وردەكاریی تیرۆركردنی شەرەفكەندی و هاوڕێكانی

ڕزگاربوویەك ساتەكانی ئەو ڕووداوە دەگێڕێتەوە
17-09-2019 08:30
دوكتۆر سادقی شەرەفكەندی

نووسینی: پەروێزی دەسماڵچی- چالاكوان و ڕزگاربووی ڕووداوەكە

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: سەڵاح سالار

سەرچاوە: بی بی سی فارسی

"لە دەرگای نێوان دوو داڵانەكەوە كەسێك هاتە ژوورەوە...، سەرەتا تەنیا پێیەكانیم بینی و وامزانی ئەویش لە بانگهێشتكراوەكانە، ئینجا سەرم بەرزكردەوە بۆ سەرەوە، تەماشای باڵای ئەوم كرد تا بزانم كێیە، ئەوەی كە ئێستا دەینووسم تەنیا یەك ساتە، ڕووداوێكی چەند چركەییە كە دەبوو ئێستا كەسێكی دی باسی منی كردبا"

دەستەیەك لە حزبی دیموكرای كوردستانی ئێران، كە پێكهاتبوون لە: دوكتۆر سادقی شەرەفكەندی، سكرتێری گشتی حزب و فەتاحی عەبدوولی، نوێنەری حزبی دیموكرات لە ئەوروپا، هومایۆنی ئەردەڵان، نوێنەری حزب لە ئەڵمانیا، لە ڕۆژانی 14 ـ 17ی سێپتەمبەری 1992 لە وڵاتی ئەڵمانیا میوانی كۆنگرەی جیهانیی حزبە سۆسیالیستەكان و سۆسیال دیموكراتەكان بوون، كە لە شاری بەرلین بەڕێوە دەچوو. لەسەر خواستی دوكتۆر شەرەفكەندی بڕیار درا كۆبوونەوەیەك بۆ دەستەیەك لە نەیارانی ئێران لە شاری بەرلین ئەنجام بدرێت.

ئامانج لەو كۆبوونەوەیە ئەوەبوو گفتوگۆ بكرێت دەربارەی بارودۆخی ئێران و كوردستان و ڕەوشی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی ئێران. نووری دێهكوردی، ئەركی بەڕێوەبردنی ئەو كۆبوونەوەیەی كەوتە ئەستۆ، بەڵام چونكە خۆی لە ڕۆژانی كۆنگرەی سۆسیالیستەكان بەردەوام لەتەك وەفدەكەدا بوو، بۆیە تكای لە خاوەنی چێشتخانەی (میكۆنووس) عەزیزی هەیبەت غەفاری كرد، ئەو، كات و شوێنی كۆبوونەوەكە بە هەموو كەسەكان بگەیەنێت.

(نووری دێهكوردی، چالاكوانێكی چەپی سەربەخۆی ئێرانی بوو، لە شاری بەرلین دادەنیشت و لە دۆستە هەرە نزیكەكانی دوكتۆر قاسملوو و پاشانیش دوكتۆر شەرەفكەندی بوو، چەندین ساڵ بە ناوی خوازراوی حسێنی ئەحمەدی لە كوردستانی ئێران لە دەوری حزبی دیموكرات چالاكیی هەبوو). من عەسری ڕۆژی چوارشەممە 16ی سێپتەمبەری 1992، لەسەر كار گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، لەسەر تەلەفۆنەكەم پەیامێكم بۆ جێهێڵرابوو لەلایەن ئاغای عەزیزی غەفارییەوە، كە كۆبوونەوە هاوبەشەكە لەگەڵ نوێنەرانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، شەوی هەینی، سەعات حەوت و نیو لە چێشتخانەی (میكۆنووس) دەست پێدەكات.

هەمان شەوی چوارشەممە ڕۆشتم بۆ ڕیستۆرانتەكە و دڵنیاییم لە بارەی كات و شوێنی كۆبوونەوەكە وەرگرت. پێنجشەممە 17ی سێپتمبەر، نزیكەی سەعات حەوت و پەنجا دەقیقەی ئێوارە تەلەفۆنی ماڵەوە زەنگی لێدا، نووری دێهكوردی بوو، ئەوان لە دەوروبەری ڕێستۆرانتی میكۆنووسن و كەسە بانگهێشتكراوەكان نەهاتوون، پێشتر ئەو بە عەزیزی غەفاری وتبوو شەوی پێنجشەممە و ئەویش بە شەوی هەینی حاڵی بووبوو بۆیە شەوی هەینی بە بانگهێشتكراوان ڕاگەیاندبوو. ئەو تكای لە من كرد خێرا بڕۆم بۆ ئەوێ و لەو ماوەیەدا سەرجەم بانگهێشتكراوانی ئاگادار كردبووەوە و منیش ڕۆشتم. كاتێك گەشتمە ئەوێ، جگە لە وەفدە بانگهێشتكراوەكە و نووری دێهكوردی، كەسی دیكەی لێ نەبوو.

