
په‌ره‌گراف
له سییه‌مین ساڵیادی تیرۆركردنی عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو و هاوڕێكانی له ڤیه‌ننا، به‌شێك له تۆماری ده‌نگیی گفتوگۆی قاسملوو و بكوژانی له شاندی ئێرانی، بڵاوده‌كرێته‌وه. هێشتا كه‌یسی تیرۆركردنی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی كورد به ته‌واونه‌كراوی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن نه‌مساوه داخراوه.
شوێن: ڤیه‌ننا، پایته‌ختی نه‌مسا.
كات: 5:30 خوله‌كی پاش نیوه‌ڕۆی 13ی حوزه‌یرانی 1989.
ڕووداو: به‌ڕێوه‌چوونی سێیه‌مین خولی گفتوگۆی نهێنیی عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی ئه‌و كاته‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و دوو هاوڕێی، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
پاش چه‌ند كاتژمێر له به‌ڕێوه‌چوونی گفتوگۆكان، له نهۆمی سێیه‌می باڵه‌خانه‌ی ژماره پێنج كه گفتوگۆكانی تێدا به‌ڕێوه ده‌چوو، دراوسێكان ده‌نگی شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ده‌بیستن. چه‌ند خوله‌كێك دواتر پیاوێك كه خه‌ڵتانی خوێن بووه، خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه له هۆش ده‌چێت. دراوسێكان ته‌له‌فۆن بۆ پۆلیس ده‌كه‌ن. پاش گه‌یشتنی پۆلیس پیاوه برینداره‌كه ده‌گه‌یه‌ندرێته نه‌خۆشخانه و هاوڕێ ئێرانییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیر ده‌كرێت.
خه‌سره‌و به‌هرامی، نوێنه‌ری ئه‌وكاتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له نه‌مسا، له كاتی ڕووداوه‌كه‌دا له ڤیه‌ننا ده‌بێت. بیستنی هه‌واڵی تیرۆركردنی چه‌ند كه‌سێك له نزیكی هۆتێل هامڵتۆنی ڤییه‌نا، به‌هرامی نیگه‌ران ده‌كات و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته شوێنی ڕووداوه‌كه.
پاش 30 ساڵ له‌و ڕووداوه، له‌باره‌ی چركه‌ساتی گه‌یشتنی بۆ شوێنی تیرۆركردنی قاسملوو و هاوڕێكانی، خه‌سره‌و به‌هرامی بۆ بی بی سی ده‌ڵێت "كه قهرهباڵخییهكهم بینی، خێرا چوومه لای پۆلیس و وتم دوو سیاسه‌تمه‌داری كورد میوانی منن به ناوه‌كانی عهدولڕهحمان قاسملوو و عه‌بدوڵڵای قادری ئازه‌ر، ئێستا ده‌ڵێن لێره‌دا تیرۆر كراون! پۆلیسه‌كه وتی: به‌ڵێ، به داخه‌وه سێ كه‌س لێره تیرۆر كراون".
گفتوگۆكان چۆن ده‌ستیان پێ كرد؟
دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له مردنی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی، ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری سه‌حراروودی په‌یامێك بۆ قاسملوو ده‌نێرێت. له په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت "ئه‌كبه‌ر هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی (سه‌رۆككۆماری ئه‌و كاته‌ی ئێران)، ده‌یه‌وێت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد تواناكانی خۆی له دوای مه‌رگی خومه‌ینی نیشان بدات".
جگه له‌وه‌ی قاسملوو باوه‌ڕی ته‌واوی به گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له ئێران هه‌بوو، جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یه‌كێتیی نیشتمانی و ئه‌حمه‌د بن بیللا سه‌رۆككۆماری جه‌زائیر، هه‌ردووكیان هاوڕێی نزیكی قاسملوو بوون و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ ئێرانیش هه‌بوو. بی بی سی ده‌ڵێت گفتوگۆكانی نێوان ئێران و سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكرات به "پێشنیاری تاڵه‌بانی و پشتیوانیی بن بیللا" ده‌ستی پێ كرد.
