شەپۆلی مانگرتن لە باکوری کوردستان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە

25-03-2019 09:32
تاکە داواکاریی مانگرتووان شکاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلانە

 پەرەگراف- رێنوار نەجم

هەزاران زیندانی سیاسیی لە باکووری کوردستان بەردەوامن لە مانگرتنی کراوە لە خواردن لە پێناو شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، ماوەی چەند ڕۆژێکیشە "چالاکیی گیانفیدایی" لەنێو زیندانییە مانگرتووەکاندا دەستیپێکردووە.

138 ڕۆژ پێش ئێستا، لەیلا گوڤەن هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (كەجەدە) و پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)، لە زیندانی ئامەد لە باكوری كوردستان مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند، داواكاریی ئەو، هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیرییەیە كە توركیا سەپاندوویەتی بەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان دا. سەرەڕای ئازادکردنی لە زیندان، بەڵام گوڤەن لە ماڵەکەی خۆیدا بەردەوامە لە مانگرتن.

چەند هەفتەیەک دوای مانگرتنەکەی پەرلەمانتارەکەی هەدەپە، شەپۆلێکی فراوانی مانگرتن لە باکوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئەوروپا دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. ماوەی زیاد لە هەفتەیەکیشە چەند زیندانییەکی مانگرتوو لە بەندینخانەکانی تورکیادا "خۆیان کوشتووە."

ئەمڕۆ چوارەم زیندانیی مانگرتوو لە بەندینخانەیەکی شاری ماردینی باکووری کوردستان بە مردوویی دۆزرایەوە و پارێزەرەکانی ڕایانگەیاند، کە هۆکاری مردنەکە خۆکوژیی بووە بۆ "ئیدانەکردنی مامەڵەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان،" ئەوەش بەپێی ئاژانسی میزۆپۆتامیا.

ئەو زیندانییەی ئەمڕۆ خۆی کوشت ناوی میدیا چنار بووە و تەمەنی 24 ساڵ بووە، لە مانگی ئایاری 2016 بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکرا. هەروەها زەهرا سالام کە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە زیندانی شاری ئەرزڕوومدابوو، بەهەمان شێوە مانی لە خواردن ڕاگەیاندبوو و ڕۆژی یەکشەممە خۆکوژیی لە زینداندا ئەنجامدا. زولکوف گەزەن، کە لە ساڵی 2007ەوە زیندانیکرابوو و حوکمی 104 زیندانیی بەسەردا سەپێندرابوو، بەهەمانشێوە لە 18ی مانگدا لە ژوورەکەی خۆیدا خۆی کوشت. لە ڕۆژی 23ی ئەم مانگەشدا ئایتەن بەچەت لە زیندانی ژنانی ئەنقەرەدا بەهەمان هۆکار خۆی کوشت.


میدیا چنار


بەردەوامیی کردە خۆکوژییەکان لە زینداندا وای لە لەیلا گوڤەن کرد کە پەیامێک ئاڕاستەی زیندانیان بکات کە چیتر کۆتایی بە ژیانی خۆیان نەهێنن و دەستهەڵبگرن لەو جۆرە چالاکییە.

هاوکات کۆمیتەی بەڕێوبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە "چالاکیی گیانفیدایی" لە نێو زیندانەکاندا دەکات.

"پێویستە هێڵی ئەو چالاکییە ڕاست دەرکی پێبکرێت و بە شێوازی ڕێکخستنی نەک شێوازی تاکەکەسی، گورز لە فاشیزم بدرێت، هەندێک چالاکی تاکەکەسین پێویستە دووبارە نەبنەوە، چالاکییەکەی زولکوف، شاکار و بەچەت بەو شێوازە بوون، باوەڕمان وایە هاوڕێیانی زیندان بەو شتە دەزانن و لەسەر ئەو ڕێبازەن، چالاکییەکان پێویستە بە شێوازی ڕێکخستنکراو ئەنجام بردێت بۆ ئەوەی گورز لە دووژمن بدرێت و فاشیزم لەناو ببرێت، پێویستە ئەمە بە بنەما بگیرێت"، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە.


پەکەکە داوا لە زیندانیان دەکات دەسهەڵگرتن لە چالاکیی خۆکوژیی

بەپێی چەند ئامارێکی نافەرمی، لە ئێستادا نزیکەی حەوت هەزار کەس لە زیندان و دەرەوەی زیندان لە مانگرتندان، جگە لە شارەکانی باکووری کوردستان، لەسەر ئاستی گروپ و تاکەکەس مانگرتنەکان گەیشتوونەتە؛ هەولێر، سلێمانی، گەرمیان، ڕۆژاڤای کوردستان، ئەڵمانیا، نەرویج، فەڕەنسا و چەند شار و ناوچەی دیکە.

