كونسوڵی بەریتانیا بۆ پەرەگراف: پێشمەرگە چاكسازیی نەكات لە پشتیوانیكردنی دەكشێینەوە

26-06-2019 07:44
مارتن وار، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف


پەرەگراف- سوركێو محەمەد، ڕێنوار نەجم

كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت كە وڵاتەكەی هاوشانی ویلایە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیا چیتر پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە ناكەن ئەگەر ئەو وەزارەتە پابەندنەبێت بەو چاكسازییانەی ماوەی چەند ساڵێكە لەڕیزەكانی پێشمەرگە دەستی پێكردووە و ڕەنگە تا 10 بۆ 15 ساڵی دیكە بخایەنێت.

لە دواین ڕۆژەكانیدا وەك كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، مارتن وار كە سەرەتای مانگی داهاتوو پۆستەكەی جێدەهێڵێت، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەكانی پەرەگرافی دایەوە و لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، چاكسازییەكانی ناو پێشمەرگە و گرنگی میدیای سەربەخۆ لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووسی پەرەگراف گفتوگۆی كرد.

پەیوەندییەكانی بەریتانیا و هەرێم "گەرمبووەتەوە"

مارتن وار باسی لەوە كرد كە لە ئێستادا پەیوەندییەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان "گۆڕاوە و پێشكەوتووە" بەبەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا كاتێك ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامدرا، "ئێمە تێڕوانینێكی جیاوازمان لە حكومەتی هەرێم هەبوو لەبارەی ڕیفراندۆمەوە و لەگەڵیدا نەبووین. ئێمە وتمان ئەو كارە سەردەكێشێت بۆ هەندێك دەرئەنجامی دیكە و پێشمان وایە ئەوە ڕووی دا. پەیوەندییەكان لەو كاتەدا بەهۆی ڕیفراندۆمەوە سارد بوون، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە گەرموگوڕیی بۆ گەڕاوەتەوە".

بەریتانیا هاوشێوەی ئەمریكا، نەتەوە یەكگرتووەكان‌و زۆرینەی زۆری وڵاتە هەرێمییەكانی دیكە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان وەستانەوە كە لە 25ی ئەیلولی 2017 ئەنجام درا، سەرەڕای ئەوەی نزیكەی لەسەدا 93ی هاوڵاتیان دەنگیان لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی دا، بەڵام سەربەخۆیی كوردستان ڕانەگەیەندرا و ڕیفراندۆمەكە چەند دەرئەنجامێكی دیكەی لێ كەوتەوە.

"ئێمە پابەندین بە كوردستان و داهاتووی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا. ئێمە سیاسەتی عێراقێكی یەكگرتوومان هەیە، ئێمە دەمانەوێت لە كوردستان ئاسایش و سەقامگیریی هەبێت و بەردەوام لە پێشكەوتندا بێت"، كونسوڵی گشتی بەریتانیا وادەڵێت. هەروەها دەشڵێت "هەتا ئەو كوردستانە هاوكاربێت لە دروستكردنی عێراقێكی ئارام و سەقامگیردا. ئێمە بڕوامان وایە كوردستان هەندێك خاڵی بەهێزی هەیە كە دەتوانرێت لەسوودی خۆی و عێراق و هەرێمەكەش بەكاربهێندرێت".

ڕیفۆرم لە پێشمەرگەدا

دوای دەستپێكردنی شەڕی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 و بەشداریی كارای هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، وڵاتانی هاوپەیمانان هاوكارییەكی زۆریان پێشكەش بە پێشمەرگە كرد و پلانێكیشیان دانا بەناوی "پێشـمەرگە لە داهاتوودا" بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و ڕیفۆرم لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا. لە ساڵی 2017 پلانێكی گشتگیر و هەمە لایەنە داڕێژرا و یەكەمین هەنگاویش دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت بە چاكسازیی بوو لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا.

"ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی داعش لەگەڵ پێشـمەرگەدا پێكەوە كارمان كرد و ڕاهێنانمان پێكردن و ئێستاش ئەو ڕاهێنانە بەردەوامە. ئێمە ڕاهێنانەكان دەبەینە قۆناغێكی نوێوە تا بتوانرێت بەر بە هەڕەشە نوێیەكانی داعش بگرێت، چونكە لە چەند ساڵی ڕابردوودا شێوازی هەڕەشەكانی داعش گۆڕاون، دەمانەوێت بزانین چۆن دەتوانین مەشق و ڕاهێنانەكان فراوانتر و سەردەمیانەتر بكەین"، مارتن وار وادەڵێت.

وتیشی "ئێمە ڕاوێژكارین. ئەزموونێكی زۆرمان لە گۆڕین و چاكسازیی لە دامەزراوە سەربازییەكاندا هەیە. ئێمە پێكەوە لەگەڵ ئەمریكییەكان و ئەڵمانەكان ئەوە پێشكەش بە حكومەتی هەرێم دەكەین كە بزانێت چۆن دەتوانێت پێشمەرگە بگۆڕێت".

كونسوڵی گشتی بەریتانیا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەوان چەند ئامانجێكی دیارییكراویان هەیە لە چاكسازییەكەدا و دەیانەوێت پێشمەرگە هێزێك بێت بتوانێت "بە تێچوویەكی كەم ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت و تەنها بەرامبەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرسیاربێت نەك حزبە سیاسییەكان. هەروەها تواناكانی زیاتر بێت و ببێتە هێزێكی پرۆفیشناڵ".

لەبارەی ئەوەی تا ئێستا چ هەنگاوێكی كرداریی لە چاكسازیی هێزەكانی پێشمەرگە نراوە، مارتن وار دەڵێت "گەورەترین دەستكەوت كە پێشمەرگە بەڕاوێژكاریی ئێمە ناویەتی، دانانی چوارچێوەیەكە بۆ چاكسازیی، كە ئامانجەكانی تێچووی كەمتر، بەرپرسیارێتی و توانا لەخۆدەگرێت. هاوكات هەماهەنگیی زیاتر لەخۆدەگرێت لەگەڵ هێزە عێراقییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش" وتیشی "ئێمە ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەبەرایەتییەكمان هەیە تایبەت بە چاكسازیی، واتە كۆمەڵێك هەن كە هیچ ئیشیان نییە تەنها چاودێرییكردن و خێراكردنی پڕۆسەی چاكسازییەكە نەبێت و لەلایەن خودی وەزیرەوە سەرپەرشتی دەكرێت. ئێمە هیوادارین لەگەڵ حكومەتی نوێ بتوانین ئەو پڕۆسەیە خێراتر بكەین و چاكسازییەكە لە قسە و نووسینەوە بگۆڕین بۆ كردار".

كونسوڵی بەریتانیا دان بە سەختیی پڕۆسەیەكی چاكسازیی لەو شێوەیەدا لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا دەنێت و دەڵێت "پڕۆسەیەكی وەها چەندین ساڵی دەوێت، ئەوەش شتێكی ئاساییە و ڕەنگە لە كوردستان كاتێكی زیاتریشی بوێت. 10 بۆ 15 ساڵی دەوێت، چونكە ئێمە شتێك دەگۆڕین كە زۆر ڕادیكاڵە و كلتوری پێشمەرگە زۆر قووڵ ڕەگی داكوتیوە". هاوكات چاكسازییەكەشی بە "گۆڕانێكی بنچینەیی لە پێكهاتەی هێز" لە كوردستان وەسفكرد.

كۆبوونەوەی تیمە نێودەوڵەتییەكەلەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەبارەی چاكسازیی لەناو پێشمەرگە/ 7-5-2017.

بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان زیاتر لە 200 هەزار پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستاندا هەن، هەرچەندە كونسوڵی بەریتانیا دەڵێت، ئەوان تا ئێستا بە وردیی نازانن چەند پێشـمەرگەی حەقیقی بوونیان هەیە، زۆرینەی ئەو هێزانە بەسەر هەردوو پارتی دەسەڵاتدار؛ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دابەشبوون و ڕاستەوخۆ فەرمان لە بەرپرسە حیزبییەكانەوە وەردەگرن نەك وەزارەتی پێشـمەرگە. هەرچەندە لە چەند كابینەی ڕابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی یەكسخستنەوەی هێزەكانی پێشـمەرگە لە چوارچێوەی یەك وەزارەتدا دراوە، بەڵام تا ئێستا هەموو هەوڵەكان شكستیان هێناوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئاسانە بۆ یەكێتی و پارتی دەستبەرداری هێزەكانیان ببن لە كاتێكدا ڕەنگە ئەوە لەبەرژەوەندییان نەبێت، مارتن وار ئەو خاڵە بە "دڵی" چاكسازییەكە دادەنێت و دەڵێت، ئەوە بڕیار دەدات كە چاكسازییەكە سەركەوتوو دەبێت یان نا، هەروەها دەشڵێت "بەڵام ئەوە هەر دەبێت ڕووبدات. ئەمە دەچێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەوە. دەبێت پێشمەرگە فەرمان لە حكومەتەوە وەربگرێت نەك حیزب و كەسایەتییەكان، ئەمە پێشمەرجی بەرنامەی چاكسازییەكەیە. هەر لەبەر ئەوەشە كە پڕۆسەكە سەخت دەبێت و كاتیشی دەوێت".

هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە هەر كەسێك دژی ئەو چاكسازییە بێت، "پێویستە بوەستێندرێت، هەندێكیان پێویستە سازانیان لەگەڵدا بكرێت و قایل بكرێن".

لە حاڵەتێكیشدا ئەگەر پارتە سیاسییەكان و حكومەت نەیتوانی چاكسازیی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكات، ئەوا وڵاتانی هاوپەیمانی پێشمەرگە كاردانەوەی خۆیان دەبێت.

"ئەگەر ئەوان ئەو چاكسازییە نەكەن، ئێمەش یارمەتییان پێشكەش ناكەین، ئەمریكا و ئەڵمانیاش پاڵپشتی پێشمەرگە ناكەن" مارتن وار وادەڵێت، وتیشی "نیشانەیەكی پرسیار دادەنێین، بۆچی پێویستە ئێمە پاڵپشتی پێشمەرگە بكەین؟ دەكرێت پاڵپشتیی شتێك بكەین كە لەگەڵیدا كۆك نەبین؟ ڕەنگە ئەستەم بێت بۆ من بڵێم دۆخەكە لە پێنج یان دە ساڵی داهاتوودا چۆن دەبێت. ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەو هەماهەنگییە پێشبخەین كە باسی دەكەین، زۆر سەختە وێنای ئەوە بكەین كە بەهەمان ئەندازەی ئێستا پشتیوانیی لە پێشمەرگە بكەین لە داهاتوودا".

كونسوڵی بەریتانیا جەخت لەوەش دەكاتەوە ئەوە بە مانای ئەوە نایەت كە لە حاڵەتە زۆر پێویستییەكاندا دەستبەرداری پێشمەرگە ببن، بۆ نموونە "ئەگەر داعش هاتە بەردەرگای هەولێر و حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای یارمەتیی لە ئێمە كرد، ئەو كات ئێمە دەست بەڕوویەوە نانێن و بڵێین لەبەر ئەوەی چاكسازییت لە پێشمەرگەدا نەكرد هاوكاریت ناكەین".

كارەكانی تیمی چاكسازیی بە ئامانجی دروستكردنی هێزێكی سەربازیی تۆكمەی پیشەییە بۆ پێشمەرگە. وێنە؛ پەرەگراف.

گرنگیی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان

لەبارەی گرنگیی بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەرێمی كوردستان، كونسوڵی بەریتانیا جەخت دەكاتەوە كە "تا پارتی سیاسیی هەمەجۆر و فرەڕەنگ هەبن، سیستمە سیاسییەكە باشتر دەبێت. زۆر گرنگە بۆ دیموكراسی و سیستمێكی سیاسیی تەندروست كە حكومەتێكی چالاك و ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك هەبن".