شاندی دیموكرات له سێ كه‌س پێكهاتبوون (عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران - عه‌بدوڵڵا قادری ئازه‌ر، نوێنه‌ری دیموكرات له پاریس - فازیل ڕه‌سووڵ، كوردی باشووری كوردستان و ڕێكخه‌ری گفتوگۆكان له نێوان هه‌ردوولا).
شاندی ئێرانی پێكهاتبوون له (محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری سه‌حراروودی، سه‌رۆكی شانده‌كه - مسته‌فا ئاجوودی مسته‌فه‌وی و غه‌فوور ده‌رجه‌زی كه به پاسپۆرتێكی ساخته‌وه به ناوی ئه‌میر مه‌نسوور بزورگیان ئه‌سڵ سه‌فه‌ری بۆ نه‌مسا كردبوو، ئه‌ندامی شانده‌كه بوون).
خولی یه‌كه‌می گفتوگۆكان له 30 و 31ی كانوونی یه‌كه‌می 1988 به‌ڕێوه چووه، به‌ڵام ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نەبوو. خولی دووه‌می گفتوگۆكان له 19ی كانوونی دووه‌می 1989 ده‌ستی پێ كردووه. له‌م دوو خوله‌ی گفتوگۆكاندا جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یه‌كێتیی نیشتمانی به‌شداریی كردووه.
له مانگی ئازاری 1989 شاندی ئێرانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ڤیه‌ننا و په‌یوه‌ندی به عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به گفتوگۆكان بده‌ن، به‌ڵام قاسملوو كه پێی وا بووه گفتوگۆكان ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆیان لێ ناكه‌وێته‌وه، پێشنیاری كردووه كه له‌بریی خۆی سادقی شه‌ره‌فكه‌ندیی جێگری به‌شداریی گفتوگۆكان بكات، به‌ڵام ئه‌وان ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن جگه له قاسملوو دانوستان له‌گه‌ڵ كه‌سی دیكه ناكه‌ن.
دواجار قاسملوو به ئه‌نجامدانی خولی سێیه‌می گفتوگۆكان ڕازی ده‌بێت و له ڕۆژی 13-7-1989 له كاتژمێر 3ی پاش نیوه‌ڕۆ قاسملوو و عه‌بدوڵڵا قادری ئازه‌ر ده‌چنه شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه كه ماڵی فازیڵ ڕه‌سووڵی ئه‌ندامی شانده‌كه‌یان بووه. به‌ر له ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ، قاسملوو ئه‌حمه‌د بن بیللای سه‌رۆككۆماری پێشووی جه‌زائیری بینیوه و دواتر بن بیللا ڕۆیشتووه.
پاش هاتنی شاندی ئێران، له كاتژمێر 5:30 خوله‌كی ئێواره گفتوگۆ ده‌ستی پێ كردووه. دوای گفتوگۆیه‌كی دوو بۆ سێ كاتژمێری، به هیچ ئه‌نجامێك ناگه‌ن، هه‌ر بۆیه وه‌كو له تۆماره ده‌نگییه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه، قاسملوو به‌شاندی ئێرانی ده‌ڵێت با گفتوگۆكان بۆ سبه‌ینێ هه‌ڵبگرن. پاش كه‌مێك له‌و قسه‌یه‌ی قاسملوو، ته‌قه ده‌ست پێ ده‌كات كه له تۆماره ده‌نگییه‌كه‌دا ده‌بیسرێت.
عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو - عه‌بدوڵڵا قادری ئازه‌ر
فازیل ڕەسووڵ و ئەحمەد بن بیللای سەرۆکكۆماری جەزائیر
فازیل ڕەسووڵ و جەلال تاڵه‌بانی
غه‌فوور ده‌رجه‌زی
درێژه‌ی ڕووداوی تیرۆركردنه‌كه
پاش گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه برینداره‌ی له شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه هاته ده‌ره‌وه بۆ نه‌خۆشخانه و هاوڕێ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ی بۆ به‌ندیخانه، خه‌سره‌وی ڕۆسته‌می، نوێنه‌ری دیموكرات له نه‌مسا، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌برێت بۆ ناسینه‌وه‌یان.
