پەرەگراف- سوركێو محەمەد
نێچیرڤان بارزانی دووەم كەسە لەسەر كورسیی سەرۆكایەتیی دادەنیشێت لە مێژووی هەبوونی دامەزراوەی سەرۆكایەتی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەو، تووشی "شۆك" بوو كاتێك تەنها 68 پەرلەمانتار دەستیان بۆ بەرزكردەوە بۆ بوون بە سەرۆك، لە كاتێكدا چاوەڕوان بوو ئەوانەی دەست بەرز دەكەنەوە كەمتر نەبن لە نزیکەی 90 ئەندامی پەرلەمان.
هاوكێشەكە لە ساتی كۆتاییدا لە دژی نێچیرڤان بارزانی تێكچوو، تێكدانێك بە بەرنامەو پلانی پێشوەختەی یەكگرتنی باڵێكی ناو حیزبەكەی خۆیو باڵێك لەناو یەكێتی نیشتیمانی كە دووەم هێزی ناو پەرلەمانەو بەشدار نەبوو لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكو دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی.
بەپێی زیاتر لە سەرچاوەیەك بۆ پەرەگراف كە بەوردیی ئاگاداری گفتوگۆو ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتین لەناو خۆیانداو لەگەڵ یەكتر، هەریەكە لە مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكوەزیرانی نوێو بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقو جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، "لەپشت خستنی نێچیرڤان بارزانیو دەنگ كەم هێنانی بوون لە پەرلەمان".
"هەر لەسەرەتاوە دیاربوو كێ دەبێتە سەرۆك، بەڵام شەڕەكە شەڕی دەنگ بوو، كێ دەنگ زیاتر دەهێنێت لە پەرلەمان؟ ئێستا نێچیرڤان بارزانی تووشی شۆك بووە كە 68 دەنگی هێناوەو چاوەڕوانی دەوری 90 دەنگ بوو" سەرچاوەیەكی ئاگادار وادەڵێت.
سەرچاوەكانی پەرەگراف كە ناویان ناهێنرێت لەبەرئەوەی ڕێگەپێدراو نین لەسەر ئەو پرسە بۆ ڕاگەیاندن قسە بكەن، باس لەوە دەكەن، باڵێكی ناو یەكێتی بە "ڕێنمایی بەرهەم ساڵحو خواستی مەسرور بارزانی" ئەو لێكتێگەیشتنەیان تێكداوە كە لە نێوان مەسعود بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵ هەبووە دەربارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەوەش بیانوو درایە دەست یەكێتی بۆئەوەی بەشداریی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان نەكاتو دەنگی 21 پەرلەمانتارەكەی بەرز نەكاتەوە بۆ متمانەدان بە نێچیرڤان بارزانی.
"لە ساتی كۆتاییدا باڵێكی یەكێتی 3 ناوی ناردووە تا یەكێكیان بكرێتە پارێزگاری كەركوك، بەوەش ڕازینەبوونیان پیشاندا بەرامبەر فەرەیدوون عەبدولقادر كە مەسعود بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵ ڕێككەوتبوون لەسەری، باڵی مەسرور بارزانی هەرسێ ناوەكەیان ڕەتكردەوەو پڕۆسەكە تێكچوو" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت، وتیشی "نێچیرڤان بارزانی كێشەی نەدەبوو هەركەس لە یەكێتی بكرێتە پارێزگاری كەركوك بۆئەوەی ڕێككەوتنەكە تێكنەچێت، بەڵام ئەوە نەكرا".
لە دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆكی هەرێم بە دەنگێكی كەمەوە، ئێستا كەسانی سەربە باڵەكەی نێچیرڤان بارزانی پێیان باش نییە حیزبەكەیان نەرمیی بۆ یەكێتی بنوێنێتو دەیانەوێت بە هەمان ئەو دەنگانەی نێچیرڤان كرا بە سەرۆكی هەرێم، مەسروریش متمانە وەربگرێت بۆ سەرۆكوەزیران، دوای ئەوە لەگەڵ یەكێتی پێكبێن، "بەڵام ئاڕاستەی مەسرور بارزانی دەیانەوێت ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بكرێتو نەرمیی بنوێنن بۆئەوەی دەنگی 21 پەرلەمانتارەكەیان مسۆگەر بكەن بۆ متمانەدان بە كابینەی نوێ بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی".
چەند كاتژمێرێك دوای كۆتاییهاتنی دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەكانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان پارتیو یەكێتی دەركەوتن، یەكێتی لە ساتی كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا بەیاننامەیەكی تووندی دەركردو چەندین هۆشدارییو تۆمەتی ئاڕاستەی پارتی كرد، بەڵام وەڵامی پارتی لە بەیاننامەی فەرمیی ئەو حیزبەدا لە ئاستی هۆشدارییەكانی یەكێتی نەبوو، دواتریش هەردوو حیزب تەئكیدیان لە یەكڕیزیو كاری پێكەوەیی كردەوە.
هاوكات فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ئەوان لە هەموو حاڵەتێكدا وەكو سەرۆكی هەرێم مامەڵە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەكەنو هیچ كێشەیەك لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا نابینن، بەڵام پێیان باشە كێشەی پارێزگاری كەركووك و وەزیری دادی عێراق پێش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
هاوكات هەر ئەمڕۆ هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ دەنگی ئەمریكا ئەوەی خسووەتە ڕوو، بەشداری نەكردنی یەكێتی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانو دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم جێی "سەرسوڕمان" بووە بۆ ئەوان.
