
پەرەگراف- ئازا ئیبراهیم
3 دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكانی دهۆك ئەمڕۆ ئازاد كران، هێشتا 16 كەسی دیكە لە زینداننو ئازاد نەكراون، یەكێك لەوانە ڕەخنەگرێكی دیاری ناوچەكەیەو لە زیندانییەكانی دیكە دابڕێندراوەو كەسوكارەكەی نازانن بۆ كوێ براوە.
ئەوان بەشێكن لەو دەیان كەسەی لە هەڵمەتێكی فراوانی هێزەكانی ئاسایشدا 21 ڕۆژ لەمەوبەر دەستگیركران، هەڵمەتەكەی ئاسایش لە دهۆك، دوای خۆپیشاندانەكانی شیلادزێو گرژییو ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە هات، ئاسایش زیاتر ئەو كەسانەی كردووەتە ئامانج كە ویستویانە دەنگی ناڕەزایی بەرزبكەنەوە بەرامبەر بۆردومانەكانی سوپای توركیا بۆسەر ناوچەكانیان.
ئەحمەد یوسف، ئەندامی گروپی پارێزەرانی خۆبەخش كە پارێزەری دەستگیركراوانن، ئەوەدەخاتەڕوو، لەسەر داواكاریی ئەوان لەلایەن دادگاوە چاوخشاندنەوە بە دۆسیەی 3 لە دەستگیركراوەكاندا كراوەو ئەمڕۆ بە كەفالەت ئازادكراون.
ئەو پارێزەرە بۆ پەرەگراف وتی"لەئێستادا 16 كەس لە خۆپیشاندەرانو چالاكوانان لەسەر دۆسیەی خۆپیشاندانەكانی مانگی ڕابردووی بادینان لە زینداننو بەپێی ماددەی 156ی یاسای سزادانی عێراقی زیندانیكراونو لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە."
ئەو ماددە یاساییە لە ساڵی 2003وە لە هەرێمی كوردستان لەكار خراوەو لەبری ئەوە كار بە بڕگەیەك دەكرێت كە دەڵێت"هەركەسێك بەدەستی ئەنقەستو بە هەر شێوەیەك بێت، لەكارێكدا تێوەگلابێت بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایشو سەقامگیریو سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراقو ببێتەهۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتایی یان بە بەندكردنی كاتیی سزا دەدرێت."
ئەندامەكەی گروپی پارێزەرانی خۆبەخش وتی"2 كەس لە زیندانیەكان لە دهۆك لە زیندانی (زركا)ن، 13 زیندانی دیكەش گواستراونەتەوە بۆ ناحیەی دێرەلوكی سەر بەقەزای ئامێدی، بەڵام یەكێك لەزیندانیەكان بەناوی شێروان شێروانی لەهیچكام لە زیندانەكاندا نییە."
ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ سەردانی زیندانی (زركا)یان كردوە لە دهۆك، بەڵام شێروان شێروانییان نەبینیوەو لەوێ پێیان ڕاگەیەندراوە كە "ئەو گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی گشتیی دهۆك."
شێروان یەكێكە لە ڕەخنەگرە دیارەكانی دەسەڵات لە ناوچەكە، بەرلەوەی دەستگیر بكرێت پەیامێكی دەنگیی كورتی بۆ برایەكی ناردووەو تێیدا دەڵێت"من لە بازگەی دهۆكم، ڕەنگە دەستگیر بكرێم"، هاوسەری شێروان بۆ پەرەگراف وتی"یەك خولەك پێش دەستگیركردنەكەی بەدەنگێكی جیاوازو بە خێرایی، شێروان ئەم پەیامەی ناردووە بۆ براكەی."
ڕوگەش عیزەدین، هاوسەری شێروان، باسلەوەدەكات لە دوای دەستگیركردنی چاوی بە شێروان نەكەوتووەو لە خانەوادەكەشیاندا تەنها یەك برای شێروان لە 7/2/2019 چاوی پێی كەوتوە كە ئەوكات هێشتا لەزیندانی زركا بووە.
"كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەوڕۆژەی دەستگیركرا، پاش نان خواردن كەمێك یاریی لەگەڵ منداڵەكاندا كردو پێی گوتم، هاوڕێكانم لە دهۆك بەنیازی ئەنجامدانی خۆپیشانن دژ بە ڕوداوەكانی شیلادزێ، دەبێ بچمە دهۆكو شەو دەگەڕێمەوە بۆلاتان، بەر لە ڕۆیشتنی بە توندی منداڵەكانی گرتە باوەش، سەیرێكی كردم و پێی وتم ئاگاداری خۆتان بن"هاوسەری شێروان وای وت.
هەرچەندە 10 ڕۆژە خێزانەكەی شێروانیان نەبینیوە، بەڵام هاوسەرەكەی دەڵێت، زانیارییان هەیە "لە 13ی ئەم مانگەوە شێروان لە زیندانی (زركا) لە دهۆك گواستراوەتەوە بۆ جێگایەكی نادیار، هەندێك دەڵێن لە ئاسایشی دهۆكە، بەڵام ئێمە هیچ هەواڵێكی ئەو نازانین."
ڕوگەش دەڵێت"ئەگەری هەیە دۆسیەیەكی تر لەسەر شێروان كرابێتەوە، گواستنەوەكەی لەزیندان و بەبێ ئاگاداری ئێمە ناڕوونە."
دەستگیركراوانی دهۆك، زۆربەیان ئەوانەن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانو لەسەر شەقام ناڕەزاییان بەرامبەر بۆردومانەكانی سوپای توركیاو بوونی سەربازانی ئەو وڵاتە لە خاكی هەرێم پیشانداوە، پێشتر پەرەگراف ئەوەی بڵاوكردەوە، كە ژمارەیەك لە چالاكوانان لە بازگەكانو ناو بازاڕی دهۆك و هەندێكیشان لەناو ماڵەكانیاندا دەستگیركراون.
دەستگیركردنی چالاكوانانی دهۆك ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند بووەتەوەو چەندین كەسایەتیو ڕێكخراوی مەدەنی داوای ئازادكردنیان دەكەن، بەڵام دەسەڵاتداران وەڵامی داواكارییەكان نادەنەوە.
خۆپیشاندان و توڕەبونی خەڵكی شیلادزێ كە ئەو لێشاوە لە دەستگیركردنی بەدواداهات، دوای ئەوەبوو كە سێ ڕۆژ پێشتر و لە 23-1-2019، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە چوار هاوڵاتی سنورەكە گیانیان لەدەستدا، جگە لەدیارنەمانی دوو كەس.
لە خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ(26-1-2019) خۆپیشاندەران بنكەیەكی سوپای توركیایان سووتاندو بە تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی توركیاش خۆپیشاندەرێكی مێرمنداڵ بەناوی حسێن ڕێكانی شەهید كراو دوو فیشەك بەر سنگی كەوت، هاوكات زیاتر لە 10ی دیكە برینداربوون، ئەوەش توڕەیی خەڵكی ناوچەكەی زیاتر كرد، بەوهۆیەوە دۆخێكی ئەمنیی تووند گیرایەبەر.
خۆپیشاندەرانی شیلادزێ بنكەیەكی سەربازیی توركیایان سووتاند/ 26-1-2019.
بۆردومانەكانی توركیا، بەردەوام جێی ناڕەزایی و خۆپیشاندان بووە، سەرباری داواكاریی زۆرینەی لایەن و هەروەها چەندینجارەی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام هێرشەكانی توركیا بەردەوامیی هەیەو هێزەكانیشیان لە هەرێم نەكشاندووەتەوە.