پەرەگراف- سوركێو محەمەد
مەسعود بارزانی داوای كردووە نماو چیای نەوشیروان مستەفا سەردانی بكەن، ئەوانیش "ڕەزامەندییان پیشانداوە"و چاوەڕوانن گفتوگۆو هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بگاتە خاڵی كۆتایی، ئەوكات سەردانەكە ئەنجام بدەن، بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف.
داواكارییەكەی بارزانی بۆ بینینی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی پارتی بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، ئەوەش ململانێیەكی نوێی لە نێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی دروست كردووەو ئامانجێكی بارزانی لە بینینی نماو چیا پەیوەندیی بەو دۆخە نوێیەی ناو پارتییەوە هەیە.
"كاك مەسعود داوای كردووە نماو چیا سەردانی بكەن، مەبەستی سەرەكیی سەردانەكە دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێزە بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی"، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی بۆ پەرەگراف وای وت، سەرچاوەیەكی دیكەش لە بزووتنەوەی گۆڕان هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.
سەرچاوەكانی پەرەگراف كە داوایانكرد ناویان نەهێنرێت بەوپێیەی ڕێگەپێدراو نین لەسەر ئەوبابەتە قسە بۆ ڕاگەیاندن بكەن، ئەوەشیان خستەڕوو، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا "ڕەزامەندییان پیشانداوە سەردانەكە ئەنجام بدەن"، بەڵام دەیانەوێت لە كاتێكی گونجاودا بێتو كاتێك گفتوگۆو ڕێككەوتنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت كۆتاییان هاتو دەستكرا بە دروستكردنی كابینەی نوێ، "سەردانەكە ئەنجام دەدرێت."
ئەوە لە كاتێكدایە تائێستا هیچ دیدارێكی ئاشكرا لە نێوان مەسعود بارزانی و عومەری سەید عەلی ئەنجام نەدراوە لەو كاتەوەی لە دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا پۆستی ڕێكخەری گشتی گۆڕانی وەرگرتووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی پەرەگرافو گوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، مەسعود بارزانی لەلایەك دەیەوێت پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو مەسرور بارزانی دروست بكات، لەلایەكی دیكەش پشتیوانیی چوونەپێشەوەی زیاتری نماو چیا دەكات لەناو بزووتنەوەی گۆڕان. لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، نماو چیا كاریگەرییان بەسەر بڕیارەكانی بزووتنەوەكەوە هەیە.
"لە ڕابردوودا كاتێك كاك نەوشیروان لە ژیاندا بوو لەناو پارتیدا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەبوو، تەنانەت كە باسی پارتی دەكرا كاك نەوشیروان دەیگوت: كام پارتی؟ پارتی نێچیرڤان یان پارتییەكەی دیكە؟" سەرچاوەیەكی ئاگادار كە خۆی لە كۆڕو كۆبوونەوەی تایبەتی نەوشیروان مستەفادا ئامادەیی هەبووە كاتێك ئەو قسەیەی كردووە بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی"ئێستا كە گۆڕانكاریی لەناو پارتی دروست بووە كاك مەسعود دەیەوێت پەیوەندیی نماو چیا لەگەڵ مەسرور بارزانی بەهێزتربێت تا نێچیرڤان بارزانی."
مەسرور بارزانی كوڕە گەوری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو سەرۆكی پێشووی هەرێمە، مەسرور 15 ساڵ بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی پارتی بووە(پاراستن)، 7 ساڵیشە ڕۆڵی فراوانتر بووەو ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هێشتا دەسەڵاتی نەگەیشتووەتە پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە كە بە زۆنی قەڵەمڕەوی یەكێتیو گۆڕان ناودەبرێت، نماو چیا لەم زۆنە هەژموونو كاریگەرییان هەیە.
كاندیدكردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەتو نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم، بەدەر لە ململانێی ناوخۆیی لەناو پارتی، كێبڕكێی ئەو دوو كەسایەتییەی بەهێزتر كردووە بۆ گەرمكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حیزبو لایەنەكانی دیكە.
ئەو كێبڕكێیە بە جۆرێكە، لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا، نێچیرڤان بارزانی یاریكەری سەرەكیی پارتی بوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانو وەرگرتنی متمانەیان بۆ فوئاد حسێن تاببێتە سەرۆك كۆمار كە كاندیدی خودی مەسعود بارزانی بوو، لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح كە لەسەر پكشی یەكێتی لە ململانێكەدا بوو، ئەوپرسە پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بۆ نزیك خاڵی سفر نزم كردەوە، بەڵام دواتر یەكەمو(كۆتا پەیوەندیی تائێستا)ی بارزانییەكان بە بەرهەم ساڵحەوە لەلایەن مەسرور بارزانی بوو بۆ ئاساییكردنەوەی نێوانیان.
بەوەش نێچیرڤان كرا بە واجیهەی پارتی بۆ ململانێیەكی تووند لەگەڵ بەرهەم ساڵحو یەكێتی، بەڵام دواتر مەسرور كرا بە واجیهە بۆ هەنگاونان بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان پارتیو بەرهەم ساڵح.
دەربارەی مەبەستی دووەمی بارزانی لە بینینی نماو چیای نەوشیروان مستەفا، سەرچاوەكانی پەرەگراف باسلەوەدەكەن، پارتیو بارزانییەكان پێیانباشە بزووتنەوەی گۆڕان "وەك حیزبەكەی خۆیان بە ئاڕاستەی بنەماڵەیی بڕوات."
هەرچەندە لە ئێستادا داراییو میدیای گۆڕان لە دەست كوڕەكانی نەوشیروان مستەفادایە. بەڵام ئەوان ڕەتیانكردووەتەوە گۆڕان بەرەو حیزبی خێزانو بنەماڵە ببەن، "نماو چیا چەندینجار گوتویانە كە ئەوان نایانەوێت گۆڕان ببێت بە حیزبی خێزانو بنەماڵەو ئەوە پێچەوانەی سیاسەتەكانی باوكیانەو هەنگاوی لەوجۆرە نانێن"، سەرچاوەیەكی ئاگادار وای وت.
خواستی بارزانی بۆ بینینی نماو چیا دوای ئەوەدێت پارتی تائێستا تەنها لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕێككەوتنی واژۆ كردووە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان لە كابینەی نوێی حكومەت، پارتی چەندجارێك دڵنیایی داوە بە گۆڕان كە پابەندی ڕێككەوتنەكە دەبێتو وەكخۆی جێبەجێی دەكات، هەربۆیە ئێستا بەدوای ڕێگایەكدا دەگەڕێت بۆ ڕازیكردنی گۆڕان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم كە پارتی بەڵێنی بە یەكێتی داوە ئەو پۆستە زیاد بكرێتو بدرێت بە یەكێتیو لەسەر ئەو بنەمایە پارتی لەگەڵ یەكێتیش گەیشتووەتە ڕێككەوتن، بەڵام ئەو بەڵێنەی پارتی بە یەكێتی، نیگەرانیی گۆڕانی لێكەوتووەتەوە بەو پێیەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەر گۆڕان كەوتووە.