من لە تەنیشت فەتاحی عەبدوولی و دەستی ڕاستی ئەو، بەرانبەر بە دێهكوردی و شەرەفكەندی دانیشتم، عەزیزی غەفاری، خاوەنی ڕێستۆرانتەكە لە هاتوچۆو پێشوازی میوانەكاندا بوو، ئەو شەوە ئەو نە چێشتی هەبوو، نە شاگرد(گارسۆن). پاش من، مەسعوودی میر ڕاشد هات و لە تەنیشتمەوە لە دەستە ڕاست دانیشت، ئەو لە بانگهێشتكراوان نەبوو، بە هەڵكەوت هاتبووە ئەوێ و لەسەر داوای نووری لەسەر مێزەكە دانیشت، پاشان مەهدی ئیبراهیمزادە هات، كە بانگكراوبوو، لەسەر خواستی خۆمان بەرانبەر بە ئێمە و لە دەستە ڕاستی شەرەفكەندییەوە دانیشت، لای دەستی چەپی شەرەفكەندی نووری دێهكوردی بوو ڕێك بەرانبەر بە من، بۆ ئەوەی زۆر بڵاو نەبینەوە بە دەوری یەك و بە نزیكییەوە دانیشتبووین، دواتر ئەسفەندیاری سادقزادە هات، ئەویش بانگهێشت نەكرابوو، هەر بە ڕێكەوت هاتبووە ئەوێ و لەسەر داواكاری نووری ئەویش هات و لە بەرانبەری مەسعوودی میر ڕاشد و لە دەستەچەپی مەهدی ئیبراهیمزادەوە دانیشت.

ئەوكاتەی كە هاتم، باسوخواسیان بوو لەسەر كاتی كۆبوونەوەكە، كە كێ ئەم هەڵەیەی لە وادەی كۆبوونەوەكەدا كردووە؟ شەرەفكەندی دەیگوت من شەوی هەینی پێم ناكرێت، چوون ڕۆژی هەینی كاتی گەڕانەوەم هەیە لە فڕۆكەخانە، نوورییش بۆ جەختكردنەوە لە قسەكەی شەرەفكەندی دەیوت من وتم: شەوی پێنجشەممە. عەزیزی غەفارییش دڵنیابوو لەوەی ئەوان هەڵەیان كردووەو بەویان وتووە شەوی هەینی، بەهەرحاڵ نەگەشتنە دەرئەنجامێك و باسەكە هەر بە لێڵی مایەوە، باس هاتە سەر باسی تیرۆرەكانی لەندەن و ڤیەننا و پاریس، شەرەفكەندی دەیوت "ئەگەر ئەوان(كۆماری ئیسلامیی ئێران) بیانەوێت كەسێك تیرۆر كەن، دەیكەن، ئێمە ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی تەواو بەهێز بووینەتەوە، بۆتان بگێڕمەوە كە ڕۆژێك لە یەكێك لە كێوەكانی كوردستان، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكدا دانیشتبووین، باس هەتە سەر مەرگ و ژیان، یەكێك لە پێشمەرگەكان لە جێی خۆی هەستا و بازی دایە سەر تەپۆڵكەیەكی بچووك، لەو پەڕییەوە بۆ ئەولاتر، ڕووی لە من(شەرەفكەندی) كرد و وتی: كاك سەعید(سەعیدی شەرەفكەندی، نازناوی سادقی شەرەفكەندی) بوو، نێوانی مەرگ و ژیان تەنیا ئەوەندەیە".

