
پەرەگراف
پەرلەمانی كوردستانی بەبێ یەكێتی نیشتمانی كۆبووەوەو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا، سەرۆكی پەرلەمان لە فراكسیۆنی پارتییەو بەشێوەیەكی كاتیی لەو پۆستەدایە تا ئەوكاتەی حیزبەكەی لەگەڵ یەكێتی دەگاتە ڕێككەوتن، یەكێتی لە دوا هەڵوێستیدا سوورە لەسەر ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی بە مەرجی مسۆگەر كردنی پارێزگاری كەركوكو هێشتا گرێ كوێرەی نێوانیان نەكراوەتەوە.
دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان هاوكات بوو لەگەڵ كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ دوا بڕیاری حیزبەكەیان لەبارەی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتیو بەشداربوونیان لە كۆبوونەوەكە.
لە گەرمەی دەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی كۆتایی هات، وتەبێژی ئەو حیزبە ڕایگەیاند، سوورن لەسەر بڕیارەكانی پێشوویانو بەبێ ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنە لەگەڵ پارتیو یەكپاكێجیی پرسەكانی هەرێم، كەركوكو بەغداد، بەشداریی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانو پێكهێنانی حكومەتدا ناكەن.
لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمیی یەكێتی وتیشی"سەركردایەتی بەكۆی دەنگ سوورینو بەردەوامین لەسەر بڕیارەكانی ڕابردوومان."
وتەبێژەكەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا جیاوازیی ئەوان لەگەڵ پارتی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەیە كە لە 5-2 واژۆیان كردووە، "لەسەر دڵنیاكردنەوەی ئێمەیە لەلایەن پارتی لە جێبەجێ كردنی ئەو ڕێككەوتنە".
بەپێی ڕێككەوتنی 5-2ی نێوانیان، دەبوو ئەمڕۆ لەگەڵ كۆبوونەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام بدرایە بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو پارێزگایە، بەڵام یەكێتیو عەرەبو توركمانەكان ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە نەبوون.
ئەوەی لە نێوان پارتیو یەكێتیدا بووەتە گرێ كوێرەو تائێستا نەكراوەتەوە، پرسی پارێزگاری كەركوكە، یەكێتی بەڵێنی واژۆكراوی لە پارتی دەوێت كە ئەو پۆستە بۆ كاندیدی یەكێتی مسۆگەر بكات، بەڵام پارتی ئامادەی ئەوە نییە.
پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، بەپێی دواین ڕەشنوسی ڕێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی، ئەو ماددەیەی باسی پارێزگاری كەركوك دەكات كراوە بەوەی، "دانانی پارێزگاری كەركوك بە خواستی یەكێتی دەبێت، بەڵام یەكێتی ئەوەیان قبوڵ نییەو داوادەكەن بەڕوونی تێیدا بنوسرێت پارێزگار بۆ یەكێتی دەبێت پارتیش ئەمەی قبوڵ نییەو واژۆی لەسەر ناكات"، پرسەكە هێشتا لەو شوێنەدا چەقیوە.
لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا بەدەر لە پارتیو پێكهاتەكان كە كاندیدیان هەبوو بۆ پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی، فراكسیۆنی نەوەی نوێ هەرچەندە ڕایگەیاندووە ئۆپۆزسیۆن دەبێت، بەڵام كاندیدی هەبوو بۆ هەرسێ پۆستی سەرۆكو دوو جێگرەكەی سەرۆكی پەرلەمان بە پاساوی ئەوەی پەرلەمان دەزگایەكی دیموكراسییەو دەبێت سەربەخۆ بێتو پەیوەندیدار نەبێت بە پشكی لایەنەكان لە حكومەت.
لە سەرەتای دەستپێكردنی كۆبوونەوەكەدا دوو پەرلەمانتاری نوێ لە پارتیو نەوەی نوێ سوێندی یاساییان خوارد لە بری دوو پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانیان كە نابنە پەرلەمانتار.
هەرلەسەرەتای دەستپێكردنی دانیشتنەكەی پەرلەمان، فراكسیۆنی یەكگرتوو كۆبوونەوەكەی بەجێهێشتو دەنگی بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەدا بەوپێیەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت، هاوكات فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیش بەهەمانشێوە دەنگی بە دەستەی سەرۆكایەتی نەدا، بەڵام سەرەتا كۆبوونەوەكەی جێنەهێشت، دواتر ئەوانیش كۆبوونەوەكەیان بەجێهێشت، كۆمەڵ هێشتا بڕیاری نەداوە دەچێتە حكومەتەوە یان دەبێت بە ئۆپۆزسیۆنو ئەو پرسەی هێشتووەتەوە بۆ گفتوگۆی نێوانیان لەگەڵ پارتی.
ئەنجامی دەنگدانی پەرلەمانتاران وەك چاوەڕوان دەكرا بە دەرچوونی كاندیدەكانی پارتی كۆتاییهات، ڤالا فەرید بۆ سەرۆكی پەرلەمان(بە كاتیی)و هێمن هەورامی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، هاوكات مونا قەهوەچی لە پێكهاتەی توركمان بووە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كە پارتی پشتیوانیی دەكات، بەوجۆرەش كۆبوونەوەی پەرلەمان كۆتایی هات.