
پەرەگراف
پارتیو گۆڕان ڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان پەسەندكردو پێكەوە بەشداردەبن لە كۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەتیش گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی.
ڕێككەوتنەكە دوای نزیكەی 5 كاتژمێر كۆبوونەوەی شاندی پارتیو گۆڕان هات لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ڕێكنەكەوتنی پارتیو یەكێتی لەبارەی پرسەكانی هەرێمو كەركوكو بەغداد، پۆستی پارێزگاری كەركوك بووەتە گرێ كوێرەی نێوانیان و یەكێتی بەبێ ڕێككەوتنی پێشوەختە بەشداریی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ناكات كە كەمتر لە 48 كاتژمێری ماوەو تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت.
گۆڕانو پارتی لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا دوای كۆبوونەوەی نێوانیان 4 خاڵیان خستەڕوو كە لەسەری ڕێككەوتوون، بەپێی ڕاگەیەندراوەكە لەكەشوهەوایەكی دۆستانەدا گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانەی بەرپرسیارانەیان كردووەو پەیوەندی هەردولا و گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و ڕێككەوتنی سیاسی نێوان هەردولا خراوەتەڕوو.
"ڕێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان پەسەندكرا. لەكۆبونەوەكەی 18 ی 2 ی پەرلەمانی كوردستاندا فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنی گۆڕان بەشداردەبن. لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەت گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی و بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە"، ڕاگەیەندراوەكەی پارتیو گۆڕان وادەڵێت.
لە خاڵی كۆتاییشدا ئەوەخراوەتەڕوو، پڕۆژەی ڕێككەوتنەكەیان دەبرێتەوە بۆ سەركردایەتی هەردولا بۆ پەسەندكردنی.
بەوپێیەش 12 پەرلەمانتارەكەی گۆڕان هاوشانی 45 پەرلەمانتارەكەی پارتیو 11 پەرلەمانتاری پێكهاتەكانو بەشێك لە لایەنەكانی دیكە لە ناویاندا 5 پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی بەشدار دەبن لە كۆبوونەوەكەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمان.
پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چەندین كۆبوونەوەو مانۆڕی سیاسی ئەنجامداوە بەمەبەستی ڕێككەوتن لەگەڵ حیزبەكان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانو پێكهێنانی كابینەی نوێ، ئەو حزیبە هەرلەسەرەتاوە پێیباش بوو گۆڕان بەشدار بێت لە كابینەی نوێ، ئەوەش هەمان خواستی زۆربەی بەرپرسە باڵاكانی گۆڕان بووە.
بزوتنەوەی گۆڕان بۆیەكەمجار لە ساڵی 2009 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو 25 كورسیی بەدەستهێنا لەكۆی 100 كورسی (یانزدەكەی دیكەیان بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە.)
ئەو بزوتنەوەیە چوار ساڵی یەكەمی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بردەسەر، دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لەحكومەتدا كرد، بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی سەرۆكی پەرلەمانو چوار وەزارەتو سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت لەگەڵ چەند پۆستێكی دیكە لەناو حكومەت، بەڵام لەمانگی 10ی 2015 ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە هەولێرو وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەحكومەت دورخرانەوە، ئەوەش بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە.
كۆتایی ساڵی ڕابردوو گۆڕان بە فەرمی لە حكومەت كشایەوەو بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەو بزوتنەوەیە زەرەرمەندترین حیزب بوو، 12 كورسی هەیە لەم خولەداو 12 كورسی لەدەستداوە.