
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
هیچ بەرەو پێشچوونێك لە نێوان پارتیو یەكێتی ڕووینەداوەو گرێ كوێرەی نێوانیان كە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكە هێشتا نەكراوەتەوە، پارتی ئەو كاندیدانە ڕەتدەكاتەوە كە یەكێتی پێشنیاری كردوون بۆ ئەو پۆستە، یەكێتیش ئامادەنییە كەسێك كاندید بكات كە پارتی ڕەزامەندبێت لەسەری، ئەوە وایكردووە لە ناو یەكێتی بۆچوونێكی نوێ دروست ببێتو وەك "چارەسەر" لێی بڕوانرێت.
یەكێتی سوورە لەسەر هەڵوێستەكانیو تا ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی واژۆ نەكات بۆ كۆی پرسەكان، بەشداریی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكات، هەربۆیە ناچێتە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان كە لیژنەی یاسایی پێكدەهێنرێت بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو دەستكردن بە كارەكانی پەرلەمان، بڕیارە پشكی یەكێتی لە لیژنەكە بە بەتاڵیی جێبهێڵرێت.
"پەیوەندیی هەیە لە نێوان پارتیو یەكێتی، بەڵام هەردوولا لەسەر هەڵوێستەكانی خۆیاننو ئامادەی نەرمی نواندن نین لەسەر پرسی كەركوك كە تەنها كێشەی نێوانیانە، هەربۆیە تائێستا هیچ بەرەو پێشچوونێك نییە"، سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی كێشەو گفتوگۆكانی پارتیو یەكێتییە بۆ پەرەگراف وای وت.
كۆبوونەوەكەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان كە بەبێ یەكێتی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا، قۆناغێكی تووندتری لە نێوان پارتیو یەكێتی دروستكرد، لە دوای ئەو كۆبوونەوەیە چەند پەیوەندییو نامەگۆڕینەوەیەك هەبوون، لە نێوانیاندا نامەی مەسعود بارزانی بۆ كۆسرەت ڕەسوڵو وەڵامدانەوەی، بەڵام كێشەكان هێشتا لە شوێنی خۆیانن.
"نامەگۆڕینەوەكان بۆ ڕەواندنەوەی ئەو گرژیو نیگەرانییانەبوو كە بەهۆی كۆبوونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمان دروست بوون، شتێكی نوێی تێدانەبووە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان"، سەرچاوەكە وای وت.
ئەوەی لە نێوان پارتیو یەكێتیدا بووەتە گرێ كوێرەو تائێستا نەكراوەتەوە، پرسی پارێزگاری كەركوكە، یەكێتی بەڵێنی واژۆكراوی لە پارتی دەوێت كە ئەو پۆستە بۆ كاندیدی یەكێتی مسۆگەر بكات، بەڵام پارتی ئامادەی ئەوە نییە.
پارتی تائێستا تەواوی ئەوكەسانەی ڕەتكردووەتەوە كە یەكێتی پێشناری كردوون ببنە پارێزگاری كەركوك، یەكێتی لەناوخۆیدا پرسەكەی داوەتەدەست مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی لە كەركوكو مەڵبەندی كەركوك، ئەوانیش تائێستا ڕزگار عەلی كاندیدی فەرمییانە كە لەلایەن پارتییەوە ڕەتكراوەیە.
ئەوە وایكردووە بەردەوام ناوی نوێ دێتەپێشەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، دواترینیان شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە كە خۆی پاڵاوتووە بۆ پارێزگاری كەركوك، "بەڵام لەناوخۆی یەكێتی كۆدەنگیی لەسەر نییە."
سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی"ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەركوكو مەڵبەندی كەركوك شاڵاویان قبوڵ نییە."
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هەر كەسێك بۆ پارێزگاری كەركوك پشتیوانیی مەڵبەندی كەركوكی نەبێت "زەحمەتە بپاڵێورێت بۆ ئەو پۆستەو سەركەوتووش نابێت."
پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك نزیكە لەوەی بە تەواوی بگاتە بنبەست لە نێوان پارتیو یەكێتی، ئەوە وایكردووە وەك سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی دەڵێت"بۆچوونێكی نوێ لای هەندێك بەرپرسی باڵای یەكێتی دروست بووە كە دۆسیەی كەركوك وەكخۆی بهێڵدرێتەوە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە كۆتایی ئەمساڵ دەكرێت، تا ئەوكات پارتیو یەكێتی پێكەوە هەماهەنگ بن بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوكو ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكە."
لە وەڵامی ئەوەی حیزبەكەی لە بەرامبەر چیدا بەوە ڕازیی دەبێت؟ بەرپرسەكەی یەكێتی وتی"ئەوە هێشتا نەبووە بە بۆچوونی فەرمیی یەكێتی ئەگەر ببێت پێموایە ڕێگەچارەیەكی گونجاوە بۆ كۆی كێشەكانو یەكڕیزیی كورد، ئەوكاتیش پێویستە پارتی پشكی زیاتر بداتە یەكێتی لە هەرێمو وەزارەتی دادی بەغدادیش مسۆگەر ببێت بۆ یەكێتی."
هێشتا یەكێتی بە فەرمیی، سوورە لەسەر ئەوەی ڕێككەوتنی 5-2ی نێوانیان لەگەڵ پارتی جێبەجێ بكرێت، بەپێی ئەو ڕێككەوتنە 18ی ئەم مانگە دەبوو لەگەڵ كۆبوونەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام بدرایە بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو پارێزگایە، بەڵام یەكێتی ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە نەبوو لەبەرئەوەی پۆستی پارێزگاری مسۆگەر نەكردووە، هاوكات پێكهاتەكانی دیكەی وەك عەرەبو توركمانی كەركوك ئەوانیش ناڕازینو داواكاریی خۆیان هەیەو ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە نەبوون.
پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، بەپێی دواین ڕەشنوسی ڕێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی كە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەو ماددەیەی باسی پارێزگاری كەركوك دەكات كراوە بەوەی، "دانانی پارێزگاری كەركوك بە خواستی یەكێتی دەبێت، بەڵام یەكێتی ئەوەیان قبوڵ نییەو داوادەكەن بەڕوونی تێیدا بنوسرێت پارێزگار بۆ یەكێتی دەبێت پارتیش ئەمەی قبوڵ نییەو واژۆی لەسەر ناكات"، پرسەكە هێشتا لەو شوێنەدا چەقیوە.
ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتیو یەكێتی یەكلایی بووەتەوە دەربارەی پارێزگاری كەركوك ئەوەیە، پارتی كاندیدی نابێت بۆ ئەو پۆستەو ڕازییە یەكێتی كەسێك كاندید بكات، بەڵام پارتی پێی باشە ئەوكەسەی یەكێتی كاندیدی دەكات بێلایەن بێت یاخود یەكێتییەك بێت كە پارتی پەسەندی بكات، پارتی هەموو كەسێكی یەكێتی پەسەند ناكات بۆئەو پۆستە، هەرئەوەش وایكردووە تائێستا ئەو پرسە یەكلایی نەبێتەوە.
پارتی لەناو لیستی برایەتیدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زۆرینەیەو ئەنجومەنەكە بەبێ ئەو حیزبە توانای كۆبوونەوەی نییە، لەبەرئەوەی عەرەبو توركمانەكان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبوون، ئەوەش وایكردووە چەند هەوڵێكی یەكێتی شكستبهێنێت بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنو هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ.
لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران، لە دەستدانی ئەو ناوچانە كوردی خستە دۆخێكی لاوازەوە كە لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا قۆناغی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
پارتی گەڕانەوەی هێزەكانی عێراقی بۆ كەركوك بە "خیانەت"ی گروپێكی ناو یەكێتی لە قەڵەمدا. لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی وەك پارێزگاری شەرعیی كەركوك لە قەڵەم دەدات، شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبات، كورد نیگەرانو ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا یەكگرتوو نییە بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.