به‌هرامی ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ پۆلیس چوومه نه‌خۆشخانه‌ی ناوچه‌ی 14ی ڤیه‌ننا، بینیم كه‌سێك كه نه‌مده‌ناسی، شوێنی فیشه‌ك به باڵ و شانیه‌وه بوو، هێشتا به هۆش نه‌هاتبووه‌وه. دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له نه‌خۆشخانه، له نیوه‌شه‌ودا پۆلیس منیان برده به‌ندیخانه، له‌وێ ڕووبه‌ڕووی كه‌سێك كرامه‌وه كه به په‌شۆكاوی به‌ره‌و ڕووی من هات و وتی: تۆ ئێرانیت؟ منیش به بێ ئه‌وه‌ی پێشتر بینیبێتم و بیناسم، خێرا وتم: تۆ بكوژی دكتۆر قاسملوویت. دواتر پۆلیس ئێمه‌ی له یه‌كتر دوورخسته‌وه".
محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری سه‌حراروودی به برینداری له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ڤیه‌ننا
نوێنه‌ره‌كه‌ی دیموكرات له ڤیه‌ننا له‌باره‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و دوو كه‌سه‌وه ده‌ڵێت "سبه‌ینێ كه وێنه‌كانم له ڕۆژنامه‌كانی نه‌مسادا بینی، ده‌ركه‌وت كه ئه‌و كه‌سه‌ی له نه‌خۆشخانه بینیومه (جه‌عفه‌ری سه‌حراروودی) بووه و ئه‌و كه‌سه‌ش له به‌ندیخانه بینیم (ئه‌میر مه‌نسوور بزورگیان) بووه كه ناوی ڕاسته‌قینه‌ی غه‌فوور دهرجهزییه (دوو له بكوژانی قاسملوو و هاوڕێكانی)".
كه‌سی سێیه‌می شانده ئێرانییه‌كه كه مسته‌فا مسته‌فه‌وی بووه، هه‌ڵاتووه و نه‌توانراوه ده‌ستگیر بكرێت.
قاسملوو له گفتوگۆكاندا چی ده‌ڵێت؟
قاسملوو به شێوه‌یه‌كی نهێنی گفتوگۆكانی تۆمار كردووه و كاسێتی تۆماره ده‌نگییه‌كان له ده‌ستی پۆلیسی نه‌مسادایه. بی بی سی ده‌ستی به‌و تۆماره ده‌نگییانه گه‌یشتووه و به‌شێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه.
"كاتێك كه ئۆتۆنۆمی ده‌سته‌به‌ر كرا و جێگیر بوو، ئێمه ئه‌و كاته به‌شێكین له‌م وڵاته (ئێران)" ئه‌وه یه‌كه‌م قسه‌ی قاسملووه كه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئۆتۆنۆمی كه داواكاریی سه‌ره‌كیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووه، قاسملوو له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌و خواسته‌ی ئێمه جێبه‌جێ بكرێت، بچووكترین زیان به وڵاتی ئێران و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی ناگه‌یه‌نێت. ئه‌گه‌ر ئۆتۆنۆمی بۆ كورده‌كانی ئێران مسۆگه‌ر بكرێت، كورده‌كانی توركیا و عێراقیش به‌ره‌و لایه‌نگری بۆ ئێران ڕاده‌كێشێت".
وه‌كو له تۆماره ده‌نگییه‌كه‌دا هه‌یه، چه‌ند خوله‌كێك به‌ر له تیرۆركردنی قاسملوو و هاوڕێكانی، جه‌عفه‌ری سه‌حراروودی، سه‌رۆكی شاندی ئێران ده‌ڵێت "خۆشبه‌ختانه به په‌یامی كۆتایی وه‌سیه‌تنامه‌ی حه‌زره‌تی ئیمام (خومه‌ینی)، بابه‌ته‌كه زیاتر ڕوون بووه‌ته‌وه. ئه‌م هه‌وڵه پشتیوانییه‌كی جیدی ده‌كرێت".
