بایكۆت كاری خۆی كرد؛ فرۆشی كاڵای توركی لە هەندێك شوێن بۆ نیوە دابەزیوە

11-11-2019 06:46
هەڵمەتی (دەنگی نیشتیمان) داوای بایكۆتی كاڵای توركیی دەكات.


پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

هەڵمەتی بایكۆتی شمەكی توركی، تادێت خەڵكی زیاتر بۆ خۆی ڕادەكێشێت و بە كردارییش خەریكە دەرئەنجامەكانی دەردەكەون، بەوپێیەی لە هەندێك شوێن فرۆشی كاڵای ئەو وڵاتەی بۆ نیوە كەمكردۆتەوە.

ئەو هەڵمەتە كە مانگێكە بەردەوامیی هەیە و لە فراوانبونیشدایە، هاوكات بوو لەگەڵ شەڕی توركیا دژ بە ڕۆژئاوای كوردستان لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "كانی ئاشتی" و بە پاساوی دورخستنەوەی یەپەگە، لە كاتێكدا سەدان مەدەنی بونەتە قوربانیی و هەزارانی تر ئاوارەبون.

محەمەد عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری هەفتە بازاڕی گەورەی چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، بۆ پەرەگراف باسی لە كاریگەرییەكانی بایكۆت كرد و وتی "لەوكاتەوە كڕیاری بابەتە توركییەكان لەلای ئێمە بۆ سەدا 50 كەمیكردووە".

لە هەفتە بازاڕەكەی ئەواندا نزیكەی 20 هەزار جۆر كاڵا هەیە، لەوەشدا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ 250 كۆمپانیای جیاجیا دەكەن، "ئەوەی خوێندەواری هەبێت سەیری بابەتەكان دەكات و خۆی لە كاڵای توركی دەپارێزێت".

محەمەد دەڵێت، لەژێر كاریگەری ئەو بایكۆتەدا ئەوانیش پەیوەندییان بە كۆمپانیاكانی تری دەرەوەی توركیاوە كردووەو دۆخەكەیان لەگەڵدا تاوتوێ كردوون.

بیرۆكەی بایكۆتی شمەكی توركی لە هەرێم، كە بازاڕێكی‌ سەرەكییە بۆ ئەو وڵاتە، لەڕێی چەند گەنجێكەوە گەڵاڵە بووە و گروپێكیش بۆ كۆكردنەوەی هاوهەڵوێستانی ئەو هەنگاوە لە فەیسبوك كراوەتەوە و ئێستا زیاتر لە 300 هەزار ئەندامی هەیە، جگە لە چەندین گروپ و پەیجی تر بۆ هاندانی بایكۆت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، دواتریش هونەرمەندو كەسایەتییە دیارەكانی سلێمانی هەڵمەتی "دەنگی نیشتیمان"یان ڕاگەیاند بۆ هەمان مەبەست.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، بەشێك لە كڕیارانی كورد، لە نێو ماركێت و بازاڕدا بە شوێن جێگرەوەی كاڵای توركیدا دەگەڕێن، لەوانە بەرهەمی ئێران و وڵاتانی عەرەبی.

دانا سلێمان، ئەندامی یەكێكە لە گروپەكانی بایكۆت، لە فەیسبوك بۆ كۆمپانیایەك كە كاڵای توركیی هاوردە دەكات، نوسیویەتی "تۆ یەكێكیت لە سپۆنسەرەكانی جینۆسایدی كورد بۆیە بەهەموو شێوەیەك بایكۆتت دەكەین".

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان توركیا و عێراق بە گشتی، كە بەشێكی زۆری بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانە، دەگاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی هەرسێ لایەنی توركی، عێراقی و هەرێم.

ئامانجی سەرەكی هەڵمەتەكە وشككردن یان كەمكردنەوەی قەبارەی ئەو بازرگانییەیە لەگەڵ توركیا، كە زیاترە لە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە و بەو پارەیەش شەڕی هاوشێوەی ڕۆژئاوای كوردستانی پێدەكات.

گوڵاڵە عەزیز، یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی بایكۆتی كاڵای توركی كردووە و دەڵێت، پارە نادەن بە وڵاتێك بیدات بە چەك بۆ كوشتنی هاوزمانەكانیان لە ڕۆژئاوای كوردستان.

