سەردانی عەلی باپیر بۆ لای بارزانی كلیلی بەشداریكردنی كۆمەڵە لە حكومەت

27-04-2019 06:56
مەسعود بارزانی - عەلی باپیر.


پەرەگراف

سەردانی عەلی باپیر بۆ لای مەسعود بارزانی، كلیلی بەشداریكردنی كۆمەڵە لە حكومەت، بەڵام ڕەتكراوەتەوە. پەرەگراف زانیاریی ورد لەبارەی گرێكوێرەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت لە نێوان پارتی و كۆمەڵ ئاشكرا دەكات كە تائێستا هیچكام لەو دوو حیزبە بڕیاری كۆتایی‌و فەرمییان لەوبارەیەوە نەداوە.

لە سەرەتای گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە پارتیی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەكان دەستی پێ‌ كردووە، پرسی بەشداریكردن یان نەكردنی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەتدا بە ناڕوونی ماوەتەوە. هەرچەندە پارتی لە سەرەتاوە ڕایگەیاندووە هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێك نییە، بەڵام شاندی دانوستانكاری حیزبەكە بۆ پێكهێنانی حكومەت، تا ئێستا سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیی نەكردووە كە براوەی چوارەمی هەڵبژاردنە، ئەمە لە كاتێكدایە چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كە براوەی دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنن، ئەنجام داوە.

ڕۆژی 31/1/2019 شاندێكی پارتی بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی لە شاری هەولێر سەردانی كۆمەڵی كرد، دواتریش كۆمەڵ لە 12/2 سەردانی پارتیی كرد. هەرچەندە پاش كۆبوونەوەكان هەردوولا ڕایانگەیاند كە سەردانەكان لە چوارچێوەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو حیزبەكە بووە و گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە نەكراوە، بەڵام پەرەگراف زانیویەتی لەو كۆبوونەوانەدا قسەوباس لەبارەی بەشداریی كۆمەڵی ئیسلامیش لە حكومەت كراوە.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، هەر لە یەكەم سەرداندا بۆ لای كۆمەڵ، شاندنی پارتیی پێشنیاری كردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، كۆبوونەوەیەك لە نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ ڕێكبخرێت.

شاندی پارتی ئەو هەنگاوەی بە ڕێخۆشكەرییەك لەبەردەم دەستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ كۆمەڵ ناو بردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وردەكاریی گفتوگۆكان ئەو زانیارییەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوەو وتی "لە كۆبوونەوەكەدا شاندی پارتی باسیان لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كردووە، پێشنیاریان كردووە لە دەستپێكی ئەو ئاساییكردنەوەیەدا دیداریك لە نێوان كاك مەسعود و عەلی باپیر بەڕێوە بچێت."

ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیی دیموكرات و كۆمەڵی ئیسلامی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 كە پەرلەمانی كوردستان ماوەی دەسەڵاتی مەسعود بازانیی وەكو سەرۆكی هەرێم دوو ساڵی دیكە درێژ كردەوە، پێشتریش لە ساڵی 2013دا كە وادەی سەرۆكایەتیی بارزانی كۆتایی هات، پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ ماوەی سەرۆكایەتییەكەی درێژكردبووەوە، ئەوكاتیش كۆمەڵ لەو هەنگاوە ناڕازی بوو. لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و ڕیفراندۆمیشدا ناكۆكییەكان گەیشتنە لووتكەو تا ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان سەرۆكانی ئەو دوو حیزبە تەشەنەی سەندووە.

شاندەكەی پارتی شوێنی كۆبوونەوەكەی نێوان بارزانی‌و عەلی باپیری دیاری كردووە و داوای كردووە لە پیرمام بەڕێوە بچێت. شوێنی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە گرێكوێرەی كۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو سەرۆكەیەو تائێستا نەكراوەتەوە.

وەڵامی شاندی كۆمەڵ لەبارەی سەردانی ئەمیری حیزبەكە بۆ لای سەرۆكی پارتی دەست پەرەگراف كەوتووە. شاندی كۆمەڵ بە شاندەكەی پارتی وتووە لە دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەی ناكۆكیی قووڵی لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان هەبووە، بەڵام دەستپێشخەریی كردووە بۆ سەردانكردنی بەغدا، دەكرێت لە كوردستانیش هەمان دەستپێشخەریی بكات.

دواتر پارتی وەڵامەكەی كۆمەڵی بە دڵ نەبووە، ئەوەش بووەتە هۆی بە هەڵواسراوی مانەوەی پرسی بەشداریی كۆمەڵ لە حكومەت تائێستا و شاندی دانوستانكاری پارتی سەردانی ئەو حیزبەی نەكردووە بۆ ئەو مەبەستە.

لە ماوەی ڕابردوویشدا محەمەد حەكیم، كارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی، لە نووسینێكدا لەژێر ناوی "هەوڵەكانی ناشرینكردنی كۆمەڵی ئیسلامی"، ئاماژەی بەوە كرد "ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامی زۆر تامەزرۆی بەشداریكردن لە حكومەت بوایە، ئەوا چاك دەمانزانی ڕێگەی بەشداریكردن و هاتنەپێشی گەرم لە كۆمەڵ چۆنە و لە كوێوەیە."