لە شاری هەولێر، ئەندامانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان، لە ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2018ەوە مانگرتنیان بەشێوەی خولی ڕاگەیاندووە، مانگرتنەكە بەشێوەیەكە هەر دوو ڕۆژ جارێك گروپێكی چەند كەسی مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن، هەروەها ناسر یاگیز، كە ئەندامێكی نوێنەرایەتی هەدەپەیە لە شاری هەولێر ئەمڕۆ 125 ڕۆژە مانگرتنی لەخواردن ڕاگەیاندووەو دۆخی تەندروستیی خراپ بووە، بەڵام ئامادە نییە مانگرتنەكەی بشكێنێت.


خۆپیشاندانێکی ڕەوەندی کوردیی لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا بۆ پشتگیریی لە مانگرتووان

لە شاری سلێمانیش، ڕێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لە ڕۆژی 14ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەی خولیی بۆ پشتگیرییكردن لە لەیلا گوڤەن مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.

تاکە داواکاریی مانگرتووان شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلانە لە زیندانی ئیمراڵی کە زیاد لە 20 ساڵە بەندکراوە و داوا دەکەن خێزانەکەی و پارێزەرەکانی بەشێوەی بەردەوام بتوانن سەردانی بکەن، هەرچەندە لە سەرەتای ئەمساڵ ڕێگە بە دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان درا لەگەڵ برایەكیدا، بەڵام مانگرتوان ئامادەنەبوون بەتەنها دیدارێک مانگرتن بشکێنن.

پێش دیدارەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان و محەمەدی برای، دوایین چاوپێكەوتنی نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و خانەوانەدەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 11ی ئەیلولی 2016، هەروەها لە 27ی تەمووزی 2011ـەوە، بە بیانووی لاوەكی ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی نادرێت و تا ئێستا نزیكەی 800 جار داواكاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتكراوەتەوە.

مانگرتووان ڕۆژانە بڕێک لە ئاوی خواردنەوە و شیرینی وەردەگرن، بەڵام هیچ جۆرە خواردنێک ناخۆن، بۆ نمونە ئەوەی ڕۆژانە لەیلا گوڤەنی تەمەن 55 ساڵ وەریدەگرێت، سێ كەوچك شەكر، دوو كەوچكی بچوك خوێ، ئاو و 500 میلیگرام ڤیتامین Bـیە، لە ئێستاشدا كاریگەریی خراپ لەسەر هەستی بینین‌و بیستنی دروست بووەو كێشی لەشی دابەزیوە، بەڵام ئامادەنییە مانگرتنەكەی بشكێنێت، خۆی پێشتر وتوویەتی، ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناو پڕۆسەی ئاشتیدا ببەخشێت.

Image result for leyla guven
لەیلا گوڤەن لە ماڵەکەی خۆیدا لە مانگرتن بەردەوامە

مانگرتن لە خواردن یەكێكە لە چالاكییە باوەكان لەنێو سیاسەتمەداران و چالاكوانانی باكوری كوردستان، پێشتریش لە ساڵی 1982 لە هەمان ئەو زیندانەی ئێستا لەیلا گوڤەنی تێدا دەستگیركراوە، پێنج سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە دژی خراپی مامەڵەی بەرپرسانی زیندانەكە لەگەڵ زیندانییە سیاسییەكاندا، مانگرتن تا مردنیان لە خواردن ڕاگەیاند، دواجار چوار لە زیندانییەكان بەهۆیەوە گیانان لەدەستدا، بەڵام دەوڵەت ناچاربوو لەگەڵ پێنجەمیاندا، كە مستەفا قەرەسوو-بوو و ئێستا سەركردەیەكی پەكەكەیە لە قەندیل، بكەوێتە گفتوگۆوە و سەرجەم داواكارییەكانی جێبەجێ بكەن.

ئەمە یەكەمجار نییە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە گۆشەگیریی بخرێتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، پێشتر و لە ساڵی 2012، بەهەمان شێوەی ئێستا بۆ ماوەیەكی زۆر ڕێگە نەدرا هیچ كەس سەردانی ئۆجالان بكات لە زیندانی ئیمراڵی، دژی ئەو كارەش شەپۆلێكی مانگرتنی فراوان لە توركیا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێكرد، تا دواجار دەوڵەت ڕێگەی بۆ دیداری ڕێبەری پەكەكە كردەوە و ئۆجەلان بە نامەیەك داوای لە هەمووان كرد كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن و بەو شێوەیە مانگرتنەكان كۆتاییان هات.