چی ڕوویدا؟ بۆچی گۆڕان دەیان مەفرەزەی چەكداری دروست كرد؟

11-06-2019 02:49


پەرەگراف

شەوی ڕابردوو زانیارییەك گەیشتووەتە بزووتنەوەی گۆڕان كە بەرپرسێكی دەستڕۆیشتووی یەكێتی هەڕەشەی پەلاماردانی كردوون، گۆڕان دەستبەجێ كەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی‌و پاسەوانەكانی‌و دەیان هەڵسوڕاو و خۆبەش بە چەكەوە ڕوویان لە گردی زەرگەتە كردووە بۆ پارێزگاریی لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكەیان.

بەرپرسانی گۆڕان هەڕەشەكەیان بە "جددی‌و مەترسیدار" وەرگرتووە، بەوپێیەی پێشینەی ڕووداوی لەوجۆرەیان هەیە، ئەوەش ساڵی ڕابردوو بوو كاتێك بەرپرسێكی سەربازیی یەكێتی سەرپەرشتی گروپێكی چەكداری كرد بۆ پەلاماردانی مەكۆی سەرەكی گۆڕان.

هەربۆیە شەوی ڕابردوو بەدەر لەو 250 پاسەوانە فەرمییەی گۆڕان كە پۆلیسن‌و سەربە وەزارەتی ناوخۆن، هاوكات هەڵسوڕاوان‌و خۆبەخشانی بزووتنەوەكە ئاگادار كراونەتەوەو بە چەكەوە ڕوویان لە گردی زەرگەتە كردووە.

"دەوروبەری كاتژمێر 11ی شەو زانیاریی گەیشتە گۆڕان كە بەرپرسێكی دەستڕۆیشتووی یەكێتی لە دانیشتنێكدا هەڕەشەی تووندی لە گۆڕان كردووە، هەربۆیە ئامادەباشیی پێویست كراو دەیان مەفرەزەی بچوكی چەكدار دروستكران لە دەوری گردەكەو ماڵی كاك نەوشیروان، یەكێك لەو مەفرەزانە ویستویەتی بچێتەسەربانی نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە كە بەسەر گردەكەو ماڵی كاك نەوشیرواندا دەڕوانێت، بەڵام پاسەوانەكانی نەخۆشخانەكە ڕێگەیان نەداو دەنگە دەنگ لە نێوانیاندا دروست بوو" سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕان كە بەوردیی ئاگاداری ڕووداوەكەیە بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە كە خۆی لە گردی زەرگەتە بووە لەو كاتەدا، وتیشی "لە ئەنجامی دەنگە دەنگەكەدا شەڕو تەقە دروست بوو، خۆبەخشێكی گۆڕان بە تەقەی پاسەوانەكانی نەخۆشخانەكە بریندار بوو، دوو فیشەك بەر قاچی‌و فیشەكێك بەر سكی كەوت، دواتر گەیەندرایە نەخۆشخانەو گیانی لەدەستدا، دوو كەسی دیكەش لە پاسەوانەكانی نەخۆشخانەكە بریندار بوون".

"هەرلەو كاتەدا دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیی چەكدار بەرەو دەرگای سەرەكی گردی زەرگەتە هاتوون‌و تەقەیان كردووە، بەڵام زۆر بەتووندی وەڵامدراونەتەوەو ڕاونراون" ئەو سەرچاوەیە وای وت، ئاماژەی بەوەشكرد، گۆڕان پێیوایە ئەو دوو ئۆتۆمبێلە "لەلایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە ئاڕاستە كراون‌و پەیوەندیی بە بڵاوكردنەوەی هەواڵێك هەبووە لە كەناڵی كەی ئێن ئێن".

 

شوێنی فیشەكەكانی شەوی ڕابردوو بە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخەوە. وێنە؛ پەرەگراف.

ئەو كەسەی لە ڕووداوەكەدا گیانی لەدەستداوە ناوی ڕێبەند فەرهادە، گەنجێكی خێزاندارەو خۆبەخشی گۆڕانەو خزمی نزیكی یەكێك لە هەڵسوڕاوە سەربازییەكانی بزووتنەوەكەیە، لەو كەسانەیە هەركات هەڕەشە لەسەر گۆڕان هەبووبێت بە چەكەوە ڕووی لە گردی زەرگەتە كردووە بۆ پاراستنی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە.

بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە بەرپرسێكی یەكێتی هەڕەشەی لە گۆڕان كردووەو دەڵێت"له‌ ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ر‌پرسێکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌ هه‌ڵسوڕاوان و مه‌کۆی سه‌ره‌کی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سلێمانی، ھێزێکی زۆر لە ھەڵسوڕاوانی خۆبەخش کۆبونەوە. دوای ئەوە‌ بەھۆی دروست بونی ئاڵۆزی لەگەڵ گروپێکی چه‌کداری به‌ناو سکیوریتی، کاکه‌ (رێبه‌ند فه‌رهاد) شه‌هید ده‌بێت و چه‌ند که‌سێک ده‌ستگیر ده‌کرێن و پاش ماوه‌یه‌ك ئازاد ده‌کرێن".