"مانگانە بە بەهای 160 هەزار دینار كەلوپەلی توركی وەك برنج و ڕۆن و پاككەرەوە و شیر و دایبی منداڵ دەكڕین، بەڵام لە ئێستادا بڕیاری بایكۆتمان داوە. تا بەدیلی توركیی هەبێت بەدەوری كاڵای توركیدا ناچین ، ئەگەر هەر بەدیلیشی نەبێت و بزانین زۆر پێویست نییە ئەوا هەر نایكڕین" گوڵاڵە بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو هانی خەڵك دەدات پابەندی بایكۆت بن، ئەوەش تەنیا هەندێك كات یان پارەیەكی زیاتری دەوێت، تا بە دوای كاڵای تردا بگەڕێن و ئەوكات ئاسودەش دەبن كە پارە نادەنە وڵاتێك تا منداڵانی كورد تۆپباران و هاوڵاتیان كۆمەڵكوژ بكات.

لە چالاكییەكانی هەڵمەتی بایكۆتی شمەكی توركیدا، زۆر كەس چیرۆكی خۆی لە بایكۆتی خۆراك، پێداویستی نێوماڵ و خواردەمەنی باسدەكات، بەشێكیشیان جێگرەوە و بەرهەمی كوردی دادەنێن، تا خەڵك بیكڕن.

"هاوڵاتیان بەدوای بەدیلدا دەگەڕێن و لە زەیتی توركی دوركەوتونەتەوە، لەكاتێكدا پێشتر زەیتی توركی زۆرترین فرۆشی هەبوو، ئێستا زەیتی فینال و مەرجان و عافیە و تەكسان دەكڕن، ئەگەرچی برنجەكان بەدیلیان كەمترە، بەڵام ئەویش هەر بایكۆت كراوە" بەوتەی محەمەد عەبدولكەریم.

بەڕێوەبەری ئەو هەفتەبازاڕە نمونەی ئەوەی هێنایەوە تەنیا لە كۆمپانیایەكی توركی هەفتانە بە بەهای سێ هەزار دۆلار شمەكی وەرگرتووە، بەڵام ئێستا ئەو بڕە كەمبۆتەوە بۆ 700 دۆلار.

هەڵمەتی بایكۆتی كاڵای توركی، پێشتر و لە چەند ڕوداوێكی تردا هەبووە و درێژەی نەكێشاوە، بەڵام هیچ كاتێك وەك ئێستا بەرفراوان و بەردەوامیی نەبووە.

"سێشەممەی ڕابردوو ستافی كۆمپانیایەكی توركی چونەتە گەڕەكی قادركەرەمییەكان لە ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ، كە زۆرینەی دانیشتوانی كەسوكاری ئەنفالكراوانن و دەگاتە نزیكەی 20 هەزار كەس، هەرچەندە دەیان ماركێت و دوكانی تێدایە، بەڵام تەنیا پێنج كیسە تایتی غەسالەیان بۆ ساغكراوەتەوە لە كاتێكدا پێشتر چەندین تەن تایتیان لەوێ دەفرۆشت" خاوەنی ماركێتێكی ئەو گەڕەكە وادەڵێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دەروازەی سەرەكی لەگەڵ توركیادا هەیە، هەرچەندە نیگەرانی بەرانبەر شەڕی ڕۆژئاوای كوردستان نیشانداوە، بەڵام هیچ هەڵوێستێكی لەسەر مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە و داواكاریی بایكۆت نەبووە.

هاوكار جوتیار، گەنجێكی پاڵپشتیكاری بایكۆتی توركییە و لە گروپێكی هەڵمەتەكەدا نوسیویەتی "شۆڕشگێڕانی بایكۆت وەكو ئاگر بە گژ دژە بایكۆتەكاندا بچنەوە، پەیامی شۆڕشەكەمان هەموو جیهانی تەنیووە و بەردەوامین بە كردار و گوفتار كاڵای توركی بایكۆت بكەن و پەرە بە بەرهەمی ناوخۆیی بدەن بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ گەنجەكانمان بڕەخسێت".

هاوكات لەگەڵ ئەو بایكۆتەدا كە كەرتی گەشتیاریشی گرتۆتەوە، لەسەر ئاستی جیهان كاردانەوەكان دژی شەڕی توركیا و گروپە چەكدارییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامی هەیە، كە چەندین سزای دژی ئەنقەرە لێكەوتەوە، لە نێویاندا ڕاگرتنی فرۆشتنی چەك بەو وڵاتە.