"دۆستەكەی كورد" لە گێژاودایە؛ پارتی و یەكێتیی دەست لە عەبدولمەهدی بەردەدەن؟

30-10-2019 10:55
عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق. وێنە/ سوركێو محەمەد- پەرەگراف


پەرەگراف– هەڤاڵ زەنگەنە

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق وەك "دۆستی كورد" و تێگەیشتوو لە هەموو لێپرسراوانی پێش خۆی ناودەبرێت بەرانبەر هەرێمی كوردستان؛ بۆیە هێشتا ئامادەنین دەستبەرداری ببن، لە كاتێكدا كەوتۆتە نێو گێژاوی ململانێیەكان و فشاری زۆری لەسەرە تا دەستلەكار بكێشێتەوە.

هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دەستبەكاربونەوەی عەبدولمەهدی، پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا بەرەو ئاسایی بونەوە بردووە، مانگانە موچە دەنێردرێت و لە دانوستانیشدابون تا هەولێر نەوتەكەی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات.

لە ئێستادا تەواوی دانوستانەكان ڕاگیراون، لە نێویاندا گفتوگۆی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا، چونكە ناوەند سەرقاڵە بە خۆپیشاندانی ناڕەزایی خەڵكەوە، كە چەند ڕۆژێكە بە چڕیی بەردەوامیی هەیە.

دانا جەزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ پەرەگراف وتی "پشتیوانی كەسەكان لەلایەن كوردەوە ناكرێت لەسەر بنەمای عاتیفی بێت، دەبێـت لەسەر بنەمای كاركردن و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كوردبووبێت، عادل عەبدولمەهدی پیاوێكی میانڕەوە و تێگەیشتووە لە كێشەكان و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەدات بۆیە لەو ڕوانگەیەوە ئێمە تائێستا سیاسەتەكەی بە سیاسەتێكی باش و میانڕەوانە دەزانین و پشتیوانی دەكەین".

كابینەكەی عەبدولمەهدی، لەبەردەم فشاری زۆری خۆپیشاندەران و ژمارەیەك لەلایەنە سیاسییەكاندایە تا دەستلەكار بكێشنەوە، لە نێویاندا موقتەدا سەدر و ڕەوتەكەی.

بەرزبونەوەی داواكاریی خۆپیشاندەران بۆ ڕۆیشتنی حكومەت، لە داواكاری خزمەتگوزاری و هەلیكارەوە، دوابەدوای سەرهەڵدانی بارگرژییەكان بوو، كە لە مانگێكدا بەهۆیەوە نزیكەی 300 كەس كوژراون و هەزاران مەدەنی و كارمەندی ئەمنیش برینداربون.

بەبڕوای دانا جەزا، داواكاری خۆپیشاندان و ئەو كەموكوڕییانەی هەیە، مێژویان دەگەڕێتەوە بۆ 15 ساڵی ڕابردوی گەندەڵی، نەك تەنیا سەردەمی عەبدولمەهدی، كە ساڵێكی لە حوكمڕانی تەواو نەكردووە.

"پێموایە عادل عەبدولمەهدی كەسێكی زۆرباشە و عێراق دوای ئەو كەسێكی وا میانڕەوی نابێت كە بیەوێت كێشەكان چارەسەر بكات".

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دوو حكومەتی ڕابردوی عێراقدا، لەگەڵ حەیدەر عەبادی و نوری مالیكی، پەیوەندییەكانی لەوپەڕی ئاڵۆزیدا بوو.

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت، لەپاڵ داواكاری خۆپیشاندەراندا، داواكاریی ژمارەیەك لایەنیش هەیە و دەیانەوێت حكومەت بڕوخێنن.

لە ڕۆژانی ڕابردوو، كاتێك خۆپیشاندانەكان بەرەو فراوانی زیاتر دەڕۆیشت، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، كە ساڵانێكە خۆی وەك ڕابەری ناڕەزاییەكان نیشاندەدات، داوای لە عەبدولمەهدی كرد لە پەرلەمانەوە دەستلەكار بكێشێتەوە.