گۆڕان دەشڵێت "‎ئەم جۆرە رەفتارە نابەرپرسیارانە ئاسایشی ناوچەكە و شاری سلێمانی تێكدەدات. بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی ئیدانەی دەكات و ئۆباڵی هەر ڕوداوێكی نەخوازراو دەخاتە ئەستۆی ئەوانەی كە ڕێز بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیان و كەرامەتی هاوڵاتیانی كوردستان دانانێن".

گۆڕان داوای لێكۆڵینەوە لە كۆی هەڕەشە و ڕوداوەكە دەكات‌و بە پێویستی دەزانێت حكومەتی هەرێم‌و دەزگا پەیوەندیدارەكان ڕێوشوێنی یاسایی بگرنەبەر بۆ چارەسەركردن و ڕێگەگرتن لە دوبارەبونەوەی ئەم هەڕەشە و ڕوداوانەو تۆمەتباران سزای یاسایی وەربگرن.

هاوكات میدیای گۆڕان ڕێبەند وەك "شەهیدی پارێزگاری لە بزوتنەوەی گۆڕان" ناودەبات، لەبارەی ڕووداوەكەشەوە ئەوەی بڵاوكردووەتەوە "شەوی ڕابردو ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان كرد لە سلێمانی، لەلایەن پاسەوانەكانەوە وەڵامدرانەوە و هەر بەهۆی تەقەی ئەو چەكدارانەشەوە پاسەوانێك شەهید بو".

پۆلیس لەكاتی ڕووداوەكەدا گەیشتووەتە شوێنەكەو دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، پۆلیسی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەیەوە بڵاوكردووەتەوە‌و تێیدا هاتووە "كاتژمێر 1:30 خولەكی شەوی ڕابردو گرژیی‌و ئاڵۆزیی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك چەكدارو پاسەوان(سكیورتی) نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، كە چەكدارەكان ویستویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوەو چەكدارەكان هێرشیانكردۆتە سەر سكیورتییەكان‌و تەقە دروستبووە لەبەردەم نەخۆشخانەكەو دور لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان".

پۆلیس ئەوەش دەخاتەڕوو، بەهۆی‌ ڕوداوەكەوە كەسێك برینداربووەو دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەكەو بریندارەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستۆتەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە.

"بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی هێزەكانی‌ پۆلیس دەركەوتووە كە بەهیچ جۆرێك تەقە لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە، تەنها كێشەكە لەنێوان چەكدارەكان‌و سكیورتی نەخۆشخانەكەدا بووە. لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، لەداهاتوشدا تەواوی ڕێكارە یاساییەكان بۆ هاوڵاتیان دەخەینەڕو" پۆلیس لە ڕوونكردنەوەكەیدا وادەڵێت.

بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن، هێشتا بەرچاوڕوونیی پێویستیان نییە لەبارەی ڕووداوەكە، خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی "هیوادارین یاسا ڕۆڵی بێلایەنانەی خۆی لە ڕووداوەكەدا بگێڕێت، چونكە خوێنی كەسی بێتاوانی تێدا ڕێژراوە".

خەلیل سەركانی ئەوەشی خستە ڕوو، لە ئەنجامی تەقەكانی شەوی ڕابردوو گەنجێكی دیكەش برینداربووە كە هەڵسوڕاوی گۆڕانەو چەكی پێ نەبووە، وتیشی "هێزێك بە سێ چوار سەیارەوە هاتوون و تەقەیان كردووە".

هەڕەشەكەی شەوی ڕابردووی بەرپرسەكەی یەكێتی، ڕووداوەكەی ساڵی ڕابردوو دەهێنێتەوە یاد كاتێك نوێنەرانی چوار حیزب لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە گەرمەی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدابوون دەربارەی ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی "ساختەكارییەوە"، لەپڕ "سەدان فیشەك" نران بە بیناكەو ئەو ژوورەی كۆبوونەوەكەی تێدابوو.

ئاسەواری بەركەوتنی فیشەك بە شوشەی پەنجەرەیەكی مەكۆی سەرەكی گۆڕانەوە لە ئەنجامی تەقەكانی شەوی 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

مەكۆی سەرەكی گۆڕان شەوی 12-5-2018 لەلایەن هێزێكی یەكێتییەوە درایەبەر گوللە كە جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە سەرپەرشتی دەكردن. تەقەكان بە جۆرێك بوون بە دەگمەن ژووری بیناكە هەیە كە ڕووی لە بەشی پێشەوەبێت‌و فیشەكی بەر نەكەوتبێت، بەرلەوەی ئەو پەلامارە بدرێن، بەرپرسانی یەكێتی بە تەلەفۆن هەڕەشەی تووندیان لە بەرپرسانی گۆڕان كردبوو، پێداگرییان كردبوو كە دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكە قبوڵ بكەن.

یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانەی لەناو گردی زەرگەتە زیانی بەركەوتووە/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.