نزیكەی سەعات دە و نیو نانی ئێوارە ئامادەكرا، سەعات نزیكەی 10 دەقیقەی دەویست بۆ یازدەی شەو، ئێمە سەرقاڵی نانخواردن و باسوخواسی ئێران و كوردستان بووین، من بەرانبەر بە دكتۆر شەرەفكەندی و ئەوانەی لای چەپم قسەم دەكرد، مەسعوودی میر ڕاشد لای ڕاستمەوە دەستیكرد بە ئاخاوتن و گفتوگۆكەی من و دوكتۆر شەرەفكەندی بچڕاند، من ئاوڕمدایەوە بۆ مەسعوود تا بزانم چی دەڵێت. لەمكاتەدا لە دەرگای نێوان دوو داڵانەكەوە كەسێك هاتە ژوورەوە، هاتە پشتی مەسعوودەوە و لە نێوانی من و ئەودا ڕاوەستا، من چونكە دانیشتبووم و چاوم لەسەر مەسعوود بوو، سەرەتا تەنیا پێیەكانیم بینی و وامزانی ئەویش لە بانگهێشتكراوەكانە، ئینجا سەرم بەرزكردەوە بۆ سەرەوە، تەماشای باڵای ئەوم كرد تا بزانم كێیە، ئەوەی كە ئێستا دەینووسم تەنیا یەك ساتە، ڕووداوێكی چەند چركەییە كە دەبوو ئێستا كەسێكی دی باسی منی كردبا. وەختێك چاوی من پەڕییە سەر ڕووخساری ئەو، ئەویش سەیری منی دەكرد، كە ڕەنگە یەك چاو تروكاندن بێت، ڕەشاشێكی دەرهێنا و دەستی بە گوللەبارانكردنمان كرد، سەرەتا سێ قەباغی فیشەكم بینی كە وامهاتە پێشچاو كە دەستەسڕێكی لە ڕەشاشەكەیەوە پێچاوبوو، بەڵام دوایی دەركەوت فیشەكەكانی لە جانتایەكی وەرزشییدا قایم كردبوو، هەمان كات و سات چاوم چووە سەر ڕەشاش بەدەستەكە، خوار چاوەكانی داپۆشی بوو، لەوكاتەدا وام بە خەیاڵدا هات كە چاوەكانی بە دەستەسڕ پێچاون، كەچی دوایی بۆمان دەركەوت لە یەخەیەوە تا چاوی داپۆشرابوو، ئەوكاتە بەبێ ئەوەی دەرفەتی بیركردنەوەم هەبێت، لە خۆوە خۆم هاویشتە ژێر مێزەكەوە و بەسەر ڕوودا خۆم دا بە زەوییدا، هەر پاش چەند چركەیەك فەتاحی عەبدوولی، كە لە دەستەچەپمەوەبوو كەوتە ژێر هەمان مێزی كە منی تێكەوتبووم، ئەو كە بە چەند چركەیەك درەنگتر لە من خۆی هاویشتە ژێر مێزەكەوە، لەو كاتەدا فیشەك بەر دڵی كەوت و دەمی پڕ بوو لە خوێن و ئیتر هەناسەی نەكێشا، منیش بەرانبەر بەو لەسەر سك كەوتبووم و جووڵەم لەخۆم بڕیبوو.

دوو دەستڕێژ فیشەكی ڕەشاش تەقی و ئیتر بێدەنگ بوو، ئیتر بەبێ ئەوەی جووڵە بكەم تەنیا ویستم بزانم چی بكەم، ئایا هەستمەوە یان نا؟ لەو ژێر مێزەوە چاوم بڕییە شوێنی ڕەشاش بەدەستەكە تا بزانم لەوێ ماوە یاخود ڕۆشتووە؟ لەوكاتەدا دەستە ڕەشپۆشەكەیم بینی كە بە دەمانچەوە چووبووە سەر شەرەفكەندی و دوا فیشەكی پێوەدەنا تا تەواو بیكوژێت.

لەو ڕەنگە ڕەشەی دەمانچەكەوە تێگەیشتم ئەوە كەسی دووەمە، چوون كەسی یەكەم كە ڕەشاش بەدەستەكەبوو، بەرگی ڕەشی نەپۆشیبوو. لەو كاتەشدا هومایۆنی ئەردەڵان، كە بە دوو فیشەك بریندار كرابوو، بێهۆش بووبوو، هۆشی هاتەوەو بێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت سەری بەرزكردەوە، فیشەك تەقێنەری كۆتایی ڕووەو ئەو ڕۆشت و گولـلەیەكی نا بە سەرییەوەو كوشتی، هات بە خەیاڵمدا كە ئەو دانەدانە بە فیشەك هەموومان بەتەواوی دەكوژێت، هاتە سەر فەتاحی عەبدوولی كە لە تەنیشتمەوە كەوتبوو و بە فیشەكەكەی كە بەر دڵی كەوتبوو مردبوو، یەك فیشەكی دیكەی پێوە نا و ئینجا ڕووی چەكەكەی كردە ناوچاوانی من و هیچی لێ دەرنەچوو.