عەبدولمەهدی، لە نامەیەكی دورودرێژدا وەڵامی سەدری دایەوە، باسی لە ڕێكارەكانی وازهێنانی حكومەت كردووە، كە پەیوەستە بە گەیاندنی داواكاریی بۆ سەرۆك كۆمار، دواتر پێدانی ماوەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و چەندین ڕێكاری تر.

سەرۆكوەزیران پێشنیاری ڕێگایەكی كورتتر بۆ سەدر دەكات و دەڵێت "لەگەڵ برام عامری –هادی عامری ئەمینداری ڕێكخراوی بەدر- ڕێكبكەون من لە چەند ڕۆژێكدا ئەگەر نەڵێم لە چەند كاتژمێرێكدا پۆستەكە ڕادەست دەكەم".

ئەو وەڵامە بە دڵی سەدر و سیاسییەكانی تری بەرەی دژ بە حكومەت نەبوو، بۆیە هەڕەشەی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت دەكەن لەڕێی پەرلەمانەوە، دوای ئەوەی پەرلەمان بڕیاریدا لێپرسینەوە لە سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك وەزیر بكات.

میران محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسۆنی یەكێـتی لەبارەی پشتگیری عەبدولمەهدییەوە بۆ پەرەگراف وتی "ئەمە شەڕی كورد نییە، ئەمە شەڕی عەرەبەكانە لەنێوان خۆیاندا لەسەر دەسەڵات و پۆست، لەسەر ئەوەی كێ شەڕی دەرەكی بكات".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە دیوێكی تری ناڕەزاییەكان دا، "هاوڵاتیانی عێراق لە گوزەرانێكی خراپدان، لە شوێنێكی وەك مەدینە سەدری بەغداد خەڵك نان نییە بیخوات، هەرچەندە ئەم بارودۆخە بۆ كورد ڕەنگە باش نەبێت، چونكە عەبدولمەهدی بەرامبەر كورد خراپ نەبووە، بەڵام شەقامی عێراقی شتێكی تری دەوێت".

پارتی و یەكێتی، كە خاوەنی زۆرینەی كورسی كوردن لە پەرلەمانی عێراق، لە حكومەتی ناوەندیدا بە ژمارەیەك پۆست لە نێویاندا چەند وەزارەتێك بەشدارن، جگە لە پۆستی سەرۆك كۆمار.

میران محەمەد باسی لەوەكرد خۆپیشاندان و داواكارییەكانیان لە بەغدا، بەدەر نییە لە داواكاری و بابەتی سیاسی و ململانێی حیزبیش، بەڵام بە گشتی ناڕەزاییەكان دژی هەموو نوخبەی سیاسییە لە 15 ساڵی ڕابردوی عێراقدا.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی وتی "لایەنەكان ئەم بارودۆخەیان بەدڵە، هەم بۆ زەعیفكردنی لایەنەكانی ڕكابەریان و .. چەند ئەجێندایەكی تر".

هەرچەندە حكومەتی عێراقی و پەرلەمانیش زنجیرەیەك بڕیاریان دەركردووە، وەك بەدەمەوەچونی داواكاریی خۆپیشاندەران، لە نێویاندا دابەشكردنی زەوی، دامەزراندن و چەندین ئیمتیازی تر و پڕۆژە، تا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام ناڕەزایی خەڵك بەردەوامی هەیە.

"عەبدولمەهدی خێرانەبوو لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا، بەڵام كیشەی عێراق بە گۆڕینی دەموچاوەكان چارەسەر نابێت، دەبێت نیەتێكی جدی هەبێت بۆ چاكسازی، دەبێت حیزبە سیاسییەكان بڕیاربدەن واز لە پارەی ئەم وڵاتە بهێنن كە بەشی زۆری لە پڕۆژەكاندا بەفیڕۆدەچێت و هەریەكەی دراوە بە حیزبێك" میران محەمەد وادەڵێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین پرسی بە هەڵپەسێردراوی لەگەڵ بەغدا یەكلایی نەبووەتەوە، خەریكە هەمواركردنەوەی دەستوریشی بۆ زیاد دەبێت، كە پەرلەمانی عێراق لیژنەی بۆ پێكهێناوە.

لە دوایین كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت جەختیكردۆتەوە "پشتگیریی لە سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی دەكەین بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان".

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران پێشیوایە تێكچوونی بارودۆخی عێراق، لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی نییە.