چیرۆكی ئەو ژنە ئێزدییەی بە ڕێگایەكی دراماتیكی لەدەست داعش ڕزگاری بوو

26-02-2019 09:18
ژنان و منداڵان لە دەست داعش هەڵدێن لە گوندی باغۆز کە لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە گەمارۆدراوە. وێنە؛ دەلیل سولەیمان/ئەی ئێف پی/ گێتی ئیمەیج.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم


یەكێك لەو ژنە ئێزدییانەی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە ڕفێندرا، دوای چوار ساڵ لە ژیان لە خەلافەتی ئیسلامیدا، دوای چوار جار هەوڵدان، لە جاری پێنجەمدا توانی بە ڕێگایەكی دراماتیكی لەگەڵ منداڵە پێنج ساڵانەكەیدا ڕزگاریان ببێت.

ئەو ڕێگایەی فەریاڵ لەگەڵ منداڵەكەیدا بڕی بەرەو ئازادیی 53 كاتژمێری خایاند، "دەستی منداڵەكەم گرت و بەردەوام دەڕۆیشتین"، ژنە ئێزدییەكە وادەڵێت كە پێشتر چوار جار هەوڵی هەڵهاتنی لە ژێر دەستی داعش داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە.

ئەو ڕێگایەی ژن و منداڵە ئێزدییەكان بڕیویانە سامناك و پڕ ترسبووە، وەك خۆی باسی دەكات بە لای دەیان تەرمی كەوتوو لەسەر ڕێگاكاندا ڕۆیشتوون، دایكەكە بەردەوام بە منداڵەكەی وتووە داپیرە و باپیری چاوەڕێی دەكەن و بۆ لای ئەوان دەڕۆنەوە.

فەریاڵ یەكێك بوو لەو هەزاران ژنەی لە مانگی ئابی 2014 داعش دەستگیریكردن و وەك سەبایا و "كۆیلەی سێكسیی" مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە، ژنە ئێزدییەكە دەڵێت لەو پێنج ساڵەدا كە لای داعش بووە، شەش خاوەنی جیاوازی هەبووە، "وەحشی بوون و وەك ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵ دەكردین"، ئێستا وەها وەسفی چەكدارەكانی داعش دەكات.

ئەو ژنە ئێزدییە كە تەمەنی 20 ساڵە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەدەست چەكدارانی داعش هەڵهات و دوای گەیشتن بەو ناوچانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات-دایە، ڕاستەخۆ گواسترایەوە بۆ شاری عامودا لە ڕۆژئاوای كوردستان، لەبارەی ئەو ساتەی زانیویەتی لەدەست داعش ڕزگاری بووە، فەریاڵ دەڵێت"ناتوانم هەستی ئەو كاتەم بە وشە بكەم، هەموو ئەوەی دەمویست ئەوەبوو كە بڵێم تكایە لێرە دوورم بخەنەوە."

ئەو ڕۆژەی داعش دای بەسەر گوندی تەل بەنات لە شەنگال، فەریاڵ وەك هەر ڕۆژێكی ئاسایی سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەو بەخێوكردنی هۆشیاریی منداڵە ساواكەی بووە، سەرەڕای ئەوەی بۆ چەند هەفتەیەك بوو دەنگۆی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكەیان هەبوو، بەڵام ئەوان زۆر گوێیان پێ نەدابوو.

چەكدارانی داعش لە خۆرنشینی ئەو ئێوارەیەدا گەیشتنە گوندەكەی فەریاڵ، "ئێمە نەمانتوانی بەخێرایی ڕابكەین"، ژنە ئێزدییەكە ئەو ڕۆژەی هەرگیز لەبیرناچێتەوە چۆن ئەو و 10 كەسی دیكە لە ئەندامانی خێزانەكەی چوونەتە ناو یەك ئۆتۆمبێلەوەو لەگەڵ دەیان هەزار هاوڵاتی دیكەی ناوچەكەدا ویستویانە لەدەست داعش خۆیان ڕزگار بكەن.

ئەو ڕۆژەی داعش هێرشی كردەسەر شەنگال و گوندەكانی دەوروبەری، زیاتر لە 100 هەزار هاوڵاتی كە زۆرینەیان ئێزدیی بوون، بەرەو شاخی شەنگال كۆڕەویان كرد. فەریاڵ و هاشمی هاوسەری تەنها چەند كیلۆمەترێك ڕۆیشتبوون كە چەكدارانی داعش ڕێگەكەیان بەتەواوی داخست.

