكردن بە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئامانجی یەكێتیش لە 18ی ئەم مانگەدا، كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە بەمەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك.
ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتیو یەكێتی یەكلایی بووەتەوە دەربارەی پارێزگاری كەركوك ئەوەیە، پارتی كاندیدی نابێت بۆ ئەو پۆستەو ڕازییە یەكێتی كەسێك كاندید بكات، بەڵام پارتی پێی باشە ئەوكەسەی یەكێتی كاندیدی دەكات بێلایەن بێت یاخود یەكێتییەك بێت كە پارتی پەسەندی بكات، پارتی هەموو كەسێكی یەكێتی پەسەند ناكات بۆئەو پۆستە، هەرئەوەش وایكردووە تائێستا ئەو پرسە یەكلایی نەبێتەوە.
پارتی لەناو لیستی برایەتیدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زۆرینەیەو ئەنجومەنەكە بەبێ ئەو حیزبە توانای كۆبوونەوەی نییە، لەبەرئەوەی عەرەبو توركمانەكان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبوون، ئەوەش وایكردووە چەند هەوڵێكی یەكێتی شكستبهێنێت بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنو هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ.
لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران، كورد بە تەواوی دەسەڵاتی خۆی لە كەركوك لە دەستدا، ئەوەش كوردی خستە دۆخێكی لاوازەوە كە لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا قۆناغی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوە دەبات، كورد نیگەرانو ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا یەكگرتوو نییە بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.