توركیا بەرەو هەڵبژاردن؛ هەدەپە لە كێبڕكێیەكی"نایەكساندا" شەڕ لەسەر شارە كوردییەكان دەكات

18-03-2019 06:49
ئاهەنگێكی بانگەشەی هەدەپە.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

كۆتا ڕۆژی ئەم مانگە توركیا دەچێتە هەڵبژاردنێكی گرنگەوەو 57 ملیۆن هاوڵاتی ئەو وڵاتە دەسەڵاتە خۆجێیەكان هەڵدەبژێرن، كوردەكانیش لە پارێزگا گەورەكان كشاونەتەوەو هەموو هەوڵێكیان بۆ بردنەوەی شار و شارۆچكەكانی باكوری كوردستانە.

لە توركیا هەر پێنج ساڵ جارێك هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان لە كۆتا یەكشەممەی مانگی ئاداردا ئەنجامدەدرێت، دواین هەڵبژاردنیش لە 30ی ئاداری 2014 بەڕێوەچوو كە تێیدا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) بە سەرۆكایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەركەوتنی بەدەستهێنا و كۆنتڕۆڵی هەردوو شاری گەورەی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەی كرد.

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە كە كێبەڕكێ هەیە لەسەر 23 هەزار پۆستی وەك پارێزگار، قایمقام، سەرۆك شارەوانی و موختار، سێ هاوپەیمانی و لیستی سەرەكی لە توركیادا پێكهێنراون. "هاوپەیمانی خەڵك" كە پێكدێن لە ئاكەپەو مەهەپە، "هاوپەیمانی نیشتمانی" كە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) سەرۆكایەتی دەكات و پارتی باش (ئیی پارتی) بەشدارە تێیدا، هەروەها پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە پێكدێت لە كۆمەڵێك پارتی كوردیی باكوری كوردستان.

بۆ یەكەمجار لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ئابووری لە سەرووی لیستی ئەجندای هەموو پارتەكان و هاوڵاتیانیشدایە و پێش پرسی تیرۆر كەوتووە كە پێشتر هاوڵاتیان زۆر بایەخیان پێ دەدا. دروشمەكانی دژ بە ئەمەریكا لە هەر ساتێكی دیكەی مێژووی ئەو وڵاتە زیاترە و لەسەدا 82ی خەڵكی توركیا سۆزیان بۆی هەیە. ئازادیی ڕادەربڕینیش پرسێكی دیكەی گرنگە و بەپێی دوایین ڕاپرسی تەنها لەسەدا 37.5ی هاوڵاتیانی توركیا پێیانوایە لەو وڵاتەدا ئازادی ڕادەربڕین هەیە، ئەو ڕێژەیەش لەسەدا 10 كەمی كردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

هەڵبژاردنەكەی 31ی ئەم مانگە گرنگییەكەی زۆری بۆ پارتە جیاوازەكانی توركیا و خەڵكی ئەو وڵاتە هەیە، ئەمە یەكەمین هەڵبژاردنە دوای جێگیربوونی سیستمی سەرۆكایەتی و دەستبەكاربوونی ئەردۆغان لەو پۆستەدا، بۆیە هەڵبژاردنەكە وەك تاقیكردنەوەیەك دەبێت بۆ ماوەی سەرۆكایەتی ئەردۆغان، بەڵام ئاكەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ڕابردوودا زۆرینەی هەردوو شاری ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەی لەدەستدا، ئەگەر لەم هەڵبژاردنانەشدا هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، ئەوا گورزێكی كوشندە دەبێت بۆ ئەو پارتە و ئەردۆغان.

بۆ هەدەپەش هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازەو گرنگییەكی زۆری پێداوە، لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردووی شارەوانییەكانیشدا ئەو پارتە كوردییە لە زۆربەی ناوچە كوردییەكاندا براوەبووە، لەو ڕێگەیەشەوە توانیویەتی زیاتر "خزمەتی" هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بكات و لێیان نزیك ببێتەوە، ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخێكی سەختدایە بۆ هەدەپە، بەو پێیەی بە هەزاران ئەندام و هەواداری بە بیانووی تێوەگلان لە دۆسیەی تیرۆرەوە لە زینداندان، جگە لە زیندانیكردنی دەیان پەرلەمانتار و كادری باڵای پارتەكە.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەدەپە كاندیدی پارێزگاری لە حەوت شاری گەورە نابێت كە بریتین لە؛ ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، گازی عەنتاب، شانلورفا، ئەدەنە و ئیزمیر. هەدەپە دەیەوێت بەو هەنگاوە ڕێگا خۆشبكات تا كاندیدەكانی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا(جەهەپە) چانسی سەركەوتنیان زۆرتر بێت ئەوەش لێدانێكی گەورە دەبێت لە پارتەكەی ئەردۆغان كە چاوی لە بردنەوەی هەموو ئەو پارێزگایانەیە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكەدا، فشارەكان لەسەر هەدەپە و لایەنگران و كامپینی هەڵبژاردنەكەی زیادی كردووە، لە چەندین شوێن پۆلیس پەلاماری هەوادارانی هەدەپەی داوەو ڕێگریی بانگەشەی لێ كردوون. هەفتەی ڕابردووش دادگا ژمارەیەك لە برۆشەر و كارتی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپەی قەدەغەكرد كە تێیدا "گەندەڵییەكانی" ئەو قەیومانەی ئاشكراكردبوو كە لە شوێنی سەرۆك شارەوانییە هەڵبژێردراوەكانی هەدەپە لە ناوچە كوردییەكان دانراون.

هەرچەندە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014، هەدەپە 103 سەرۆك شارەوانی بەدەستهێنا، بەڵام لە ئێستادا تەنها 23ـیانی بەدەستەوە ماوە، ئەوەش دوای ئەوەی یەك لە دوای یەك 80 سەرۆك شارەوانی هەدەپە دوورخرانەوە و خرانە زیندانەوە، لەبری ئەوانیش حكومەت بە تەعین كەسێك بەهەمان دەسەڵاتەوە لە شوێنیان دادەنێت كە بە "قەیوم" ناسراوە.

ماڵپەڕی ئەهڤاڵ نیوز كە تایبەتە بە كاروباری توركیا، لە سەروتارێكی دەستەی نووسەرانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كەمپینەكانی هەڵبژاردن هیچ مەودایەكیان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی حوكمڕانییە خۆجێییەكان و داواكارییەكانی خەڵك نەهێشتووەتەوە، تەنها "بەڵێنی پاڵەوانانە و قسەی پۆپۆلیستانە دەبیسترێن"، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە وتاری كاندیدەكان پڕن لە هەڕەشە و تۆمەتبەخشینەوە، "ئەمە دەبێت چاوەڕوانكراو بێت. لە ڕووی حوكمڕانییەوە توركیا لە سەختترین ساتەوەختی مێژووی خۆیدا دەژی."

"دام و دەزگاكانی حكومەت لە نێویاندا سیستمی دادوەری، كۆنتڕۆڵكردنی دامەزراوەكان و باڵانسی هێز هەمووی لە بەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی ئاكەپە ڕێكخراوە. حكومەت لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا شێلگیرانە كاریكردووە بۆ دامەزراندنی سیستمێك كە ڕێگربێت لە هەڵبژاردنێكی یەكسان"، ئەوەش بەپێی سەروتارەكەی ئەهڤاڵ.