ئیتر پیاوكوژە لێزانەكان جێگەی تیرۆركردنەكەیان بەجێهیشت و هەڵاتن. دوای چەند ساتێك گوێم لە دەنگی ئیبراهیمزادە بوو كە ناوی هەندێكمانی دەهێنا و بە دەنگی بەرز بانگی دەكردین، منی بانگ كرد، هەستام و ڕۆشتم بۆلای تەلەفۆنەكە تا پۆلیس ئاگادار بكەمەوە، تاكە مشتەری هەمیشەیی ئەڵمانیی ڕێستۆرانتەكە(پیپ) وتی: ئاگادار كراون. گەڕامەوە بۆ دواوە، دوكتۆر سادقی شەرەفكەندی و فەتاحی عەبدوولی و هومایۆنی ئەردەڵان هەرسێكیان كوژرابوون، نووری دێهكوردی كەوتبوو بەسەر مێزەكەدا و سەری بەسەر پەرداخە شەرابەكەدا شۆڕش بووبووەوەو پەرداخە شەرابەكە پڕبوو بوو لە خوێن، هێشتا هەناسەی دەدا و لرخەلرخی هەناسەدانی بوو، بەتەواوی بەرۆكی لە خوێن هەڵكێشرابوو، ڕووە و ئەو ڕۆشتم تا هاوكاری بكەم، دەستم برد تا بیسڕووێنم، كەچی خێرا دەستم كیِشایەوەو خۆشم نەمزانی بۆچی؟ خاوەنی ڕێستۆرانتەكە، عەزیزی غەفاری دوو فیشەكی بەركەوتبوو، دانەیەك بەر قاچی و ئەوی دییش بەر سكی كەوتبوو. پاش چەند خولەكێك پۆلیس و پیاوانی یارمەتییە سەرەتاییەكان هاتنە شوێنی تیرۆرەكە، دەستبەجێ نووری و عەزیزیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە.

گواستنەوەی تەرمەكان و لێكۆڵینەوە دەستی پێكرد، پاش سەعاتێك تا دوو سەعات پرسیار و وەڵامدانەوە، منیان بۆ بنكەی پۆلیسی بەرلین گواستەوە، نزیكەی دوو سەعاتێك پرسیاركردن لە من دەستی پێكردبوو، كە لێكۆڵەرەكە بۆ پشوویەك ڕۆشتە دەرەوەو پاش چەند خولەكێك هاتەوەو وتی نووری دێهكوردییش گیانی سپارد.

پاشخان

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ـ لە 16ی ئابی 1945 لە شاری مەهاباد بە سەرۆكایەتی پێشەوای شەهید قازی محەمەد دامەزرا.

ـ سەرۆكی یەكەم: قازی محەمەد.

ـ سەرۆكی دووەم: عەبدوڵا ئیسحاق (ئەحمەد تۆفیق)، بەعس بێسەروشوێنیان كرد.

ـ سەرۆكی سێیەم: دوكتۆر عەبدوڕڕەحمان قاسملوو (1931ـ 1989).

سەرۆكی چوارەم: دوكتۆر سادقی شەرەفكەندی (1938 ـ 1992).

حزبی دیموكرات سەرۆكەكانی ڕابوردووی هەموو شەهیدكراون، پێشەوا قازی محەمەد لە 30ی ئازاری 1947 لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد لەلایەن حكومەتی شاهەنشای ئێرانەوە لە سێدارە درا.
عەدبوڵڵا ئیسحاقی ساڵی 1973 ڕژێمی بەعس بێسەروشوێنیان كرد و تا ئێستا تەرمەكەشی نەدۆزراوەتەوە.

دكتۆر قاسملوو لە 13ی تەمووزی 1989 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا تیرۆر كرا.

دكتۆر سادقی شەرەفكەندی لە 17ی سێپتەمبەری 1992 لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا لەلایەن حكومەتی تارانەوە تیرۆر كرا.

دكتۆر شەرەفكەندی ناوی تەواوی ساد‌ق شەرەفكەندییە و نازناوی دوكتۆر سەعید شەرەفكەندی بووە، ساڵی ‌1938 ‌لە گوندی‌ تەرەغەی‌ بۆكان لە دایك بووە.

برابچووكی شاعیر و وەرگێڕی بەناوبانگی كورد مامۆستا هەژاری موكریانییە.

ساڵی 1959 لە تاران بەكالۆریۆسی لە كیمیادا وەرگرتووە.

ساڵی 1964 لە شارەكانی ورمێ و مەهاباد بووە بە مامۆستا.

ساڵی 1989 پاش تیرۆركردنی دوكتۆر قاسملوو بووەتە سكرتێری گشتی حزب.