پەرەگراف- سوركێو محەمەد
پێداگرییو دەربڕینە تووندەكانی مەسرور بارزانی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵیو ئەنجامدانی چاكسازیی، بۆ مام ئەحمەد هەروەك قسەی ساڵانی ڕابردووی دەسەڵاتدارانە، تا ئەوكاتەی بەچاوی خۆی چەند بەرپرسێكی باڵای حیزبییو حكومی دەبینێت كە لەسەر گەندەڵیی دادگایی بكرێنو سزا بدرێن.
"بۆ كەسمان بینیوە بە قسە خراپ بڵێت؟ هەموو هەر قسەی باشو قەڵەو دەكەن، بەڵام كوا ئەنجام؟ هەموو ناڵێن گەندەڵیی هەیەو دزی هەیە، ئەی كوا دزەكان؟ بۆ یاسا بۆ ئەوان نییە" مام ئەحمەد بە دەموچاوێكی تاڕادەیەك توڕەو ماندوو بەدەست تاڵییەكانی ژیانەوە بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەو 57 ساڵی تەمەنی تێپەڕاندووەو خاوەنی سێ منداڵە، لەبەر گەرمای تاقەت پڕوكێنی هاویندا لە شەقامێكی سلێمانی بەدیار عارەبانەكەیەوە دانیشتووەو چاوەڕێیە كەسێك كارێكی پێ بسپێرێت.
مام ئەحمەد، تاڵیو سەختیی ڕۆژگاری زۆر چەشتووە، بەڵام چوار ساڵی ڕابردوو لە ناخۆشترین ساتەكانی ژیانی بووە كە خراپیی دۆخی دارایی كاریگەریی لەسەر كارەكەی ئەویش دروست كردبوو، ئەوەش بەهۆی ئەو قەیرانە سەختەی كوردستانی گرتەوەو تەنانەت بووەهۆی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران تا ئاستی نیوە، ئەو وتی"حكومەت بە ئێمە چی ئەگەر ژیانو گوزەرانمان باش نەبێت؟ چ سوودێكی بۆ خەڵكی فەقیرو هەژار هەیە".
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە دوێنێ سوێندی یاسایی خوارد، بەڵێنی چاكسازییو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵیی دا ئەوەش لە پێناو چاككردنی دۆخی ژیانو خزمەتكردنی خەڵك، هەرچەندە ئەو بەڵێنە نوێ نییە، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەكە، بە جەخت كردنەوە لەبەردەم پەرلەمانتاراندا وتی ڕوبەڕوی گەندەڵی دەبێتەوەو " لەمەولا بە هیچ جۆرێك بەرامبەر بە گەندەڵكاران و سەرپێچیكەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاوڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت".
بەرنامەی كاری كابینەی نوێ كە پارتی پێكەوە لەگەڵ یەكێتیو گۆڕان دایان ناوە، بەشێكی تەرخانە بۆ چاكسازییو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، لەناویدا هۆشداریی تێدایە بۆ بەرپرسانی حكومەت كە نابێت پۆستەكانیان بۆ بازرگانیو خۆدەوڵەمەندكردن بەكاربهێننو كاری بازرگانیو وەبەرهێنانیان لێ قەدەغە دەكات.
"ئەگەر دەیەوێت چاكسازیی بكات دەبێت لە چواردەورەكەی خۆیەوە دەستپێبكات، تابتوانێت لە خەڵكی دیكەش بپرسێتەوە، بەڵام ئەوە دەكات؟ با بیبینین" مام ئەحمەد وای وت. ئەوە قسەی زۆربەی خەڵكی كوردستانە بە خوێندەوارو نەخوێندەوارەوە كە چاكسازیی دەبێت لە لوتكەوە بكرێتو لێپرسینەوە لە بەرپرسانی باڵا بكرێت.
ڕێبین عەلی گەنجێكی دانیشتووی سلێمانییەو چوار ساڵە بەشی كۆمەڵناسی تەواو كردووە، بەڵام كارێكی لە چوارچێوەی پسپۆڕییەكەی خۆیدا دەست نەكەوتووەو هەرماوەیەك خەریكی كارێكەو ئێستا شۆفێری تەكسییە.
ئەویش هاوشێوەی مام ئەحمەد متمانەی بە بەڵێنو دروشمەكانی مەسرور بارزانیو بەرنامەی كابینەكەی نییە بۆ چاكسازییو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، وتی"چاكسازیی ڕیشەیی بەوانە ناكرێت كە خۆیان هۆكاری گەندەڵیو خراپەكارییەكانن، لەبەرئەوەی ئەگەر چاكی بكەن زەرەرمەندی سەرەكی خۆیانو حیزبەكانیان دەبن".