"كاتێك پارتێكی ئۆپۆزسیۆن دەچێتە حكومەتەوە، بیروڕای جیاواز لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە حكومەتەكەوە. لەناو ئەو حكومەتەدا پەرە بە گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە دەدەن، كاتێكیش گفتوگۆكان تەواو دەبن و دەگەنە دەرئەنجامێك، ئەوانیش پاڵپشتی دەكەن و هاوكاردەبن بۆ جێبەجێكردنی" مارتن وار لەبارەی چوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ ناو حكومەت وادەڵێت.

باس لەوەش دەكات "تۆ ناتوانێت لە یەك كاتدا ئۆپۆزسیۆن بیت و لەناو حكومەتیشدا بیت. ئەگەر لەناو حكومەتدا بیت و بڕیارەكانت بەدڵ نەبێت، پێویستە بەجێی بهێڵێت. چونكە ئەگەر وادەربخەیت كە ئۆپۆزسیۆن بیت كاتێك لە حكومەتدایت، ئەوا حوكمڕانی تووشی شكست دەبێت".

دیموكراسی لە كوردستان "هێشتا لاوە"

كاتێك لەبارەی بوونی دیموكراسیی ڕاستەقینە لە هەرێمی كوردستان پرسیاری لێ كرا، كونسوڵی گشتی بەریتانیا وتی "خاڵی گرنگ ئەوەیە كە لە زۆر وڵاتدا كە لایەنی سیاسیی جیاواز هەیە، وا دیارنییە كە دیموكراسی هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەكرێت هەبێت. خاڵی گرنگ و هاوسەنگیی پێویست لە كۆی سیستمەكەدا هەیە. هەروەها لێرە [هەرێمی كوردستان] خاڵی گرنگ ئەوەیە كە هێشتا دیموكراسی لاوە، لەنێوان ساڵی 1991 و ئێستا، شتی زۆر ڕووی داوە كە بەربەستی زۆری لەبەردەم دیموكراسی دروست كردووە بۆ ئەوەی سەقامگیربێت و گەشە بكات. هەندێك لەوانە دەرەكیی بوون و لادانی لێی زەحمەت بووە، هەندێكیشیان ناوخۆیی بوون و دەكرا خۆ لێ لابدرێت".

لەم خولەی پەرلەمانی كوردستانیشدا چەند فراكسیۆنێك ئۆپۆزسیۆنن. وێنە؛ پەرەگراف.

میدیای سەربەخۆ "كۆڵەكەیەكی بنچینەییە بۆ كۆمەڵگایەكی تەندروست"

بەم دواییانە، جێرمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕوانگەی خۆی بۆ گەشەسەندنی ئازادیی میدیا لە سەرتاسەری جیهاندا دەربڕی. هاوكات كونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر خاوەندارێتی لەو ڕوانگەیەكرد بۆ بەرگریكردن لە میدیای سەربەخۆ و ئازاد لە هەرێمی كوردستان.

لەو بارەیەوە مارتن وار دەڵێت "پێمانوایە میدیای سەربەخۆ كۆڵەكەیەكی بنچینەییە بۆ كۆمەڵگایەكی تەندروست، ئەوان ئەو شتانە ئاشكرا دەكەن كە ئەگەر ئەوان نەبن ڕای گشتی ئاگاداریان نابێت. وادەكەن حكومەت، خەڵك، كۆمپانیاكان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن. لە هەرێمی كوردستان میدیای سەربەخۆ یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگایەكی مۆدرێن، كراوە، شەفاف و سەركەوتوو"، هەروەها وەك ئاماژەكردنێك بۆ پەرەگراف كونسوڵی گشتی بەریتانیا وتی "ئێوە ڕۆڵێكی گرنگتان هەیە لە داهاتووی كوردستاندا".