قاسملوو كه به داواكاری و ئاماده‌كاریی ته‌واوه چووبووه ناو كۆبوونه‌وه‌كه، ده‌ڵێت "نه‌وه‌ی ئێمه، نه‌وه‌ی دیموكراسی و ئۆتۆنۆمییه، ئه‌گه‌ر یه‌كێك سبه‌ینێ بیه‌وێت ئازادی بۆ كوردستان به‌ده‌ست بهێنێت، یان سۆسیالیزم بۆ كوردستان دروست بكات، ئه‌و كاته من به‌رپرسیار نیم".
قاسملوو ده‌شڵێت "ئێوه ده‌زانن ئه‌گه‌ر كه‌سێك له مه‌یدانه‌كه‌دا مابێت، ته‌نیا ئێمه‌ین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه شه‌ڕ ده‌كه‌ین، واقیعبینانه پرسه‌كان شیدهكهینهوه و هه‌ڵده‌سه‌نگێنین".
تاڵه‌بانی به چ پاساوێك له گفتوگۆكان دوورخرایه‌وه؟
جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یه‌كێتیی نیشتمانی، له دانیشتنی یه‌كه‌مدا به‌شداریی كردووه، به‌ڵام له تۆماره ده‌نگییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه لایه‌نی ئێرانی نایانه‌وێت تاڵه‌بانی له دانیشتنه‌كانی دواتردا به‌شداری بكات، بۆ ئه‌وه‌ش پاساوێك ده‌خه‌نه ڕوو.
وه‌كو له تۆماره ده‌نگییه‌كه‌دا هه‌یه، سه‌رۆكی شانده‌كه‌ی ئێران به قاسملوو ده‌ڵێت "به‌و ڕۆحییه‌ته‌وه كه جه‌نابی تاڵه‌بانی هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر به‌شدار نه‌بێت باشتره. به سه‌رنجدان له ڕۆحییه‌ت و ئه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه ده‌یزانین، ڕه‌نگه نه‌توانێت نهێنیی گفتوگۆكان بپارێزێت".
خه‌سره‌وی ڕۆسته‌می، نوێنه‌ری ئه‌و كاته‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له نه‌مسا، ده‌ڵێت "له خولی یه‌كه‌می گفتوگۆكاندا ده‌نگۆ بڵاو بووه‌وه كه حیزبی دیموكرات له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی گفتوكۆ ده‌كات. نوێنه‌رانی ئێران وتیان ئه‌مه له‌لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه ئاشكرا كراوه".
هاوكات به‌هرامی وتیشی "تاڵه‌بانی له دانیشتنی یه‌كه‌مدا پاسه‌وانی هه‌بووه و پارێزگاریی له دانیشتنه‌كه كردووه، تیرۆركردنی تاڵه‌بانی كارێكی ئاسان نه‌بوو بۆ ئه‌وان".
به‌پێی زانیارییه‌كان تاڵه‌بانی سێ پێشمه‌رگه‌ی له‌گه‌ڵدا بووه، كه دوانیان له ده‌ره‌وه و ئه‌وی دیكه‌یان له ژووره‌وه پاسه‌وان بوون. مانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له گفتوگۆكانی داهاتوودا به‌و شێوه‌یه، ڕێگر بووه له‌به‌رده‌م ئێرانییه‌كاندا، بۆیه هه‌وڵیان داوه به هه‌ر نرخێك بێت له گفتگۆكان دووری بخه‌نه‌وه.
عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو - جه‌لال تاڵه‌بانی
بۆچی نه‌مسا بكوژه‌كانی ئازاد كرد؟
پیته‌ر پیرلز، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی نه‌مسا، كه یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی ئاگاداری دۆسیه‌ی تیرۆركردنی قاسملوو و هاوڕێكانیه‌تی، هه‌روه‌ها له‌و ڕووه‌وه هاوكاریی كورده‌كانی كردووه، ده‌ڵێت "له پێنج خوله‌كی یه‌كه‌می ڕووداوه‌كه‌دا بۆ پۆلیسی نه‌مسا ڕوون بووه‌وه كه تیرۆری سیاسی بووه. به لای كه‌مه‌وه دوو له بكوژه‌كان ده‌ستگیر كرابوون".
وه‌كو ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت "هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی ڕووداوه‌كه‌وه ده‌وڵه‌تی نه‌مسا كه‌وته دووڕیانی ئه‌وه‌ی كه دادپه‌روه‌ری پەیڕه‌و بكات، یان بیانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ تاران؟".
