شاسوار عەبدولواحید لەسەر چی دەستگیركراوە؟

03-03-2019 07:56
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ. وێنە؛ پەیجی شاسوار لە فەیسبوك.


پەرەگراف


جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید "سیاسییە نەك یاسایی"، بە پێچەوانەوە دادگای سلێمانی ڕایگەیاند، دۆسیەكەی یاسایی ئاساییەو پەیوەندیی بەلایەنی سیاسییەوە نییە‌، دادگا زانیاریی لەبارەی ئەو دوو سكاڵایەوە خستووەتەڕوو كە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەێ نوێ بەهۆیانەوە دەستیگر كراوە.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، چووە بەردەم دادوەرو وتەی لێوەرگیرا، دادوەر بڕیاری "ڕاگرتن بە شێوەیەكی كاتیی" بۆدەركرد‌و ئێستا لە زیندانە.

زیندانیكردنی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كاردانەوەی جوڵانەوەكەو فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێی لێكەوتەوە لە پەرلەمانی كوردستان‌و عێراق، سەرجەمیان دۆسیەكە بە "سیاسیی" ناودەبەن نەك یاسایی.

"كەیسەكە بە سیاسیی كراوەو ئەمەش درێژەپێدانی بەكارهێنانی یاسایە لەلایەن هەردوو حزبەكەوە دژی نەیارەكانیان"، ئارام سەعید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وای وت.

ئەو بەرپرسەی نەوەی نوێ وتیشی"ئەگەر هەوڵە یاساییەكانمان سەرنەگرێت، بژاردەی جوڵانەوەو كاری مەدەنیمان لە بەردەستدایە بۆ بەرگریكردن لە سەرۆكی جوڵانەوەكەمان."

دادگای سلێمانی لەگەڵئەوەی ڕەتیدەكاتەوە دۆسیەكە سیاسیی بێت، هاوكات ئەوەشدەخاتەڕوو، پێشتر شاسوار بەدەم داوای دادگاوە نەچووە بۆ ئامادەبوونی لەبەردەم دادوەر لەسەر دوو سكاڵای كارمەندانی ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی‌و كارمەندی كۆمپانیایەكی ئەهلیی بواری فڕۆكەوانیی، هەربۆیە "بەپێی یاسا" فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە.

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا زانیاریی دەربارەی ئەو سكاڵایانە خستەڕوو كە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆیانەوە دەستگیر كراوە.

"ڕۆژی 5-3-2018 لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەمەقاڵێیەك دروستدەبێت لەنێوان هاوڵاتی (شاسوار عبدالواحید)و چەند كارمەنێكی ئاسایشی فڕۆكەخانە.. دواتر دوو كارمەندی ئاسایشی فڕۆكەخانە سكاڵا لەدژی ناوبراو تۆمار دەكەن و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لەلایەن ناوبراوەوە بێڕێزییان پێكراوە و ئیهانە كراون و جنێو و سوكایەتییان پێكراوە لەكاتی ئەنجامدانی كاری فەرمی خۆیان.. دواتر لەلایەن كارمەندێكی مەدەنی كۆمپانیایەكی ئەهلی بواری فڕۆكەوانی بەهەمان شێوە سكاڵا لەدژی ناوبراو تۆماركراوە بە تۆمەتی جنێو و سوكایەتی و قسەی نەشیاو"، دادگای سلێمانی وا دەڵێت.

دادگا ئەوەشدەخاتەڕوو، "لە مانگی 5/2018 وە دادگا بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی ناوبراو كرد، بەڵام بەڕێزیان ئامادەنەبوو بێتە بەردەم دادگاو بەدەم بانگهێشنامەكەوە نەهات بۆیە دادگا بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركرد."

دادگای سلێمانی داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكات، "كەیسەكە بەلاڕێدا نەبەن و بەشێوەیەكی ناڕاست و نادروست پیشانی هاووڵاتیانی نەدەن، چونكە وەك لە سەرەوە ڕوونكراوەتەوە كەیسەكە بابەتێكی یاسایی ئاساییەو پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە نییە."

شاسوار عەبدولواحید كاتێك نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای سلێمانی بوو، ئەوەی خستەڕوو پێیوایە هیچ تاوانێكی نەكردووەو بە شانازییەوە دەچێتە بەردەم دادگا، وتی"ملمان لە موو باریكترە"، وەك ئاماژەیەك بۆ پۆستەكەشی كە سەرۆكی حیزبێكە، شاسوار وتی"كاتێك دەستمان داوەتە ئەم كارە زانیومانە گرتن‌و ئەشكەنجەدان و كوشتنی بەدوادا دێت."

لە بەرامبەر ئەو وتانەدا، دادگای سلێمانی لە ڕوونكردنەوەكەیدا باسلەوەدەكات، فەرمانی دەستگیركردنی هاووڵاتی (شاسوار عبدالواحد) پەیوەندی بە پۆستەكەیەوە نییە وەكو سەرۆكی پارتێكی سیاسی، "بەڵكو لەسەر دوو سكاڵایە كە دژی خودی خۆی تۆماركراوە، دوای ئەوەی بەدەم بانگهێشتی دادگاوە نەهاتووە."

دادگاكە تەئكید دەكاتەوە، تۆمەتبار بێتاوانە تا لەبەردەم دادگایەكی تایبەتمەند تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، دەشڵێت"یاسا سەروەر و سەرداری هەموو كەسێكە بەبێ جیاوازی و فەرمانەكانی دادگا پێویستە جێبەجێ بكرێن، بۆیە هاتنە بەردەم دادگا جێگەی منەتكردن و بەپیاوەتی دانان نییە."

بەپێی ڕوونكردنەوەكەی دادگای سلێمانی، لە دۆسیەی سكاڵای دوو كارمەندەكەی ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی كە مادەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ دانراوە، شاسوار عەبدولواحید بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بە كەفالەت ئازاد كراوە، بەڵام لە دۆسیەی كارمەندی كۆمپانیا مەدەنییەكەی بواری فڕۆكەوانیی كە مادەی 434 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ دانراوە، تۆمەتبار بەشێوەیەكی كاتی ڕاگیراوە.

شاسوار سەرۆكی حیزبێكی ئۆپۆزسیۆنەو پێیوایە دەستگیركردنەكەی پەیوەندیی بە هەڵوێست‌و ڕەخنەكانییەوە هەیە.

نەوەی نوێ لە كوردستان 8 و لە عێراق 4 كورسی لە پەرلەمان هەیە، شاسوار هەرلەسەرەتاوە ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژارد، ئەو وەك ڕكابەرو ڕەخنەگری تووندی سەرجەم حزبەكان دەردەكەوێت بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانی.

وەك خۆی دەڵێت، شاسوار خەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتی هەیەو بۆئەوەش لە بازرگانییەوە بەرەو سیاسەت هەنگاوی ناوە، یەكەم دەركەوتنی سیاسییانەی شاسوار ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بوو كە داوای دواخستن یاخود دەنگدانی بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان دەكرد.