كورد پێشوازیی لە بڕیارە نوێیەكەی ترەمپ دەكات

23-02-2019 04:09
هێزەکانی ئەمەریکا و یەپەگە پـێکەوە لە ناوچەی کۆبانێ لە نزیک سنوری تورکیا/ 2-11-2018. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم


بەرپرسانی كورد لە ڕۆژاڤا پێشوازیی دەكەن لە بڕیارەكەی كۆشكی سپی بۆ مانەوەی بەشێك لە هێزەكانیان لە باكوری سوریا و ڕایدەگەیەنن، هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سارە ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند كە سەرەڕای پابەندبوونیان بە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانیان لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام دەوروبەری 200 سەرباز لەو ناوچەیەدا بۆ ماوەیەك دەهێڵنەوەو ئەركەكەیان "پاراستنی ئاشتی" دەبێت.

هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڵاویكردەوە، كۆی ئەو هێزە ئەمەریكییانەی لە سوریا دەمێننەوە دەگاتە 400 سەرباز، بەشێوەیەك 200 سەرباز لە بنكەی سەربازیی ئەلتەنەف لەسەر سنوری عێراق دەمێننەوە و ئەوانی دیكەش لە ناوچە جیاوازەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگیردەكرێن.

ئەمەریكا لە ئێستادا زیاتر لە 2000 سەربازی لە خاكی سوریادا هەیە و هەموویان لەو ناوچانەدان كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-دان، ئەركی ئەو هێزانە زیاتر ڕاوێژكاریی و ڕاهێنانكردنە بەهێزە ناوخۆییەكان، بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا بڕیاری كشانەوەی ئەو هێزانەی دا، ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لە ئیدارەی ئەمەریكا و بەرپرسانی ئیدارەی باكوری سوریا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریكای لێكەوتەوە.

دۆناڵد ترەمپ دوێنێ لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی كشانەوەی سەربازانی وڵاتەكەی لە سوریا، ڕایگەیاند"لەگەڵ ناتۆ بێت یان هەر لایەنێكی دیكە، دەتوانین یەكەیەكی بچووك بهێڵینەوە. بەمجۆرە داعش جارێكی دیكە سەر هەڵناداتەوە. ئەو بیرۆكەیەم پێ باشە. یەكەیەكی زۆر بچووك بێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو هێزانەمان كە ئێستا لەوێن. كەسانێكی زۆر ئەو بیرۆكەیان پێ باشە."

لە دوای بڕیارە نوێیەكەی ئەمەریكا، هیچ دەوڵەتێكی دیكەی هاوپەیمانی واشنتۆن كاردانەوەی نەبووە، بەڵام پێشتر فەڕەنسا ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بۆ هێشتنەوەی هێزەكانیان لە باكوری سوریا بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە هاوڵاتیانی كورد لەو ناوچەیە.

مانەوەی ئەو هێزانە لە باكوری سوریا ڕێگریی دەكات لەهەر هێرشێكی چاوەڕوانكراوی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان، بۆیە بەرپرسانی كورد پێشوازیی لە بڕیارە نوێیەكەی ترەمپ دەكەن.

پۆڵات جان، یەكێك لە بەرپرسەكانی ڕۆژاڤا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە ئەو بڕیارە هەنگاوێكی زۆر ئەرێنییە، هەروەها دەڵێت"دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بزانێت كە ئامادەیی هێزێكی لەو شێوەیە دەتوانێت ئەم هەرێمە بەدووربگرێت لە كارەساتێكی مرۆیی ڕاستەقینە."

"جگە لە داعش، ئێران، ڕژێمی سوریا و توركیا چاوەڕێی ئەوە دەكەن هێزەكانی ئەمەریكا بكشێنەوە بۆ ئەوەی هێرشمان بكەنەسەر، بڕیارەكەی ئەمەریكا دەتوانێت ژیانی هەزاران بێتاوان ڕزگار بكات"، پۆڵات جان وادەڵێت.

هاوكات عەبدولكەریم عومەر هاوسەرۆكی پەیوەندیـیەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بڕیارەكەی ئەمەریكا و بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند"ڕەنگە ئەم بڕیارە وەها لە وڵاتانی ئەوروپیی ئەندام لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بكات ئەوانیش هێزی خۆیان لە ناوچەكە بهێڵنەوە."

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هێشتنەوەی ژمارەیەك لە سەربازانی ئەمەریكا و ژمارەیەكی زیاتر لە هێزەكانی هاوپەیمانان و لەگەڵیدا پاراستنی ئاسمانیی هەبێت، ڕۆڵێكی گرنگیان دەبێت لە سەقامگیری و پاراستنی ناوچەكە.

بە وتەی چەند سەرچاوەیەكی سەربازیی ئەمەریكی، پلانی ئیدارەی ترەمپ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامە لە سنوری توركیا-سوریا كە تێیدا 800 بۆ 1500 سەربازی نێودەوڵەتی تێدا جێگیربكرێن‌و چاودێریی ئەو سنورە بكەن.

بۆ ئەو مەبستەش خولوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا سەردانی واشنتۆنی كردو ئەمڕۆ لەگەڵ پاتریك شاناهان وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بە وەكالەت كۆبووەوە.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، وەزیری بەرگریی توركیا لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەو ناوچە ئارامەی دروست دەكرێت دەبێت هێزە توركییەكانی تێدا جێگیربكرێن‌و ڕێگە بە هێزە كوردییەكان نادەن لەو ناوچەیەدا بن.

توركیا داوا دەكات بەدرێژایی سنورەكەی لەگەڵ سوریا ناوچەیەكی ئارام بەقوڵایی 32 كیلۆمەتر لەناو خاكی سوریادا دروستبكرێت كە تیایدا هێزەكانی خۆی جێگیربكرێن و شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەو ناوچانە بكرێنەدەرەوە، ئەو پێشنیارەش بەتەواوی لەلایەن بەرپرسانی كورد لە ڕۆژاڤا ڕەتكراوەتەوە.

ئەنجومەنی سوریای دیموكرات كە باڵی سیاسیی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدەیە، بەهەموو شێوەیەك دژی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامە كە توركیا سەرپەرشتی بكات، ئەوان دەڵێن كاتێك بە دروستكردنی ناوچەی ئارام ڕازی دەبن، كە لەژێر چاودێریی هێزێكی نێودەوڵەتی یاخود هێزێكی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بێت.