
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
پارتیو یەكێتی ڕێككەوتنی نێوانیان واژۆكرد، بەڵام هێشتا گرێكوێرەی نێوانیان بەوجۆرە نەكراوەتەوە كە یەكێتی دەیويست، ئەویش دانانی پارێزگارێكی یەكێتی بوو بۆ كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بەڵام بەپێی ڕێككەوتنەكە ئەو پرسە "خراوەتە دوای كابینەی نوێی هەرێم."
پارتیو یەكێتی دوای چەندین كۆبوونەوەی بێئەنجام، ئەمڕۆ گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیو كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی ڕێككەوتنەكەیان واژۆ كرد، بەوەش پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم خێراتر دەكرێت.
هەرچەندە ئەو دوو حیزبە ئەمڕۆ لە دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنەكەیان ئامادەنەبوون ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا بكەن، بەڵام پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی باڵاوە كە ئاگاداری وردەكاریی ڕێككەوتنەكەیە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، "ڕێككەوتنەكە هەمان ئەو ڕەشنوسەی پێشترە كە لە 18 خاڵدا ئامادەیان كردبوو، ئەمڕۆ كەمێك دەستكاریی شكڵیی كراوە."
لەگەڵ داواكردنی پۆستی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق لەلایەن یەكێتیو ڕازی نەبوونی پارتی، ئەوەی لە نێوان پارتیو یەكێتیدا گرێكوێرەو هۆكاری ڕێكنەكەوتنیان بوو، پۆستی پارێزگاری كەركوك بوو، یەكێتی بەڵێنی واژۆكراوی لە پارتی دەویست كە ئەو پۆستە بۆ ئەوكەسەبێت كە یەكێتی كاندیدی دەكات بەبێ ڤیتۆی پارتی، بەڵام پارتی ئامادەی ئەوە نەبوو.
"ئێستا پرسی كەركوك خراوەتە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بەپێی ڕێككەوتنەكە هەردوولا پێكەوە كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە دەكەنو تائێستا هیچ ناوێك نەهاتووەو ڕێككەوتنی لەسەر كرابێت بۆ پارێزگاری كەركوك"، سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف وای وت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "بەوجۆرە ڕێككەوتوون كە پارێزگاری كەركوك یەكێتی كاندیدی بكات، بەڵام دەبێت ڕەزامەندیی پارتی لەسەربێتو هەوڵبدرێت پێكهاتەكانی دیكەش ڕازیی بكرێن"، وتیشی"ڕەنگە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، پارتی لاریی نەبێت لە هەر كەسێك یەكێتی كاندیدی بكات بۆ پارێزگاری كەركوك."
هاوكات لەگەڵ پارێزگاری كەركوك، وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق كێشەیەكی دیكەی نێوان ئەو دوو حیزبە بوو، یەكێتی سووربوو لەسەر وەرگرتنیو پارتی ڕەزامەندی پیشان نەدەدا، بەڵام دوای ڕێككەوتنەكەی ئەمڕۆ، "پارتی گۆڕاوەو نەرمیی پیشانداوەو ڕێگر نابێت لەوەی وەزارەتی داد بۆ یەكێتی بێت."
ئەو دوو كێشەیەی نێوانیان وایكردبوو یەكێتی ببێتە گرفت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێمو سووربوو لەسەر ئەوەی، كەركوك، بەغدادو هەرێم یەكپاكێج بن.
هەربەهۆی ئەو ناكۆكییانەوە یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبێ ئەو حیزبە پێكهاتو پارتی بەكاتیی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرت كە پشكی یەكێتییە.
"لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باسی وردەكاریی دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم نەكراوە، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بۆ ئەومەبەستە كۆببنەوە، پارتی چاوەڕێیە وەك هەنگاوی یەكەم یەكێتی كەسێك دەستنیشان بكات بۆ سەرۆكی پەرلەمانو پۆستەكە وەربگرێت"، سەرچاوە باڵاكە وای وت.
دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان، وتەبێژانی پارتیو یەكێتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا، بەڵام ئامادەنەبوون ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەو ماددەكانی ئاشكرا بكەن.
لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی خستەڕوو، بەپێی ڕێككەوتنەكە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم خێرا دەكرێت.
دەربارەی چارەسەركردنی پرسی كەركوكو دانانی پارێزگار كە كێشەی سەرەكیی نێوان پارتیو یەكێتی بوو، وتەبێژی یەكێتی تەنها ئەوەندەی وت"لە دانیشتنەكەی كاك مەسعود و كاك كۆسرەت پرسی كەركوك بەخواستی هەموولایەك یەكلایی كراوەتەوەو چاوەڕوانی جێبەجێ كردنین."
لایخۆیەوە، مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەی خستەڕوو، دۆسیەكانی بەغدادو كەركوك دوو بابەتن هەریەكەیان شێوازو ڕێكاری چۆنیەتی چارەسەركردنی خۆی هەیەو ئالیەتو ڕێكاریان بۆ دیاریكراوە لە نێوان هەردوولادا، گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك جارێكی دیكە بەستەوە بە چۆنیەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگاكەو گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد لەو بارەیەوە.
لەبارەی ئاشكرا كردنی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەیان، وتەبێژی پارتی وتی"شتێكی نهێنیمان واژۆ نەكردووەو لە كاتی جێبەجێ كردنیدا خاڵ بەخاڵی بۆ خەڵك ڕوون دەكرێتەوە."
ماددەكانی ڕێككەوتنەكەی نێوان پارتیو یەكێتی، بەگشتیی باسلە چاكسازییو شەفافیەتو شەراكەت دەكات لە كابینەی نوێی هەرێم، لە بوارەكانی؛ ئابوریو دارایی، پێشمەرگەو هێزی ئەمنیی، نەوت، سیستمی دادوەرییو پەیوەندییەكانی هەرێمو بەغدا، هەرێمو وڵاتانی دەرەوە.
كەركوكو ماددەی 140ی دەستوری عێراق كە تایبەتە بە ناوچەكانی جێناكۆك، بەشێكی دیكەی ڕێككەوتنەكەن.
پارتیو یەكێتی مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان لە خۆبگرێت. ڕێككەوتنەكە ئەوكات لە كۆبوونەوەی باڵای نێوان ئەو دوو حیزبە بڕیاری لەسەر دراو بڕیاربوو لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ نوسینەوەی، بەڵام كێشەو گرژییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە پڕۆسەكەی ڕاگرت.
پارتیو یەكێتی لەساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكرد كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستانو عێراق لەناو خۆیاندا دابەشكردو بەپێی ئەو ڕێككەوتنە حوكمڕانییان دەكرد، بەڵام چەند ساڵێكە ئەو ڕێككەوتنە ڕوبەڕوی ڕەخنە كراوەتەوە.
ئێستا كە پارتی خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانەو یەكێتی 21 كورسیی هەیە، پارتی دەڵێت سەردەمی 50 بە 50 بەسەرچووەو یەكێتیش بەوە ڕازییە، بەڵام دەڵێت، دەبێت خەباتو مێژوو و ناوچەی جوگرافییو هەبوونی هێزی چەكدار لەبەرچاو بگیرێت بۆ سەنگی یەكێتی.
لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەییو ئیدارەی یەكگرتووشەوە، ئێستاش بەشداربوونی لە كابینەی نوێ یەكلایی بووەتەوەو ماوەتەوەسەر وردەكاریی دابەشكردنی پۆستەكان.