
پەرەگراف
پارتیو یەكێتی ڕێككەوتنی نێوانیان واژۆكردو ئامادەنەبوون ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا بكەن، دەربارەی كەركوك كە گرێكوێرەی نێوانیان بوو، وتەبێژی یەكێتی دەڵێت، ئەو پرسە "بە خواستی هەموو لایەك یەكلایی كراوەتەوە."
پارتیو یەكێتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزب گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی، نێچیرڤان بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵ واژۆیان لەسەر كرد، ئەوەش دوای كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان مەسعود بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵ هات.
دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان، وتەبێژانی پارتیو یەكێتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا، بەڵام ئامادەنەبوون ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەو ماددەكانی ئاشكرا بكەن.
لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی خستەڕوو، بەپێی ڕێككەوتنەكە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم خێرا دەكرێت.
دەربارەی چارەسەركردنی پرسی كەركوكو دانانی پارێزگار كە كێشەی سەرەكیی نێوان پارتیو یەكێتی بوو، وتەبێژی یەكێتی تەنها ئەوەندەی وت"لە دانیشتنەكەی كاك مەسعود و كاك كۆسرەت پرسی كەركوك بەخواستی هەموولایەك یەكلایی كراوەتەوەو چاوەڕوانی جێبەجێ كردنین."
لایخۆیەوە، مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەوەی خستەڕوو، ڕێككەوتنەكە بۆ تەباییو پاڵپشتیكردنی حكومەتێكی بەهێزە هیوای خواست، شۆڕببێتەوە بۆ ئاستی خوارەوەی هەردوو حیزبو ئارامیی دروست بكات كە خزمەت بە بوژانەوەی بواری ئابوریی بكات.
لەگەڵ داواكردنی پۆستی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق لەلایەن یەكێتیو ڕازی نەبوونی پارتی، ئەوەی لە نێوان پارتیو یەكێتیدا گرێكوێرە بوو پۆستی پارێزگاری كەركوك بوو، یەكێتی بەڵێنی واژۆكراوی لە پارتی دەویست كە ئەو پۆستە بۆ كاندیدی یەكێتی مسۆگەر بكات، بەڵام پارتی ئامادەی ئەوە نەبوو، دیارنییە لە ڕێككەوتنەكەی ئەمڕۆیاندا چۆن ئەوەیان چارەسەر كردووە.
دەربارەی دۆسیەكانی بەغدادو كەركوك، وتەبێژەكەی پارتی وتی، بەغداو كەركوك دوو بابەتن هەریەكەیان شێوازو ڕێكاری چۆنیەتی چارەسەركردنی خۆی هەیەو ئالیەتو ڕێكاریان بۆ دیاریكراوە لە نێوان هەردوولادا. گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك جارێكی دیكە بەستەوە بە چۆنیەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگاكەو گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد لەو بارەیەوە.
ڕێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتی دوای تووندبوونەوەی ململانێكانی نێوانیان هات بەتایبەت لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك، كە بووەهۆی ئەوەی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستانو بەبێ ئەو حیزبە پەرلەمان كۆبووەوەو پارتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی "بە كاتیی" پڕكردەوە كە پشكی یەكێتییە.
وتەبێژی یەكێتی باسیلەوەكرد، متمانەی نوێ لە نێوان هەردوو حیزب دروست بووە، وتی"گەرەنتی هەموو ڕێككەوتنێك متمانەیەو كاك كۆسرەتو كاك مەسعود متمانەیەكی نوێیان دروست كردووەو بە گفتدان بە جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنەكە، لەگەڵئەوەشدا لەڕووی كردارییەوە كۆمسیۆنێك دروست دەكرێت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنە."
پارتیو یەكێتی ئامادەنەبوون ئەو خاڵانە ئاشكرا بكەن كە لەسەریان ڕێككەوتوون، وتەبێژی پارتی لەو بارەیەوە وتی"شتێكی نهێنیمان واژۆ نەكردووەو لە كاتی جێبەجێ كردنیدا خاڵ بەخاڵی بۆ خەڵك ڕوون دەكرێتەوە."