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف سەردانی سەرۆك و بڕیاربەدەستی حیزبەكان بۆ لای مەسعود بارزانی، بە تایبەتیش ئەوانەی بەشداری لە حكومەتی هەرێم دەكەن، دوو ئامانجی لە پشتەوەیە، پیشاندانی مەسعود بازانی وەك مەرجەع كە پارتی چەند ساڵێكە كاری بۆ دەكات، هەروەها دروستكردنی پەیوەندی و پاڵپشتییە بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانیی كوڕە گەورەی بارزانی.

لەو چوارچێوەیەدا پێشتر پەرەگراف ئاشكرا كرد كە بارزانی داوای لە نما و چیا كوڕانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری پێشووی گۆڕان كردووە كە سەردانی بكەن، ئەوانیش ڕەزامەندییان نیشان. هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی و سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتوو بە جیا سەردانی سەرۆكی پارتییان كردووە.

دواجار عەلی باپیر لە هەفتەی ڕابردوودا لە دوو چالاكیی ناوخۆیی حیزبەكەیدا بۆچوونی خۆی لەبارەی بەشداریی حیزبەكەی لە حكومەت خستەڕوو و ڕایگەیاند "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە شایستەی ئەوە نازانم كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی تێدا بكات"، پێدەچێت ئەو لێدوانەی ئەمیری كۆمەڵ كۆتایی هێنان بێت بەوەی كە ئامادە بێت سەردانی مەسعود بارزانی بكات، كە ئەو هەنگاوە كلیلی بەشداریكرنی كۆمەڵ بوو لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتدا.

ڕێبوار حەمەد، وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەو لێدوانەی ئەمیری حیزبەكەی بە "بۆچوونی شەخسیی" ناوبردووە و ڕایگەیاندووە بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەشداری لە حكومەت لەلایەن سەركردایەتیی حیزبەكەوە دەدرێت.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی بەرپرس لە كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پەرەگراف وتی "ئەو لێدوانەی مامۆستا عەلی باپیر تا ڕادەیەكی زۆر كۆتایی بە بابەتی بەشداریی كۆمەڵ لە حكومەت هێناوە، چونكە بۆچوونەكانی كاریگەریی گەورەیان لەسەر بڕیاری سەركردایەتیی حیزب هەیە."

لەم نێوەندەدا ئاڕاستەیەكی ناو پارتیی بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی كە كاندیدی حیزبەكەیەتی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم، نەیشاردووەتەوە كە نایەوێت كۆمەڵ بەشداریی حكومەت بكات. ئەو ئاڕاستەیەی پارتی لە سەركردایەتی و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، پێشتر ئەو بۆچوونەیان بە مەسعود بارزانی گەیاندووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف پارتی هێشتا دەیەوێت هاوشێوەی كابینەكانی پێشوو، حیزبێكی ئیسلامی بەشداری لە حكومەتدا بكات، كە ئەو هەنگاوە بۆ پێگەی حیزب و حكومەتەكەی لەناو وڵاتانی عەرەبیدا گرنگە.

یەكگرتووی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی ڕاگەیاندووە، هەروەها بزووتنەوەی ئیسلامی كە هاوپەیمانێتیی ئیسلاحی لەگەڵ یەكگرتوو پێكهێنابوو، نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، هەر بۆیە ئەو دوو حیزبە ئیسلامییە دوورن لە بەشداریكردن لە حكومەتی هەرێم، ئەوەی لەم نێوەندەدا ماوە تەنیا كۆمەڵی ئیسلامییە كە مەیلی خۆی بۆ بەشداری لە حكومەت پیشان داوە، بەڵام محەمەد حەكیم، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی، بەشدارییان لە حكومەت دەبەستێتەوە بە "سیاقی یاسایی و حاڵەتی ئاسایی خۆی."

ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و كۆمەڵ نوێ نین، پێشتر مەسعود بارزانی ڕایگەیاندبوو كە ئەوان نازانن كێشەیان لەگەڵ كۆمەڵ چییە؟ بارزانی لەكاتی قووڵبوونەوەی كێشەكانی نێوان حیزبەكەی لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ، وتی"نازانم چیمان كردووە بەرامبەر بەمانە تا ئاشتیان بكەینەوە، بەتایبەت كۆمەڵ... لەگەڵ كۆمەڵ بەخوا من نازانم، چەندی بیری لێدەكەمەوە ئەرێ چیمان كردووە كە زەرەری هەبووبێت بۆ كۆمەڵ تێناگەم."

دواتریش عەلی باپیر وەڵامی بارزانی دایەوەو لەچەند خاڵێكدا نیگەرانییەكانی حیزبەكەی بۆ ڕوونكردەوەو دەڵێت، ئەگەر بڕیار بەدەستانی ئەم هەرێمە، كێشەو قەیرانە دروستكراوەكان چارەسەر بكەن، باهیچ كەس گوێ‌ بە دووریی‌و نزیكیی‌و نیگەرانیی‌و ڕازیبوونی ئێمە نەدات.

لە وەڵامەكەیدا عەلی باپیر بە چەند خاڵێك باسیلە پەكخستنی پەرلەمان‌و دەستی حیزب لە ناو دەمەزراوەكانی حكومەت‌و سەروەرنەبوونی یاساو تەشەنەسەندنی گەندەڵیی كرد.