
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
ژمارەی پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانیی كە بەپێی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتیو بە 12 كورسیی پەرلەمانییەوەو پێیدەدرێت، بووەتە جێی قسەوباسی خەڵكو لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، تاڕادەی ئەوەی هەندێك دەڵێن، "پارتی بە پێدانی پۆستی زۆر، گۆڕانی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە"، بەڵام ئەم پرسە لای بزووتنەوەكە دیوێكی دیكەی هەیە.
بەرپرسانی گۆڕان ئەوە ڕووندەكەنەوە، گفتوگۆكانی ئەمجارەیان بۆ پێكهێنانی حكومەت جیاواز بووەو بۆ یەكەمجارە توانیویانە سەرجەم پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ببەنە ناو گفتوگۆكانو بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردنو سیستمی خاڵ دابەشیان بكەن، لەوەشدا "ئامانجێكی گرنگی نەوشیروان مستەفا جێبەجێ بووە."
چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان
پارتی هەر لە سەرەتای گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت داوای بەشداربوونی گۆڕانی كرد، ئەوەش هەمان خواستی زۆرینەی بەرپرسانی گۆڕان بوو هەربۆیە چەند وەرەقەیەكیان ئامادەكرد بۆ گفتوگۆ، یەكێك لەوانە تایبەت بوو بە دابەشكردنی پۆستەكان، لەپاڵ بەرنامەی حكومەتو پرسی چاكسازییو دۆسیە ئیدارییو سیاسییەكان.
گۆڕان سەرجەم پۆستەكانی هەرێمی كوردستانی لە بەڕێوەبەری گشتی تا هەرسێ سەرۆكی(هەرێم، حكومەتو پەرلەمان) لە وەرەقەیەكدا كۆكردەوەو بۆ هەریەكەیان چەند خاڵێكی دانا، بەركەوتەی هەڵبژاردنو كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردە بنەمای پێدانی خاڵ بە حیزبەكان، دواتر بە ڕێژەی سەدیی هەریەك لەو پۆستانەی بە سیستمی خاڵ دابەشكردووە بەسەر خۆیو پارتیو یەكێتیدا.
بەوجۆرە، گفتوگۆو ڕێككەوتنەكەی نێوان پارتیو گۆڕان هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمو تەواوی ئەو دامودەزگایانەی گرتەوە كە سەربەو سەرۆكایەتییانە بوون، بەوەش یەكەمجارە هەندێك دامودەزگا بچنەناو گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتو بەركەوتەی هەڵبژاردن.
دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كە لە داهاتوویەكی نزیكدا زیندوو دەكرێتەوە، پێشتر بەدەر بووە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، لەگەڵ خۆیشیدا ئەو دامودەزگایانەی سەربەو سەرۆكایەتییەن بەهەمان شێوە بەشێك نەبوون لە گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان.
پۆستە گرنگەكانی سەرۆكایەتی هەرێم پێكدێن لە؛ سەرۆكی هەرێم -فەرماندەی گشتیی هێزی چەكدار-، جێگری سەرۆكو سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم.
هاوكات ئەنجومەنی ئاسایش كە كەسێك بەناوی ڕاوێژكارو بە پلەی وەزیر سەرپەرشتی دەكاتو پێكدێت لە؛ دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی سەربازیو ئاژانسی پاراستن(پارتی)و زانیاریی(یەكێتی)، سەربە سەرۆكایەتی هەرێمەو هەرلەسەرەتای دامەزراندنییەوە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری بووەو بەردەر بووە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت.
"ساڵی 2013 كاتێك كابینەی هەشتی حكومەتی پێكهاتو بۆ یەكەمجار گۆڕان بەشداریی لە حكومەت كرد، پارتی وتی، ئەو دامودەزگایانە بەشێك نین لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، پاساوەكە ئەوەبوو سەربە سەرۆكایەتی هەرێمنو سەرۆكی هەرێمیش لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێتو ئەو دایاندەنێت"، بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان لە باسی گرنگیی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی ئەوەی خستەڕوو، "چاككردنی دۆخی ئابوریو بژێویی ژیانی خەڵكو چەسپاندنی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان دوو گرنگترین خاڵن بەلای گۆڕانەوە."
هاوكات فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەشێكی سەرەكیی پێكهاتەی حكومەتی هەرێمەو ئەركی سەرەكیی دامەزراندنو پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەهەمانشێوە بەدەر بووە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتو هەرلەسەرەتاوە لای پارتی بووە. بەڵام ئەمجارە چووەتەناو ڕێككەوتنەكەی گۆڕانو پارتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان و گۆڕان لەسەرجەم ئەو دامودەزگایانە پشكی دەبێت.