زێباری باس لەوەش دەكات، كێشەكە كەركوك نەبووەو كێشەی باڵەكانی ناو یەكێتی بووە، دەنگنەدانی یەكێتی بە نێچیرڤان بارزانی بە هەڵەیەك ناو دەبات كە پێویستی بە ڕاستكردنەوە هەیەو دەڵێت "ئومێدەوارم بەهاوكاری هەموو لایەك ئەو هەڵەیە ڕاست بكرێتەوە، چونكە سەرۆكی هەرێم دەبێتە چەترێك بۆ هەموو هێزەكان كە كێشەكان چارەسەر بكات".
وتەكانی فەرید ئەسەسەردو هۆشیار زێباری، وەك ئاماژەیەكی دیكەی نەرمییو پێكهاتنی پارتیو یەكێتی دەردەكەون بەرلەوەی دەنگدان بە كابینەكەی مەسرور بارزانی بێتەپێشەوە، ئەوەش جیاوازە لە هەڵوێستەكانی سەرلەبەیانیی دوو ڕۆژ لەمەوبەر كاتێك پەرلەمان دەنگی بۆ نێچیرڤان بارزانی دا، ئەوكات بەدەر لە بەیاننامە تووندەكەی یەكێتی، هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان وتی، هەڵوێستەكەی یەكێتی كاریگەریی لەسەر ڕێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەت دەبێت.
ئێستا مەسرور بارزانی بەدەر لە دەنگی پەرلەمانتارانی یەكێتی، 7 دەنگی دیكەشی لە بەردەمدایە كە بۆ نێچیرڤان بارزانی بەرز نەكرانەوەو ئەو دەتوانێت لە دەرگایان بداتو بەدەستیان بهێنێت، ئەویش دەنگی پەرلەمانتارانی كۆمەڵی ئیسلامییە كە تائێستا پرسی بەشداریكردنیان لە حكومەت بە هەڵواسراویی ماوەتەوەو پارتی گفتوگۆی فەرمییو جددی لەگەڵ نەكردوون لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێو كۆمەڵ چاوەڕوانی "مەرحەبایەكی گەرم"ی پارتییە.
گۆڕانكارییە ناوخۆییەكەی پارتی بە دوورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەتو هێنانە پێشەوەی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی كابینەی نوێ، بەدەر لە تووندكردنەوەی ململانێی نێوان نێچیرڤانو مەسرور لەناوخۆی ئەو حیزبە، هاوكات كێبڕكێی ئەو دوو ئامۆزایەی بەهێزتر كردووە بۆ گەرمكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حیزبو لایەنەكانی دیكە.
ئەو كێبڕكێیە بە جۆرێكە، لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا، نێچیرڤان بارزانی یاریكەری سەرەكیی پارتی بوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانو وەرگرتنی متمانەیان بۆ كاندیدی حیزبەكەی لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح كە لەسەر پكشی یەكێتی لە ململانێكەدا بوو، ئەوپرسە پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بۆ نزیك خاڵی سفر نزم كردەوە، بەڵام دواتر یەكەمو(كۆتا پەیوەندیی تائێستا)ی بارزانییەكان بە بەرهەم ساڵحەوە لەلایەن مەسرور بارزانی بووە بۆ ئاساییكردنەوەی نێوانیان، بۆئەوەش زیاتر لە جارێك بە تەلەفۆن گفتوگۆیان كردووە.
نێچیرڤان بارزانی كرا بە واجیهەی پارتی بۆ ململانێیەكی تووند لەگەڵ بەرهەم ساڵحو یەكێتی، بەڵام دواتر مەسرور بارزانی كرا بە واجیهە بۆ هەنگاونان بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان پارتیو بەرهەم ساڵح.
ئێستا ماوەتەوە ڕۆژانی داهاتوو، تا بزانرێت بارزانیی باوك نەرمیی بەرامبەر یەكێتی دەنوێنێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر بۆ كابینەی كوڕەكەی، یاخود بە هێشتنەوەی دۆخەكە وەكخۆی لەگەڵ یەكێتی، هاوكێشەكە هاوسەنگ ڕادەگرێت لە نێوان نێچیرڤانی برازایو مەسروری كوڕیدا.
دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم
سەرۆكایەتی هەرێم ساڵی 2005 دامەزرا، هەرێمی كوردستان لە ماوەی 12 ساڵ هەبوونی ئەو دامەزراوەیەدا تەنها یەك سەرۆكی بەخۆیەوە بینی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەوەش بە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە یەكێتی.
بارزانی لەساڵی 2013دا دوو خولی سەرۆكایەتی هەرێمی تەواوكرد(8 ساڵ) دواتر 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوەو لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو تا كۆتایی مانگی 10ی 2017 وازهێنانی ڕاگەیاندو ئامادە نەبوو لە پۆستەكەی بەردەوام بێت.
لەگەڵ وازهێنانی مەسعود بارزانی-دا دەسەڵاتەكانی دابەشكران بەسەر پەرلەمانو حكومەتو دادوەریی، زۆرینەی دەسەڵاتەكان دران بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، 8ی ئەم مانگە دامەزراوەكە كارا كرایەوەو سەرۆكی نوێ كە نێچیرڤان بارزانی یەو 10ی مانگی داهاتوو سوێندی یاسایی دەخوات، هەمان دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی دەبێت.