دواتر نه‌مسا ڕێگه‌ی به محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری سه‌حراروودی و غه‌فووری ده‌رجه‌زی دا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ تاران. دوای دوو مانگ له گه‌ڕانه‌وه‌یان، ئینجا دادگای ڤیه‌ننا فه‌رمانی قه‌ده‌غه‌ی چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو كه‌سه له وڵاته‌كه‌ی ده‌رده‌كات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای پێشوو و ئێستای نه‌مسا، ئاماده نین قسه له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه بكه‌ن، به‌ڵام پیته‌ر پیرلز ده‌ڵێت "به‌رپرسانی باڵای ئه‌و كاته‌ی نه‌مسا پێیان وا بووه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی گه‌وره‌ی بۆ وڵاته‌كه‌یان تێدایه".
هه‌ندێك ده‌ڵێن ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی له نه‌مسا كردووه به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه ئازاد نه‌كات، ئه‌وا ناتوانێ ئاسایشی هاووڵاتییه نه‌مساییه‌كان له وڵاته‌كه‌ی بپارێزێت، له‌گه‌ڵ چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی دیكه.
بكوژانی قاسملوو له‌كوێن و چی ده‌كه‌ن؟
دوو له‌و كه‌سانه‌ی قاسملوو و هاوڕێكانیان تیرۆر كرد، پاش گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران له چه‌ندین پۆستی هه‌ستیاردا دانراون.
زانیاری پێویست له‌باره‌ی مسته‌فا مسته‌فه‌وی له‌به‌رده‌ستدا نییه.
محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراروودی، یه‌كێكه له فهرمانهدهكانی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران. پێشتر یاریده‌ده‌ری ئاسایشی ناوخۆی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بووه. ئه‌ندامی تیمی دانوستان بووه له سه‌رده‌می عه‌لی لاریجانیدا. ئێستاش به‌رپرسی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێرانه.
غه‌فووری ده‌رجه‌زی، دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر ناوی له ڕۆژنامه‌كاندا ده‌ركه‌وته‌وه، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌ی عه‌لی دایی له ڕاهێنه‌ریی یانه‌ی تۆپی پێی سایپا دوورخرایه‌وه و ده‌رجه‌زی خرایه شوێنی كه ئێستا ناوی مسته‌فا موده‌بیری له خۆی ناوه.
عه‌لی دایی وتی "من كه‌سێك به ناوی مسته‌فا موده‌بیر ناناسم. هێنده‌ی من ئه‌و بناسم له كاتێكه‌وه كه به‌رپرسی پاراستنی (صدا و سیما)ی ئێران بووه، ناوی غه‌فووری ده‌رجه‌زی بووه".
ده‌رجه‌زی له 30 ساڵی ڕابردوودا به ناوی جیاوازه‌وه چه‌ندین پۆستی وه‌رگرتووه. له‌وانه (فه‌رمانده‌ی به‌شی چالاكیی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، به‌رپرسی پاراستنی (صدا و سیما)، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای سایپا و سه‌رپه‌رشتیاری یانه‌ی تۆپی پێی سایپا).
غه‌فووری ده‌رجه‌زی
قاسملوو پێی وابوو گفتوگۆ ڕێگه‌چاره‌ی كێشه‌ی كورده له ئێران‌دا. هه‌ر ئه‌م بۆچوونه ئه‌وی بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ په‌لكێش كرد، ئه‌و گفتوگۆیه‌ی كه تاكه ئه‌نجامی كۆتاییهێنان به ژیانی خۆی بوو.
له سی ساڵی ڕابردوودا حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هه‌وڵی زۆری داوه تا دووباره دۆسیه‌كه له دادگاكانی نه‌مسا بكاته‌وه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتووه نه‌بووه. له‌سه‌ر ئاستی تاك زۆر سیاسی پشتگیری له پرسه‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ئاستی حیزب و حكوومه‌تی نه‌مسادا وه‌ڵامی ئه‌رێنی بۆ ئه‌و بابه‌ته نییه.
گۆڕی قاسملوو