بەپێی پاكێجی گفتوگۆی نێوان پارتیو گۆڕان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كە پەرەگراف بینیویەتی، "دەوروبەری لەسەدا 15ی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبەری گشتیی بۆ سەرەوە پشكی گۆڕان دەبن."
هەر لەسەر هەمان پرس، ئەمڕۆ عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی گۆڕان لە میانی ڕوونكردنەوەی ڕێككەوتنەكەیان بۆ هەڵسوڕاوانی حیزبەكەی، ڕایگەیاند"گۆڕان لەسەرجەم جومەگەكانی دەسەڵات، پێگەی دەبێت بۆئەوەی بتوانێت بەرنامەو كاری خۆی جێبەجێبكاتو گۆڕانكاری بكات لەحكومەتی داهاتوودا."
عومەر سەید عەلی وتیشی"گۆڕان بڕیاری بەشداریكردنی لەحكومەت لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بووە كە لەسەر بنەمای بەرنامە و پڕۆژەیەكە مەرجی چاكسازی و گۆڕانكاری سیستمی حوكمڕانی لەخۆگرتوە."
گۆڕان هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكەی لەناو پەرلەمان بە دەستكەوتێكی گرنگی ڕێككەوتنەكەیان لەقەڵەم دەدات، وەك بنەمایەك بۆ جێگیركردنی سیستمی پەرلەمانیی كە پێشتریش نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی ئەو بزووتنەوەیە پێداگریی لەسەر كردووە.
"ئامانجی كاك نەوشیروان ئەوەبوو لەگەڵ جێگیركردنی سیستمی پەرلەمانیی ئەو دامودەزگایانەی سەربە سەرۆكایەتی هەرێمن بێنەناو بەركەوتەی هەڵبژاردن لەكاتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، ئێستا ئەوە بەدیهاتووە" بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وای وت.
سیستمی حوكمڕانییو شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم یەكێك لەو پرسانە بووە لە ڕابردوودا ناكۆكی تووندی دروستكرد لە نێوان پارتیو گۆڕان، هەرئەوەش هۆكاربوو كە پارتی لە ئۆكتۆبەری 2015 ڕێگریی لە د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان(پشكی گۆڕان) كرد بچێتەسەر كارەكەی لە هەولێر.
دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەرلە سەرەتای دروستبوونیەوە لە 2005 لای پارتی بووەو سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی بووە بۆ ماوەی 12 ساڵ، تا ساڵی 2017 دوای ئەوەی دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، دەسەڵاتەكانی كە ئەو یاسایە پێی دابوو، دابەشكران بەسەر سەرۆكایەتییەكانی دیكەداو دامەزراوەكە هەڵپەسێردرا.
بەرپرسەكەی گۆڕان پییوایە، دابەشكاریی پۆستەكان بەوجۆرەی لە ڕێككەوتنەكەی پارتیو گۆڕاندا هاتووە، "دەرئەنجامی هەڵپەساردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەو ئەگەر یاساكە بمایە پارتی ئەو پۆستانەی دەبرد بۆ خۆی وەك ڕابردوو."
ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان وتیشی"ئەمە هەنگاوێكە بۆ هاوسەنگییو لەبەر ئەمەیە پۆستەكان زۆر دەردەكەون، بەپێی ئەم دابەشكارییە ڕەنگە هێشتا گۆڕان هەقی تەواوی خۆی وەرنەگرێت، هەروەها یەكێتیش قازانج دەكات."
ئەو پۆستانەی بۆ گۆڕان یەكلایی بوونەتەوە، جێگری سەرۆكی هەرێم، یاریدەدەری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری چاكسازیی، 4 وەزارەت كە یەكێكیان سیادیی دەبێت(وەزارەتی دارایی)، لەگەڵ ژمارەیەك بریكاری وەزیرو ڕاوێژكارو بەڕێوەبەری گشتیی.
ڕێككەوتنەكەی گۆڕانو پارتی كە 18-2-2019 واژۆ كرا، فراوانەو كۆی سێكتەرەكانی گرتووەتەوەو دەبێتە بەرنامەی حوكمڕانیی لە 4 ساڵی داهاتوو، بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن، ئەوەی بزووتنەوەكەیانی لە پێناودا دامەزراوە، لە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی جێگیریان كردووە.