بوكەكەی داعش پەشیمان نییە لە پەیوەندیكردن بەو ڕێكخراوەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بەریتانیا

17-02-2019 04:37
شەیما تەمەنی 15 ساڵ بوو ئەوكاتەی چووەناو داعش.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم


یەكێك لەو سێ كچە قوتابیەی لە ساڵی 2015 لەندەنیان بەرەو ناوچەكانی ژێر دەستی داعش جێهێشت، ئێستا دەڵێت، پەشیمان نییە لە پەیوەندیكردن بەو ڕێكخراوە توندڕەوەوە، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تایمز، شەمیما بیگەم كە ناسراوە بە بووكەكەی داعش و ئێستا تەمەنی 19 ساڵە، باس لەوە دەكات بەچاوی خۆی دیمەنی چەندین سەری پەڕێندراوی لەناو سندوقدا بینیووە، "بەڵام شتێكی بێزاركەر نەبووە" لەلای ئەو.

شەمیما لە كەمپێكی پەنابەرانەوە لە سوریا قسەی بۆ پەیامنێرەكەی ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە كردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە ئێستا دووگیانە و دەیەوێت بگەڕێتەوە نیشتمانەكەی خۆی لە پێناو منداڵەكەیدا. دەشڵێت، دوو منداڵی دیكەشی هەبووە كە هەردووكیان مردوون.
لەبارەی چارەنووسی ئەو دوو كچەی دیكە كە چوار ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ شەمیما پێكەوە چوونە ناو داعش، شەمیما دەڵێت، یەكێك لەوان لە تەقینەوەیەكدا كوژراوە و چارەنووسی ئەوی دیكەشیان دیار نییە.

ئەمیرە عەباس‌و خەدیجە سوڵتان ئەو دوو هاوڕێیەی شەمیمابوون كە لە شوباتی 2015 لەبەریتانیاوە بڕیاریاندا بۆ گەشتێكی ترسناك ڕووبكەنە سوریا، هەر سێ كچەكە دوای ئەوەی بە خێزانەكانیان وتووە بۆ ماوەی یەك ڕۆژ سەفەر دەكەن، ڕاستەوخۆ لە بەریتانیاوە بەڕێكەوتوون بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ سوریا.

شەمیما بیگەم، ئەميرە عەباس‌و خەدیجە سوڵتان.

دوای ئەوەی شەمیما دەگاتە ڕەققەی پایتەختی ئەو كاتی "خەلافەتی داعش" لەماڵێكدا لەگەڵ چەند كچێكی دیكەدا دەمێنێتەوە كە دانرابوون بۆ ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ چەكدارانی داعشدا بكەن.

"من داوام كرد شوو بە چەكدارێك بكەم كە ئینگلیزیی بزانێت و تەمەنی لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵ بێت"، شەمیما وادەڵێت. چەند ڕۆژێك دواتر شوو دەكات بە پیاوێكی هۆڵەندەی تەمەن 27 ساڵ كە چووبووە سەر ئاینی ئیسلام.

لەو كاتەوە شەمیما لەگەڵ ئەو هاوسەرەیدایە، تا دوو هەفتە پێش ئێستا لە شارۆچكەی باغۆزی دواین مۆڵگەی داعش لە پارێزگای دێرەزوورەوە هەڵهاتن و خۆیان ڕادەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات كرد. هاوسەرەكەی دەستگیركرا و خۆیشی ڕەوانەی كەمپێكی پەنابەران كرا لە باكوری سوریا.

شەمیما باس لەوەش دەكات تا لە شاری ڕەقە بوون ژیانێكی باش و ئاساییان هەبووە هەرچەندە "جار جار تەقینەوە و شت دەبوو."

ژنە بەریتانییەكە جەخت دەكاتەوە لەوەی پەشیمان نییە لە پەیوەندیكردنی بە داعش و ژیانكردن لەسایەی ئەو خەلافەتەدا، بەڵام داوا دەكات لەبەرخاتری منداڵەكەی ناو سكی ڕێگەی بدرێت بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا.

لە سەرەتای دەركەوتنی داعش لە عێراق و سوریا، بە هەزاران چەكداری توندڕەوی بیانیی پەیوەندییان بە ڕیزەكانی ئەو ڕێكخراوەوە كرد، كە زۆرینەیان لەڕێی خاكی توركیاوە دەچوونە ڕیزەكانی داعشەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕۆژی 2ی حوزەیرانی 2016 ڕایگەیاند، ئەوان مەزەندەی ئەوە دەكەن ژمارەی ئەو چەكدارە بیانییانەی بەمەبەستی شەڕكردن چوونەتە سوریا، 40 هەزاری تێپەڕاندووە كە هاوڵاتی 100 وڵاتی جیاوازن.

لە كاتێكدا شەش مانگ پێشتر وەزیری بەرگریی ڕوسیا مەزەندەی كردبوو 20 تا 30 هەزار چەكداری بیانی پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە.

لە ئێستادا لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی داعش و كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندابوو، هەزاران چەكداری بیانیی ئەو ڕێكخراوە كوژران و سەدانی دیكەشیان لێ بە دیل گیراوە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا(پنتاگۆن) لە ئێستادا 700 چەكداری بیانیی داعش لای هێزەكانی سوریای دیموكرات زیندانین.

چەند جارێك بەرپرسانی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایانگەیاندووە كە بەشێكی زۆری وڵاتە ئەوروپییەكان ئامادەنین هاوڵاتییەكانی خۆیان وەربگرنەوە، ئەوەش كێشەیەكی زۆری بۆ ئەو هێزانە دروست كردووە.

لە نوێترین لێدوانیشدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتە ئەوروپییەكان چەكدارەكانی خۆیان وەربگرنەوە و لە وڵاتەكانی خۆیاندا دادگاییان بكەن.

ترەمپ وەك جۆرێك لەهەڕەشەكردنیش لە ئەگەری وەرنەگردنەوەی ئەو چەكدارە دیلانە دەڵێت"جێگرەوەی ئەوە باش نییە، چوونكە زۆرمان لێ دەكرێت كە ئازادیان بكەین."