فەریاڵ وەك هەزاران ژنی دیكە كەوتە دەست چەكدارانی داعشەوە، هاشمی هاوسەریشی وەك هەزارانی پیاوی دیكە گوللـەباران كرا.

ژنە ئێزدییەكە باس لەوە دەكات لەو كاتەی لای داعش بووە، چەكدارێكی عێراقی بەناوی ئەبو خەتاب زۆرترین ئازاری داوە، تەنانەت ئازاری منداڵەكەشی داوە، "ئەو زۆر بچووك بوو، بەڵام بە هۆكاری جیاوازیی، چەكدارەكە لێی دەدا."

ئەو هەزاران ژنە ئێزدییەی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش، چارەنووسی جیاوازیان هەبوو. بەشێكیان خۆیان كوشت. هەندێكیان كوژران و هەندێكی دیكەش توانییان لەدەست ئەو چەكدارانە هەڵبێن. بەڵام فەریاڵ سەرەڕای ئەوەی پێشتر چوار جار هەوڵی هەڵهاتنی دابوو، بەڵام سەركەوتوو نەدەبوو.

لەگەڵ هەموو هەوڵێكی ناسەركەوتووش بۆ هەڵهاتن، سزاكان لەسەری قورس دەبوون. تا ساڵی 2017 گەیشتە ئەو بڕوایەی ناتوانێت لەو دۆزەخەی تێیدا دەژی هەڵبێت و ناچاربوو بەو ژیانە ڕازی بێت، ئەویش تەنها لەپێناو مانەوەی منداڵەكەیدا بە زیندویی.

تەنها كارێكی بەرەنگارانە توانیبێتی بیكات لەپێناو وەبیرهێنانەوەی ژیانی پێشووی، هەڵكۆڵینی ناوی هاوسەرەكەی بووە لەسەر دەستی ڕاستی، دواتر تاتۆكردنی بە خۆڵ‌و ئاو. ئەوەش پێنج ڕۆژی پێچووە لەگەڵ ئازارێكی زۆردا.

فەریاڵ باس لەوە دەكات لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەردەوام شوێنەكانیان گۆڕیوەو چەكدارەكانی داعش ترسیان لەوە هەبووە بكرێنە ئامانج لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە. كاتێكیش لە گوندی باغۆز بووە، چەند چەكدارێكی داعش ویستوویانە ئەم وەك بلیتی ڕزگاریی خۆیان بەكاربهێنن.

ژنە ئێزدییەكە ئەوەدەگێڕێتەوە، چەكدارانی داعش بڕیاریانداوە ئەوان بەكاربهێنن‌و خۆیان بگەیەننە دەست شەڕڤانان‌و وەك "ڕزگاركەری ژن و منداڵێكی ئێزدیی" خۆیان بناسێنن، تا لەو ڕێگەیەوە خۆیان دەرباز بكەن.

لە كاتژمێر 02:30 خولەكی دوای نیوەڕۆی ڕۆژێكدا، چەكدارێكی ئۆزبەكستانیی داعش لەگەڵ خێزانەكەیدا فەریاڵ و منداڵەكەیان پێش خۆیان خستووەو لە باغۆزەوە بەو ڕێگایەدا ڕۆیشتوون كە دەچووەوە لای شەڕڤانان، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەپێ لە كەشێكی سارددا بەڕێگەوە بوون.

لە كاتژمێر 8:00ی شەوی ڕۆژی دووەمدا، گوێیان لە دەنگی هاوار بوو. هەروەها ڕووناكی فلاشلایتیان دەبینی بەرەو ئاسمان، ئەوە شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بوون.

"داعشەكان دەستیان بەرزكردەوە هاواریان كرد كە ڕەحمیان پێ بكەن، وتیان كە ئەوان یارمەتی ژنێكی ئێزدییان داوە هەڵبێت‌و پاراستوویانە، بەڵام ئەو قسەیە نەچوو بە گوێی شەڕڤانەكاندا ڕاستەوخۆ سەرجەمیان دەستگیركران"، ئەوەش بە وتەی كەسێكی ئاگاداری ئەو ڕووداوە لەو شەوەدا.

ماوەی چەند ڕۆژێكی ویست تا فەریاڵ و منداڵەكەی بڕوا بەوە بكەن كە ئازادن، بەڵام هێشتا لە گەڕانەوەی ئەو چەكدارە توندڕەوانە دەترسن. "بەدرێژایی ژیانم ترسم دەبێت لێیان. ڕەنگە ڕۆحم بەهێز ببێت، بەڵام مێشكم هەرگیز ئارام نابێت."