ئێران هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان گۆڕانو یەكێتی دەدات؛ سەقامگیریی لە سلێمانی دەوێت

پەرەگراف- سوركێو محەمەد
ئێرانییەكان هەوڵی لێكنزیككردنەوەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕان دەدەنو دەیانەوێت سەقامگیرییو پێشكەوتنی سیاسییو ئابوریی لە پارێزگای سلێمانی پەرەبسێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا داوایان لە گۆڕان كردووە ڕازی ببێت بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم كە دەدرێتە یەكێتیو ئەوپرسە كێشەیەكی نوێ دروست نەكات.
پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجە كە یەكێتیو گۆڕان تێیدا باڵادەستن فراوانترین سنوری وشكانیی عێراقن لەگەڵ ئێرانو دەروازەیەكی بازرگانیی گرنگن بۆ هەردوو وڵات، چڕبوونەوەی هەوڵەكانی ئێران بۆ سەقامگیرییو پێشكەوتن لەو ناوچەیە هاوكاتە لەگەڵ تووندكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆسەر ئێرانو تەشەنەسەندنی گرژییەكانی نێوان واشنتۆنو تاران.
یەكێتیو گۆڕان كە حكومەتی خۆجێیی سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیانو ڕاپەڕینیان بەدەستەوەیە، پەیوەندییەكانیان باش نییەو كێشەی سیاسییو دابەشكردنی پۆست لە نێوانیاندا هەیە، هەربۆیە تائێستا چەند جارێك گۆڕان داواكاریی كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی ڕەتكردووەتەوە.
دواین كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كە بووبووە گرێكوێرەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پرسی زیادكردنی جێگرێكی دیكەبوو بۆ سەرۆكی هەرێم كە پارتی بەڵێنیدابوو بدرێتە یەكێتی، بەڵام ئەوپرسە گۆڕانی نیگەران كردبوو، بەوپێیەی جێگری سەرۆكی هەرێم پشكی ئەو بزووتنەوەیە بوو، ڕازیی نەبوو جێگرێكی دیكەی بۆ زیاد بكرێت، بەڵام دواتر گۆڕان ڕەزامەندیی پیشاندا بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم.
"ئێرانییەكان داوایان لە گۆڕان كرد ڕازی ببێت بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم لە پێناو خێرا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو چارەسەركردنی كێشەو گرژییەكان" سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف وای وت، سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لایەنی ئێرانیی لەبەرامبەر ڕازیبوونی گۆڕان بەو داوایە، "بەڵێنیانداوە لەمەودوا ڕێگەنەدەن یەكێتی مافی گۆڕان پێشێل بكات لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی"، ئەوە بەردەوام ناڕەزایی گۆڕان بووە كە یەكێتی بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵ گۆڕان نەكردووەو مافی پێشێل كردووە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئێرانییەكان پێیانباشە پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕانو یەكێتی ئاسایی ببنەوە، بەڵام گۆڕان داوای هەندێك پۆست دەكات كە پشكی خۆیەتیو تائێستا یەكێتی ئامادەنییە پێیانبدات، لەبەرئەو هۆكارە ئامادەنین لەگەڵ یەكێتی كۆببنەوە كە چەند جارێك داوای كۆبوونەوەی لێكردوون. یەكێك لە گرنگترین ئەو پۆستانەی گۆڕان داوای دەكات جێگری پارێزگاری هەڵەبجەیە.
یەكێتیو گۆڕان چوار ڕێككەوتنیان لە نێواندا هەیە، دوانیان لەسەر ئاستی حیزبییو دوانیان لەسەر ئاستی حكومەتە خۆجێییەكانی سلێمانیو هەڵەبجە، بەڵام گۆڕان دەڵێت "یەكێتی هیچیانی وەكو خۆی جێبەجێ نەكردووە".
گرژییو ناكۆكیی نێوان یەكێتیو گۆڕان لەشەوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12-5-2018 گەیشتە لوتكە، كاتێك هێزێكی یەكێتی هێرشی چەكداریی كردەسەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی، لەو كاتەوە پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە ئاسایی نەبوونەتەوە، هەرچەندە دیدارو كۆبوونەوە لە نێوانیاندا هەبووە.
خراپیی پەیوەندیی نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەكان، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر پارێزگای سلێمانیو گەشەی ئابوریو بازرگانیی دروست دەكات، ئەوەش كێشەیە بۆ ئێرانییەكانو هۆكاری سەرەكییە كە ئەو وڵاتە لە هاوكێشەكاندا ڕۆڵو كاریگەریی هەیە.
ئێران هەژموونی تەواوی بەسەر عێراقەوە هەیەو قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران خاوەنی كۆتا قسەی ئەو وڵاتەیە لەو پرسانەدا كە دەستتێوەردانی تێدا دەكەن، لە كوردستانیش هێندە نزیكە لە یەكێتی نیشتیمانی لەو كاتانەی ئەو حزبە ڕوبەڕوی دۆخی سەختو قەیران دەبێتەوە، ئێران بە "ڕزگاركەر"ی یەكێتی ناودەبرێت.
هەژموونی ئێران بەسەر عێراقو كوردستانەوە، بەردەوام جێگەی ناڕەزایی نەیارانی ئێران بووە، بەتایبەت ئەمەریكییەكان كە ئێستا گەمارۆیەكی تووندی ئابورییان خستووەتەسەر تارانو جوڵەی سەربازیی فراوانیان بەرەو ئاوە سنورییەكانی ئێران لە ناوچەكە دەستپێكردووە.