ڕێبین پێیوابوو مەسرور بارزانی گۆڕانكارییەك دەكات، بەڵام لەئاست چاوەڕوانییەكاندا نابێت، "لانیكەم بۆئەوەی بڵێن كە ئەوهات دوای 20 حوكمڕانیی نێچیرڤانی ئامۆزای ئەمەی كردو ئەوەی كرد، خۆدەبێت شتێك بكات بۆئەوەی دوای بڵێت ئەوەم كرد، بەتایبەت لەكاتێكدا ئەو كوڕە گەورەی مەسعود بارزانییەو باوكی لەپشتیەتی، بەڵام نابێت ئەوەشمان بیربچێت لە 20 ساڵی ڕابردوودا ئەویش لە گۆڕەپانەكەدا بووەو بێ ڕۆڵ نەبووە، لانیكەم چەندین ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتی ئەمنیدایە".
ئەنجامدانی چاكسازیو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوەو بەتایبەتتر لە سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنەوە بە بەهێزیی لەساڵی 2009، بەردەوام دروشمو بنەمای زۆربەی پڕۆژەكانی حیزبو حكومەت بووە، بێ ئەوەی شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز ببێت.
هەربۆیە هەواڵەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، بۆ خەڵكی كوردستان نوێ نین، بەڵام ئەنجامی ئەو هەواڵانە دیارنینو پڕۆژەو دروشمی بەرپرسان گۆڕانكارییان لەژیانو گوزەرانی خەڵكدا نەكردووە، بۆیە ئێستا متمانە لە نێوان خەڵكو دەسەڵاتدا تەواو كاڵ بووەتەوە.
چاكسازیی بەڕادەیەك بووە بە پێویستیی بۆ كوردستان، مارتن وار، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی پەرەگرافدا ئەوەی خستە ڕوو، وڵاتەكەی هاوشانی ئەمریكاو ئەڵمانیا چیتر پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە ناكەن ئەگەر ئەو وەزارەتە پابەندنەبێت بەو چاكسازییانەی ماوەی چەند ساڵێكە لەڕیزەكانی پێشمەرگە دەستیان پێكردووە.
ئێستا پارتی وەك پێكهێنەری سەرەكی كابینەی نوێ دروشمی حكومەتێكی بەهێزو چاكسازییخوازی بەرزكردووەتەوە كە ڕوبەڕوی گەندەڵی ببێتەوە، هێشتا دیارنییە مەسرور بارزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكانی گەندەڵیو پڕۆژەكانی پێشووتر بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی دەكات بەتایبەت ئەوانەی لە سەردەمی سەرۆكایەتیی باوكیدا لیژنەیان بۆ پێكهێنرا.
مەسعود بارزانیدا(2005-2017) چەندینجار بەرنامەو پلانو پڕۆژەی بۆ چاكسازی ڕاگەیاند، دواترینیان هەنگاوەكانی مانگی شوباتی 2016 بوو كە چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ پێداچونەوە بەگشت میلاكات بەهێزە ئەمنیو سەربازیەكانەوە، نەوتو داهاتو خەرجییەكان، هەیكەلیەتی كارگێڕی حكومەت، گشت زەویە كشتوكاڵیو گەشتوگوزاریەكان، موڵكەكانی حكومەت، سیستمی وەبەرهێنان لەگەڵ ڕێكخستنەوەی تەواوی ئەو سێكتەرانە.
هەر لەو بڕیارانەدا هاتبوو، ئەو كۆمپانیایانەی بەشێوەیەكی نایاسایی دەوڵەمەند بونو لەگەندەڵیدا تێوەگلاون ئیجرائاتیان لەگەڵدا بكرێت، بەڵام دەرئەنجامەكانی ئەو بڕیارانە بۆ خەڵك دەرنەكەوتنو كەسانی گەندەڵ دیارنین، لە كاتێكدا بڕیارو هەنگاوەكانی شوباتی ساڵی 2016ی بارزانی، زۆرینەیان هەمان ئەوانە بوون كە مانگی 3ی 2011 دەریكردو چوار مانگ بۆ جێبەجێكردنیان دانرا، ئەوەش دوای 40 ڕۆژ بوو لەدەستپێكردنی خۆپیشاندانێكی بەرفراوان لەسلێمانی(17ی شوبات).
ئەوەی ساڵانی ڕابردوو كراوەو گوتراوەو سپێردراوە بە لیژنە، ئەنجامەكەی دیارنییەو بەدڵی خەڵك نییە، ماوەتەوە ڕۆژانی داهاتوو بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی، خەڵك چاوەڕوانی بە كردار كردنی بەڵێنەكانی چاكسازییو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵكارانە، تا چیتر دروشمی بێ كردار بێ متمانەیی هێندەی دیكە قووڵ نەكاتەوەو كوردستان لەو مەترسییانە دووربخرێتەوە كە گەندەڵی لەگەڵخۆیدا دەیهێنێت.